لە پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، ئانگێلا ڕاینەر وەکو جێگری نوێی سەرۆک وەزیران دەستنیشان دەکرێت.
ئەمڕۆ لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا لەگەڵ پاشا چاڕڵزی سێیەم لە کۆشکی بەکینگهام، کەیر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بوو بە سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا و پۆستەکەی وەرگرت.
سەرۆک وەزیری نوێی بەریتانیا کەیر ستارمەر، ئانگێلا ڕاینەری وەکو جێگری سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەدا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر پارێزگاراندا تۆمار کرد و دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتە دەست.
ڕاینەری تەمەن ٤٤ ساڵ، یەکەمین بەرپرسە کە لە کابینەکەی ستارمەردا دەستنیشان کرابێت، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند ڕاینەر بۆ ماوەیەکی کورتیش وەکو وەزیری خانووبەرە و ڕاگەیاندن کاردەکات.
دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامەکان، پارتی كرێكاران بە سەرۆكایەتیی كەیر ستارمەر ٤١٠ كورسی لە كۆی ٦٥٠ كورسی ئەنجوومەنی گشتیی بەدەستهێناوە، هاوکات پارتی پارێزگارانیش ڕێژەی کورسییەکانی لە ٣٦٥ کورسییەوە دابەزاند بۆ ١١٨ کورسی.