ئەو كێشە تەكنیكییەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دیاریكرا كە بوە هۆی راگرتنی كارەكانی چەندین فڕۆكەخانەو دامەزراوە
  2024-07-19       277       

ئەو كێشە تەكنیكییەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان كە بوە هۆی راگرتنی كارەكانی چەندین فڕۆكەخانەو دامەزراوە لەسەر ئاستی جیهان، دیاریكرا. كۆمپانیای كراودسترایك دەڵێت، كێشەكە بەهۆی ئەپدەیتێكەوە بوەو هێرشی ئەلیكترۆنی و ئەمنی نەبوە.

ئاوێنە: كۆمپانیای مایكرۆسۆف لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئاگاداری بونی كێشەیەكین لەو ئامێرانەی كە ویندۆزیان لەسەرە ئەوەش بەهۆی ئەپدەیتێك بوە لە پلاتفۆرمی بەرنامەیەك كە خاوەندارێتییەكەی بۆ ئێمە ناگەڕێتەوە.

مایكرۆسۆفت وتوشیەتی، چارەسەری كێشەكە نزیكە.

هاوكات كۆمپانیای كراودسترایك، كە كۆمپانیایەكی ئەمریكییە بۆ تەكنەلۆژیای سكیوریتیی ئەلیكترۆنی راگەیەندراوێكی لەبارەی كێشەكەوە بڵاوكردەوە. 

جۆرج كورتز، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی، كراودسترایك بەوپەڕی توانای لە كاردایە لەگەڵ ئەو لایەنەنانەی كە كێشەكە كاریگەری لەسەریان هەبوەو كێشەكەش بەهۆی ئەپدەیتێك بوە لە بەرنامەیەكی سكیوریتی كۆمپانیاكەیان لە سەر ئەو ئامێرانەی كە بە سیستمی ویندۆز كاردەكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو ئامێرانەی بە سیستمی ماك و لینۆكس كاردەكەن كێشەیان بۆ دروست نەبوە، ئەمە روداوێكی ئەمنی یاخود هێرشێكی ئەلیكترۆنی نەبوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە "كێشەكە دیاریكراوەو چارەسەردەكرێت" و داواشی لە دامەزراوەكان كردوە كە پەیوەندییان تەنیا لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیاكەیان هەبێت لە رێگا رەسمییەكانەوەو تیمەكانیان بەتەواوەتی ئامادەن بۆ گەرەنتیكردنی سكیوریتی هاوبەشەكانیان.

بەگوێرەی میدیا ئەمریكییەكان بەهۆی كێشەكەوە، كۆمپانیای كراودسترایك، یەك لەسەر پێنجی بەهای خۆی لەدەستداوەو لە ئاڵوگۆڕە ناڕەسمییەكانی پشكدا لەسەدا 21ی بەهاكەی دابەزیوەو بەوەش مەزەندە دەكرێت كۆمپانیاكە 16 ملیار دۆلار زیانی بەركەوێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×