"پێنج ڕۆژنامەنوسی دیکە لەکەرتی غەززە کوژران"
  2024-07-06       202       
ژنه‌ ڕۆژنامه‌نوسێك له‌ناو ئه‌و پێنج ڕۆژنامه‌نوسه‌دایه‌ كه‌ له‌ 12 كاتژمێری‌ ڕابردودا كوژراون


پێنج ڕۆژنامەنوسی دیکە لەکەرتی غەززە کوژران‌و ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌ كوژراوه‌كان كه‌ له‌ 9 مانگی‌ ڕابردودا به‌هۆی‌ هێرشه‌كانی‌ سوپای‌ ئیسرائیله‌وه‌ بۆ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ كوژراون به‌رزبوه‌وه‌ بۆ 158 ڕۆژنامەنوس.

ئاوێنه‌: نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لەغەززە ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئاماری ئەو ڕۆژنامەنوسانە بڵاوکردەوە کە لەهێرشەکانی ئیسرائیلدا لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە تا ئێستا لەکەرتی غەززە کوژراون.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لەئەنجامی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ غه‌ززه‌و لە 12 کاتژمێری ڕابردودا پێنج ڕۆژنامەنوسی دیکە کوژراون كه‌ یه‌كێكیان ژنه‌.

لەڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی كه‌ به‌هۆی‌ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە  لە 9 مانگی‌ ڕابردودا کوژراون، بەرزبوەتەوە بۆ 158 ڕۆژنامەنوس.

رۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2023، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ هێرشێكی‌ له‌ناكاوی‌ كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌دیل گرت.

له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل جه‌نگێكی‌ كراوه‌ی‌ درێژمه‌ودای‌ دژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ده‌ستپێكردو زیاتر له‌ 9 مانگه‌ له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه‌ هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵه‌ دیبلۆماسییه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ڕاگرتنی‌ شه‌ڕو ڕاگه‌یاندنی‌ ئاگربه‌ست، به‌ڵام تائێستا ئه‌و هه‌وڵانه‌ بێئه‌نجامبون، به‌پێی‌ دوایین ئاماریش، تائێستا نزیكه‌ی‌ 39 ھەزار کەس له‌كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ کوژراون‌و 100 هه‌زار كه‌سی‌ دیکەش برینداربون.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×