جاوید رەحمان، بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكدا داوا دەكات لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بكرێت لەبارەی ئەو "زنجیرە تاوانانە"ی كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردودا بۆ سەركەوتكردن و لەناوبردنی نەیارانی سیاسی، ئەنجامی داون لەوانە لەناوبردن و سەركوتكردنی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
ئاوێنە: جاوید رەحمان، لە راپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویكردۆتەوە، جەختی كردۆتەوە كە "نابێت رێگە بدرێت دەوڵەتی ئێران و رابەرەكانی لە تاوانەكانیان بەرامبەر مرۆڤایەتی و كۆمەڵكوژییەكان دەربازییان بێت."
بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە "بەچاوپۆشین لەوەی كە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە چ سەردەمێكدا ئەنجام دراون، نابێت بەدەر بكرێن لە لێپێچینەوە."
جاوید رەحمان لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بە چەندین بەڵگە داوە لەبارەی "كۆمەڵكوژی" و "تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی" لە دەیەی هەشتاكانی سەدەی رابردودا لە ئێران لەنێویاندا سەركەوتكردن و لەناوبردنی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەهاییەكان و ئەو ژمارە زۆرەی زیندانیانی سیاسی كە لە ساڵی 1988 لەسێدارەدران.
لە هاوینی ساڵی 1988 بە فەرمانی ئەیەتوڵا خومەینی، رابەری ئەو كاتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەزاران زیندانی سیاسی لەوانە چەپەكان و ئەندامانی رێكخراوی موجادین لە چەند دادگاییكردنێكی چەند خولەكیدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراو حكومەت تەرمی ئەو كەسانەی بەنهێنی و لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بەخاكسپاردن.
جاوید رەحمان لە راپۆرتەكەیدا، شاردنەوەی چارەنوسی هەزاران نەیاری سیاسی و ونكردنی شوێنی بەخاكسپاردنی تەرمەكانیان وەك "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" و "بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێیانە" ناوبردوە.
جاوید رەحمان وتویەتی "من بینیومە كە كەموكوڕی لە جێبەجێكردنی دادپەروەری و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی چ كاریگەرییەكی لەسەر خێزانی قوربانییەكان و دۆخی ئێستای مافەكانی مرۆڤ لە ئێران هەبوە."
بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كە شەش ساڵە لەو پۆستەدا كاردەكات، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتەكەی لەو ماوەیەدا دیداری لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكان و پاشماوەی ئەوانەی رزگاریان بوە، هەبوەو هەروەها پشتیشی بە بەڵگەكانی دیكە لەوانە بەڵگە رەسمییەكانی دەوڵەتی ئێران و بەڵگەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بەستوە.
راپۆرتەكە لەكاتێكدایە كە بڕیارە پاش هەفتەیەكی دیكە جاوید رەحمان پۆستەكەی وەك بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، بۆ كەسێكی دیكە بەجێبهێڵێت، وتویەتی، لەماوەی شەش ساڵی كاركردنیدا لەو پۆستە، دەسەڵاتدارانی ئێران هاوكاری نەبون.