ترەمپ: شكستپێهێنانی هاریس ئاسانتر دەبێت لە بایدن
  2024-07-21       357       

دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی خۆی لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاندو پێشنیاری كرد كامالا هاریس-ی جێگری ببێتە كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنەكە، دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان رایگەیاند، شكستپێهێنانی هاریس ئاسانتر دەبێت لە بایدن.

ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمشەو یەكشەممە، كشانەوەی خۆی لە كاندیدبونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا راگەیاندو دواتر لە هەژماری خۆی لە ئێكس وتی، پشتیوانی و پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ كاندیدكردنی كامالا هاریس دەردەبڕم كە بكرێتە كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئێستا كاتی ئەوەیە پێكەوە كاربكەین و شكست بە ترەمپ بهێنین.

لەبەرامبەر كشانەوەی بایدن، دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێكدا وتی"جۆ بایدنی فێڵباز شیاوی كاندیدكردن نەبو بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا… ئەو تەنیا بە درۆ و هەواڵی ساختە بوە سەرۆكی ئەمریكا… هەمو ئەوانەی لە چواردەور ئەون لەنێویشیاندا پزیشكەكەی و دەزگاكانی راگەیاندن، دەیانزانی كە توانای ئەوەی نییە ببێتە سەرۆك و پێشتریش هەر توانای نەبو."

ترەمپ وتیشی"بەهۆی سەرۆكایەتی بایدنەوە زۆرمان چەشت، بەڵام زۆر بەخێرایی ئەو زیانانە چارەسەردەكەین كە ئەو هۆكارییان بو."

ترەمپ هاوكات لە لێدوانێكدا بۆ سی ئێن ئێن وتی"بایدن خراپترین سەرۆك بوە لە مێژوی ئەمریكادا."

لەبارەی پشتیوانیكردنی بایدن لە كامالا هاریس بۆ كاندیدبونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا وەك كاندیدی دیموكراتەكان، ترەمپ بە سی ئێن ئێنی وت، پێی وایە شكستپێهێنانی هاریس ئاسانتر دەبێت لە شكستپێهێنانی بایدن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×