كێشەی تەكنیكی لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان كارەكانی چەندین فڕۆكەخانەو دامەزراوەی لە جیهان راگرت
  2024-07-19       415       

بەهۆی دروستبونی كێشەی تەكنیكی لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، كارەكانی فڕۆكەخانەكان، گەشتی چەندین كۆمپانیای فڕۆكەوانی، بانك و بۆرسەكان و میدیا گەورە جیهانییەكان راگیران.

ئاوێنە: بەهۆی دروستبونی كێشە لە سیستمی ئەلیكترۆنی لە بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان، كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی، بانكەكان، میدیاكان و بەشێك لە دامەزراوەكانی دیكە روبەڕوی كێشە بونەوە.

بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی جیهان رایانگەیاندوە كە دواكەوتن لە گەشتەكاندا دەبێت لەگەڵ راگرتنی بەشێك لە گەشتەكان.

لە ئەمریكا گەورە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لەنێویاندا كۆمپانیای یونایتدو دەلتا، گەشتەكانیان راگرتوە.

لە ئوسترالیا كێشە تەكنیكییەكە لە سیستمی ئەلیكترۆنیدا كاریگەی لەسەر فڕۆكەخانەكان، شوێنە بازرگانییەكان و كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن هەبوەو رێكخەری نیشتمانی ئاسایشی سایبەری لە ئوسترالیا وتویەتی، پچڕانێكی ئەلیكترۆنی بەرفراوان هەیە.

كۆمپانیاكانی شەمەندەفەر لە بەریتانیا ئاماژەیان بە دواكەوتن لە گەشتەكاندا كردوە.

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت خەریكی چارەسەركردنی ئەو كێشە ئەلیكترۆنییەن.

كۆمپانیای یونایتد ئێرلاینزی بەریتانی دەڵێت، كێشەكە كاریگەری لەسەر سەرجەم سیستمە ئەلیكترۆنییەكان لە جیهاندا لەنێویشیاندا بەریتانیا هەبوە، لەكاتكێدا خەریكی بەگەڕخستنەوەی سیستمەكەن، گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكان رادەگیرێن، ئەو گەشتانەی دەستیان پێكردوە بەردەوامن.

تۆڕیی بی بی سی رایگەیاندوە، بەشێك لە كەناڵەكانی لە كاركردن وەستاون و هەندێكیشیان هێشتا بەردەوام لە پەخشی راستەوخۆ. هەروەها كەناڵی سكای نیوزی بەریتانیش پەخشی راستەوخۆی راگیراوە.

بەپێی قسەی گەشتیاران لە یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی پۆڵەندا ئاگاداركراونەتەوە كە گەشتەكەیان دوادەكەوێت. 

كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمریكیش، كە گەورەترین كۆمپانیای جیهانە لەڕوی گەشتیارەوە، وتویەتی، گەشتەكانیان راگرتون و لەگەڵ كۆمپانیایەكی سكیوریتی زانیاریدا خەریكن بۆ چارەسەركردنی كێشەكە لە نزیكترین كاتدا.

هەروەها لە بەشێك لە نەخۆشخانەكانی بەریتانیا كێشە بۆ حیجزكردنی وادەی نەشتەرگەرییەكان و پشكنینە پزیشكییەكان دروست بوە.

هەرچەندە هێشتا هۆكاری كێشەكە دیاری نەكراوە، بەڵام هەندێك لە راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە كۆمپانیایەكی سكیوریتی ئینتەرنێت بەناوی "كراودسترایك" كە بەرنامەكانی ئەنتی ڤایرەس بەرهەمدەهێنێت، ئەپدەیتێكی نوێی دەركردوە كە هەڵەیەكی گەورەی تێدا بوە وایكردوە، سیستمی ویندۆز لەكاربكەوێت لەسەر كۆمپیۆتەرەكان.

لە نیوزیلەنداش فڕۆكەخانەی كرایستچەرچ رایگەیاند، كێشە لە سیستمی ئەلیكترۆنی فڕۆكەخانەكەدا دروست بوە كە ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر گەشتەكانیان.

وتەبێژی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش وتویەتی، سیستمی ئەلیكترۆنی پەرلەمان، توشی كێشە بوە.

لە بەریتانیا، زنجیرە قاوەخانەكانی گەیڵس دەڵێت، كێشەیان لە سیستمی ئەلیكترۆنی هەیە.

فڕۆكەخانەی ناریتای ژاپۆنی لە نزیك تۆكیۆی پایتەخت ئاماژەی بەوەداوە، پێنج كۆمپانیای ئەو وڵاتە روبەڕوی كێشە بونەتەوە لە سیستمە ئەلیكترۆنییەكانیاندا.

لە هیندستان، فڕۆكەخانەی دەهلی رایگەیاندوە كە هەندێك خزمەتگوزارییەكانیان بەهۆی كێشەكەوە بەشێوەیەكی كارتی كاریگەری لەسەر هەبوە.

پۆلیسی ویلایەتی ئالاسكاری ئەمریكا دەڵێت، هێڵەكانی فریاگوزاری تەلەفۆن وەستاون و ناتوانرێت پەیوەندی بە ژمارە 911ی فریاگوزاری خێراوە بكرێت.

هەروەها فڕۆكەخانەی شیڤۆڵ لە ئەمستەردام رایگەیاندوە كە گەشتەكانیان بەهۆی كێشە لە سیستمی ئەلیكترۆنی، دوادەكەون.

هەروەها بۆرسەی لەندەن رایگەیاندوە كە بەشێوەیەكی ئاسایی كاردەكات بەڵام كێشەیان لە خزمەتگوزاری سیستمی گەیاندنی هەواڵدا هەیە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×