هیومان رایتس ۆوچ لەبارەی دەرچونی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی لە ئێران دێتە دەنگ
  2024-07-18       301       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لەبارەی دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەد، ژنە چالاكوانی كرێكاران بەتۆمەتی كاری "تێكدەرانە" دژبە كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای بانگەشەی ئەوەی كە ئەندامی كۆمەڵەیە، هاتە دەنگ و دەڵێت، دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ ئەوەی بەردەوام ژنانی چالاكوان دەكەنە ئەنجام، سەركەتو و هێرشی زیاتریان بۆ سەر ژنانی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكانە. 

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی دەركردنی سزای لە سێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی، ژنە چالاكوانی كرێكاری رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران تەنیا بەوەوە ناوەستن كە چالاكوانانی ژنان دەكەنە ئەنجام، بەڵكو سەركەوتو هێرشیان بۆ سەر ژنانی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكان زیاترە. 

رێكخراوەكە راشیگەیاندوە، ئەگەر سەرۆك كۆماری نوێی ئێران دەیەوێت بەڕاستی نیشانی بدات كە نوێنەرایەتی گۆڕانكاری دەكات لە ئێران، ئەوا دەبێت بە راگرتنی ئەم سەركوتكارییە بەردەوامانەو لەنێویشیاندا راگرتنی سزادانی لەسێدارەدان، دەستپێبكات.

ئاژانسی هەواڵیی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران(هرانا) رایگەیاند، دادگا رۆژی 4ی ئەم مانگە، دەرچونی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دادگاوە بۆ شەریفە محەمەدی بە هاوسەرەكەی راگەیەندراوە.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، شەریفە محەمەدی رۆژی 5ی 12ی ساڵی رابردو، لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعات لە ماڵەكەیدا لە شاری "رەشت" دەستگیركراوە. خزمێكی نزیكی ئەو چالاكوانە بە ئاژانسەكەی وتوە، شەریفە محەمەدی تا ساڵی 2013 ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكا كرێكارییەكان بوە، ئەو ئەنجومەنە هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمەڵەوە نییە كە شەریفە بە ئەندامێتی لە كۆمەڵە تۆمەتبار كراوە.

دەرچونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو ژنە چالاكوانە كرێكارییە كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوە بەدوای خۆیدا هێناوە.

شەریفە محەمەدی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا(ورمێ) لەدایكبوەو ئەندامی كۆمیتەی هەماهەنگی بۆ زەمینەسازی دروستكردنی رێكخستنە كرێكارییەكان بو. كۆمیتەكە لە ساڵی 2005 لەلایەن چەندین چالاكوانی كوردەوە دروستكرا. 

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، دەزگا ئەمنییەكانی ئێران ئەو كۆمیتەیە بەبێ بونی هیچ بەڵگەیەك گرێ دەدەن بە كۆمەڵەوەو لەگەڵ ئەوەی دامەزرێنەران و ئەندامانی كۆمیتەكە چەندین جار دەستگیركراون و زیندانی كراون، بەڵام هیچ كامیان تۆمەتبار نەكراوە بە ئەنجامدانی "كاری تێكدەرانە دژی رژێم."

16 زیندانیی سیاسیی ژن لە زیندانی ئێڤینی تاران رۆژی 9ی ئەم مانگە لە نامەیەكدا رایانگەیاند، لە پشت شەریفە محەمەد و تەواوی ئەو كەسانە دەوەستن كە روبەڕوی سزای لەسێدارەدان بونەتەوەو وتوشیانە، شەریفە، دوای حەوت مانگ لە دەستبەسەریی كاتی، ئەشكەنجەو لێپێچینەوە، بە تۆمەتێكی بێ بنەما سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە.

هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە لەدوای ناڕەزایەتییەكانی ئێران لەژێر ناوی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی 2022، دەسەڵاتدارانی ئێران، ئێران سەركەوتكارییەكانی دژبە چالاكوانانی ژنان و داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ، توندتر كردۆتەوە كە لە 27ی مارسەوە تاوەكو ئێستا 11 چالاكوانی سیاسی و مافەكانی ژنان لەوڕوەوە بە زیندانیكردن سزادراون.

رێكخراوەكە جەختی كردۆتەوە كە كردنە ئامانجی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە سەركوتكارییەكانی دەسەڵاتدارانی ئێراندا لە ناوچەكانی وەك كوردستان و سیستان و بەلوچستان شتێكی ئاشكرایە، دو چالاكوانی سیاسی دیكەی كورد بەناوەكانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی لە تاران بە تۆمەتی ئەنجامدانی "كاری تێكدەرانە دژبە رژێم" دادگایی دەكرێن.

هیومان رایتس ۆوچ هەر لەوبارەیەوە ئاماژەی بە سزادانی ژینا مەدرسی گورجی، رۆژنامەنوس و چالاكوانی مافەكانی ژنان لە مانگی پێنجی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە كردوە كە دادگاكە سزای 21 ساڵ زیندانی و دورخستنەوەی بۆ ئەو ژنە چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەركردوە.

رێكخراوەكە وتویەتی، دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەركەوتكردنی بێ بەزەییانەی ناڕەزایەتییەكان و دەستگیركردن و رەفتاری خراپ لەگەڵ چالاكوانانی ژنان، بێ بایەخی خۆیان بۆ مافەكانی ژنان و كەمینەكان نیشان داوەو ئەوان دەبێت شەریفە محەمەدی دەستبەجێ ئازادبكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×