ئەردۆغان دەڵێت: ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە بەرژەوەندی توركیا دەبێت
  2024-07-21       284       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پێی وایە ئەو گۆڕانكارییانەی كە چاوەڕێ دەكرێت بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی نۆڤەرمبەری ئەمریكاوە روبدەن، لە بەرژەوەندی كەرتی پیشەسازیی بەرگریی توركیادا دەبن.

ئاوێنە: بەگوێرەی میدیای رەسمی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە قوبرسەوە بۆ وڵاتەكەی لەنێو فڕۆكەكەی لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان داوە.

ئەردۆغان لەبارەی كاریگەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەسەر كەرتی پیشەسازیی سەربازیی توركیا وتویەتی"پێمانوایە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا رۆڵێ یەكلاكەرەوەی دەبێت لەم پرسەدا. ئێمە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا سەیردەكەین بزانین چ هەنگاوێك دەگیرێتەبەر، بەڵام پێمانوایە ئەنجامەكان لە بەرژەوەندی توركیا دەبن."

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەوەش لەكاتێكدایە كە سزاكانی پێشوی ئەمریكاو بەشێك لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە پەیوەست بە چەكەوە لەسەر توركیا، وایكرد ئەنقەرە خۆی هەوڵی پەرەپێدانی كەرتی سەربازی خۆی بدات، لەنێویشیاندا پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و كەشتی و فڕۆكەی جەنگی.

ئەردۆغان وتویەتی، چەند وڵاتێكی رۆژئاوا داواكارییان پێشكەش كردوە بۆ كڕینی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی. بەڵام ناوی هیچ یەك لەو وڵاتانەی نەهێنا.

بەگوێرەی هەندێك لە راپرسییەكان، دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە پێش جۆ بایدن كاندیدی ئێستای دیموكراتەكانە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا كە بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

لەگەڵ ئەوەی دەوترێت ئەردۆغان پەیوەندی شەخسی باشی لەگەڵ ترەپ هەیە، بەڵام لەو كاتەی ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بو، ئیدارەكەی لەساڵی 2020دا سزای بەسەر دەستەی كڕینی بەرگریی توركیادا سەپاند بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی روسی لەلایەن ئەنقەرەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×