لەهێرشێکی ئیسڕائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک لەغەززە، لانیکەم 30 کەس کوژران
  2024-07-27       167       


وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لەکەرتی غەززە ڕایگەیاند، لەهێرشێکی ئیسڕائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک لەغەززە، لانیکەم 30 کەس کوژراون، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق-یش داوای له‌ وڵاتانی جیهان ده‌كات به‌توندی له‌دژی "ئه‌و كرده‌وه‌ تاوانكاریانه‌ بوه‌ستنه‌وه‌."

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لەکەرتی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر قوتابخانەیەک لەدەیرلبەلەحی ناوەڕاستی غەززە لانیکەم 30 فەلەستینی کوژراون‌و زیاتر له‌ 100 كه‌سی‌ دیكه‌ش برینداربون.

دوای‌ هێرشه‌كه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی به‌ئامانجگرتنی قوتابخانه‌كه‌ی‌ كردو ڕایگه‌یاند، “ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ درێژه‌پێده‌ری ئه‌و دوژمنایه‌تی و تاوانانه‌یه‌ كه‌ قه‌واره‌ی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بێ دیفاع ئه‌نجامیان ده‌دات"، جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت به‌رپرسیارێتی یاسایی و ئه‌خلاقی خۆی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت بۆ وه‌ستاندنی به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیل له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ شه‌ڕانگێزه‌كانی، له‌كاتێكدا بڕیارنامه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پشتگوێده‌خات".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌شڵێت، پێویسته‌ هه‌مو وڵاتان "به‌توندی له‌دژی ئه‌م كرده‌وه‌ تاوانكاریانه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازیه‌ بوه‌ستنه‌وه‌، له‌كۆڕو كۆڕبه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌جددی كاربكه‌ن بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئیسرائیل به‌ئامانجی وه‌ستاندنی پێشێلكارییه‌كانی و پابه‌ندبون به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ سوپای ئیسڕائیل ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ هێرشه‌كه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی لەناو بینای قوتابخانەی خەدیجەی ناوەڕاستی غەززە کردووەتە ئامانج".

وتیسی، قوتابخانەکە وەکو حەشارگەیەکی چەک بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسڕائیل بەکارهێندراوە.

رۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2023، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ هێرشێكی‌ له‌ناكاوی‌ كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌دیل گرت.

له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل جه‌نگێكی‌ كراوه‌ی‌ درێژمه‌ودای‌ دژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ده‌ستپێكردو نزیكه‌ی‌ 10 مانگه‌ له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه‌ هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، له‌و ماوه‌یه‌داو تائێستا زیاتر له‌ 40 هه‌زار كه‌س كوژراون‌و نزیكه‌ی‌ 100 هه‌زار كه‌سی‌ دیكه‌ش برینداربون.

لە 24ی 11ی 2023 بەنێوەندگیری قەتەر، ئاگربەستێكی‌ حه‌وت ڕۆژی‌ لەنێوان ئیسرائیل‌و حەماس راگەیەندراو زیاتر لە 400 بارمتەی‌ ئیسرائیلی‌‌و زیندانی فەڵەستینی ئازادكران‌و ئاڵوگۆڕیانپێكرا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×