دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی میشیگان رایگەیاند، ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکابووایە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل رووینەدەدا و لەرێگەی هێزەوە ئاشتیی دەگەڕێنێتەوە
ئاوێنە: لەمیانەی گوتارێکیدا دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، لەناوخۆی پارتی دیموکراتەکاندا، هەوڵێک هەیە بۆ گۆڕینی جۆ بایدن، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، نانسی بیلۆسی، سەرۆکی پێشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێی وایە کە بایدن ناتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لێ بباتەوە.
لەبارەی تواناکانی بایدنەوە، ترەمپ رەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، ئەو ناتوانێت رووبەرووی سەرکردەکانی رووسیا و چین ببێتەوە.
ترەمپ رەخنەی توندی ئاراستەی سەرکردەکانی دیموکراتەکان گرت و رایگەیاند، ئەوان پێی دەڵێن کە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا مەترسی بۆسەر دیموکراسی دروست دەکات لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو، لەپێناو دیموکراسیدا گولەیەکم ئاڕاستەکرا.
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەمیانەی گوتارەکەیدا بەڵێنیدا ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا گەورەترین هەڵمەتی ناردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان لە وڵاتەکەیدا دەستپێدەکات.
لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دۆناڵد ترەمپ ئەوەی دووپات کردەوە، ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە هەرگیز هێرش بۆسەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم رووی نەدەدا و بەڵینیدا کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و جەختی کردەوە کە لەرێگەی هێزەوە ئاشتیی دەگەڕێنێتەوە.