ئەنجومەنی هەناردەكارانی توركیا دەڵێت، زۆرترین ھەناردەی کاڵا و شتومەکی وڵاتەكەیان بۆ وڵاتانی دراوسێ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ عێراق بوە بە قەبارەی زیاتر لە پێنج ملیار و 35 ملیۆن دۆلار.
ئاوێنە: بەپێی داتاكانی ئەنجومەنی ھەناردەکارانی تورکیا، قەبارەی ھەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ ھەریەک لە ئێران، یۆنان، عێراق، جۆرجیا، سوریا و بولگاریا لە کانونی دوەمەوە تا مانگی حوەزیران، گەیشتوەتە 11 ملیار و 630 ملیۆن و 503 ھەزار دۆلار.
ئەوەش خراوەتەڕو، ھەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ ئەو وڵاتانە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 10 ملیار و 419 ملیۆن و 867 ھەزار دۆلار بوە.
بەپێی داتاكانی ئەنجومەنەكە، زۆرترین ھەناردەی کاڵا و شتومەکی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ عێراق بوە بە قەبارەی پێنج ملیار و 35 ملیۆن و 697 ھەزار دۆلار.
هێما بۆ ئەوەش كراوە كە، بەوەش کۆی گشتی داھاتی ھەناردەکردنی کاڵا و شتومەکی تورکیا بۆ وڵاتان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردو بەڕێژەی دو لەسەدا زیادی کردوە و گەیشتوەتە 125 ملیار و 446 ملیۆن دۆلار.