بەگوێرەی دوایین راپرسی کە بۆچوونی دەنگدەرانی ئەمریکای لەبارەی کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ وەرگرتووە، بەجیاوازییەکی کەم کامالا هاریس پێش دۆناڵد ترەمپ کەوتووە.
راپرسییەکە لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرز و دامەزراوەی ئیپسۆسی ئەمریکى ئەنجامدراوە و تیایدا دەرکەوتووە، کامالا هاریس 44%ـی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا دۆناڵ ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان 42%ـی دەنگی بەشداربووانی مسۆگەر کردووە.
پێشتر لە راپرسییەکانی ئەم دوو دامەزراوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ لە پێش جۆبایدنەوە بووە، بەڵام کشانەوەی بایدن و پشتیوانیکردنی سەرکردەی دیموکراتەکان هاوکێشەکەی گۆڕیوە.
لەیەکەم بانگەشەی دوای کشانەوەی بایدن، کامالا هاریس رایگەیاند، لەو ماوە کەمەی دوای کشانەوەی بایدن ریکۆردی کۆکردنەوەی زۆرترین هاوکاریی داراییان شکاندووە و تادێت پشتیوانییەکان زیاتردەبن.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریسی جێگری دەربڕی.