بەپێی میدیاكانی ئیتاڵیا، یەکێک لە رزگاربوەکانی بەلەمە ژێرئاوکەوتوەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا كە عێراقییە بە تاوانی کوشتنی کچێکی 16 ساڵان لەناو بەلەمەکەدا، دەستگیر کرا.
ئاوێنە: میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، دوای لێکۆڵینەوەکان لەلایەن پۆلیس و لەسەر سكاڵای یەكێك لە رزگاربوەكان كە دایكی كچێكی 16 ساڵا بوە، یەكێك لە رزگاربوەکانی ئەو بەلەمەی شەوی 16 لەسەر 17ـی ئەم مانگە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت، دەستگیركرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو تۆمەتبارە گەنجێكی 27 ساڵانی عێراقییەو پێش ژێرئاو کەوتنی بەلەمەکە توندوتیژی بەرامبەر کچێکی 16 ساڵ لەناو بەلەمەکەدا ئەنجامداوە و بەهەمو هێزی خۆی بەپێ لەقە چۆتە سەر سنگی كچەكەو بۆتە مایەی خنكاندن و گیانلەدەستدانی.
بەشێك لە میدیا ئیتاڵییەكان باسیان لەوە كردوە كە ئەو تۆمەتبارە پێدەچێت یەكێك بێت لە قاچاخچییەكان كە لە ئێستادا لە زیندانی كاتانزارۆ زیندانی كراوە.
لە روداوی ژێرئاوكەوتنی ئەو بەلەمەدا كە نزیكەی 70 كۆچبەری هەڵگرتبو، تاوەكو ئێستا 11 كەس رزگاریان بوە، تەرمی 36 كەس دۆزراوەتەوەو هێشتا نزیكەی 20 كەس بێسەروشوێنن و میدیای ئیتاڵییەكان دەڵێن، ئومێدی دۆزینەوەی تەرمی بێسەروشوێنەكان زۆر كەم بۆتەوە.