رۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرایكرد، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە یەکەمین هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا دەگرێتە بەر. بەرپرسێکی پارتی كرێكارانیش دەڵێت، بڕیارەکە لە بنەڕەتدا "هەڵە" بو.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی پارتی کرێکارانەوە بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بەم زوانە یەکەمین هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا دەگرێتەبەر.
تەلەگراف ئەوەشی ئاشکرا کردوە، حکومەتەکەی کییەر ستارمەر ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا بە هەڵە ناو دەبات و ڕێگریی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات.
ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا پرۆژەی پارتی پارێزگاران بو، حکومەتی بەریتانیا لە مانگی چواری 2022 لەگەڵ ڕواندا بۆ ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە ڕێککەوتبو، بەڵام نەچوە بواری جێبەجێ کردنەوە.