لە سکۆتلەندا یادی شەھید سۆران مامە حەمە بەرز ڕاگیرا
  2024-07-22       450       
شوێنی یادەکە: سکۆتلەندا - شاری گڵاسگۆ / فۆتۆ: ئەحمەد کەوسەر  - فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانی

رۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١/٧/۲۰۲٤، ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ھەریەک لە شارەکانی (لەندەن، گڵاسگۆ، بێرمینگھام، مانچستەر و نیوکاسڵ) خۆپیشاندانێکی سازکرد بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکەمین شەھیدی قەڵەم، سۆرانی مامە حەمە.

 
ئاوێنە: یادەکە لەژێر ناونیشانی (سۆران وەک یەکەمین شەھیدی قەڵەم)، لە کاتژمێر ۱:٠٠ پاشنیوەڕۆ لە شارەکانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کوردانی دانیشتووی بەریتانیا دەستیپێکرد. تیایدا وتاری بنەماڵەی شەھید سۆران، وتاری ڕێکخراو بە ھەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی، کورتەیەک لە ژیانی شەھید سۆران و چەندان چالاکیی تر، لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵی ڕێز و وەفا لەسەر وێنەی شەھید، یادەکە بەرز ڕاگیرا.

لە یادەکەدا شەرمەزاری ئەو کردە تیرۆریستییە کرا کە لەلایەن بکوژانی دەنگی ئازادەوە پێی ھەستان و ڕووی تاریکخوازی خۆیان بۆ ھەموو دنیا بەیانکرد.

سەنگەر ئیبراھیم حوسێن، ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە لە ھەرێمی سکۆتلەندا بە "ئاوێنە"ی وت "سۆران مامە حەمە ڕۆژنامەوان و شاعیرێکی بوێر و کارامەبوو، دژی گەندەڵی و نادادپەروەری بوو، ھەوڵی بۆ ژیانێکی باشتر و حوکمڕانییەکی تەندرووست بوو؛ بۆیە ئێمەش وەک وەفایەک یادی ئەم ڕۆژنامەنووسەمان بەرز ڕاگرت. ئەو لەپێناو ئێمەدا گیانی خۆی دانا، بۆیە گرنگە ھەردەم یادی سۆران و ھەموو ھاوڕێگایانی سۆران بەرز ڕابگرین و دژی بکوژانی دەنگی ئازاد بوەستینەوە،شەھید سۆران و ھاوڕێکانی لە رێبازی شەھیدانی قەڵەم، سەرجەم شەھیدانی راستەقینەی نەتەوەکەمان، سەرماییەی نیشتیمانی ئەم گەلەن."

وتیشی "سۆران تەنھا بیست و سێ بەھار تەمەنی بوو لە شارێکی داگیرکراو و بە فیکرێکی پڕ ئەزموونەوە ئاوێنەی خستە بەردەم ڕووی گەندەڵیی و ستەمکاریی دەسەڵات، پێی گوتن ئەوە ڕووی ڕاستی ئێوەیە!  بۆیە ھەرزوو ویستیان ئەو دەنگە ئازادە کپ بکەن. سەرەتا بە ھەڕەشەکردن کە چەندان جار خۆی باسی زەنگی کوشتنی کرد، بەڵام لە وڵاتێکدا کە ھیچ دەزگایەکی ئەمنیی نیشتیمانیی بوونی نییە نازانی ھانا بۆ کوێ ببەیت! دواتر زەنگەکە بوو بە ڕاستی و لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شۆڕیجەی کەرکوک تیرۆر کرا. ڕاستە بە فیزیکی سۆرانتان شەھید کرد بەڵام ڕێگە و ڕێبازەکەی سۆران بۆ ھەمیشە بەردەوامە.. سۆران بۆ ھەمیشە مۆتەکەی گیانتان دەبێ! کەیسی ڕۆژنامەنوسانی گیانبەختکردوو،کەیسی ھەموو ئازادیخوازانە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×