تەقە لەترامپ کرا، هێرشبەر کوژرا
  2024-07-14       418       

دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەکاتی بەشداریکردنی لەگردبوونەوەیەکدا لەویلایەتی پێنسیلڤانیا تەقەی لێکراو بریندار بوو، هێرشبەرەکەش کوژرا.

 

ئاوێنە: وتەبێژی نوسینگەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ رایگەیاند کە "باری تەندروستی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باشە لە بنکەیەکی تەندروستی چارەسەر دەکرێت".

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەستی ڕاستی بەرزکردووەتەوە بۆ گوێی ڕاستی کە بە خوێن داپۆشراوەو ناوچەوان‌و برۆکانی خوێناوی بوون.

هاوکات لەگرتە ڤیدیۆییەکاندا ژمارەیەک لەهێزە ئەمنییەکان دەوری دۆناڵد ترامپ-یان داوەو هەوڵی کۆنترۆڵکرانی دۆخەکە دەدەن‌و ترامپیش وەک نیشانەی خۆراگری‌و کۆڵنەدان مشتی بەرز دەکاتەوە بۆ خەڵک‌و لەگەڵ پاسەوان‌و هێزە ئەمنییەکان لەشوێنی ڕووداوەکە دوورکەوێتەوە.

 دەزگای ئاسایشی ئەمریکا ڕایگەیاند "لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووەو هەر کە زانیاری زیاترمان لەسەر ڕووداوەکە پێگەیشت بڵاویدەکەینەوە".

چەند ساتێک دوای رووداوەکە، داواکاری گشتی ویلایەتی پێنسیلڤانیا ڕایگەیاند هێرشبەرەکەو لانیکەم کەسێک کە لەگردبوونەوەکەدا ئامادەبووە کوژراون.

ڕووداوەکە لە شاری باتلەر ڕوویداوە کە ٣٠ میل لەباکووری شاری پیتسبۆرگ لەویلایەتی پێنسیلڤانیا دوورە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتی سەرەتایی لەبارەی ڕووداوەکەوە پێگەیشتووەو ئیدانەی ئەو تەقەکردنەی کردوە، بایدن وتی "خۆشحاڵم کە ترامپ سەلامەتە. دوعا بۆ ئەوو خانەوادەکەی و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون"

وتیشی "لەئەمریکادا جێگەی ئەم جۆرە توندوتیژییە نابێتەوە، پێویستە وەک نەتەوەیەک بەیەکگرتوویی ئیدانەی بکەین".

جۆ بایدن لەهەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا جارێکی دیکە ڕووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ دەبێتەوە.

کاردانەوەکان بەرامبەر ئەم ڕووداوە بەردەوامەو کەسایەتییە دیارەکانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات و هەروەها بەشێک لەسەرکردەکانی جیهان ئیدانەیان کردووە.

"ئیلۆن ماسک" خاوەنی تۆڕی ئێکس، ڤیدیۆی ساتەکانی دوای تەقەکردنەکەی بڵاوکردەوەو نووسیویەتی: من بەتەواوی پشتگیری سەرۆک ترامپ دەکەم و هیوادارم بەزووترین کات چاکبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×