"نیتچە ئەو کەسە نییە ئێوە پێتان وایە"
  2024-06-16       1310       
میشێل ئۆنفڕایی - فریدریش نیتچە

 گفتوگۆ لەگەڵ "میشێل ئۆنفڕای" سەبارەت بە "فریدریش نیتچە"

 

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی

 

بە ڕوونی وەک خێرایی بروسکە دەنووسێت. پتر لە سەد کتێبی هەن و هەزاران کتێبیش لە کەللەی سەریدان. ئەو کەسە میشێل ئۆنفڕایی هەرقلی فەلسەفەیە، کوڕی باوکێکی جووتیار و دایکێکی ماڵان پاککەرەوەی خەڵکی نۆرماندییە.

بەو چەشنەی فلۆبیر حەزی دەکرد بیڵێت، قۆناغمەند و زەبەلاحە کارەکەی کە لەنێو بڕێک شتی تردا ئەم شتانەیش خۆیان دەسەپێنن: دوانزە بەرگەکەی مێژووی دژوازی فەلسەفە (١)، چوارینەی کۆزمۆس، داڕمان، دانایی لەگەڵ کتێبی سەرسوڕمێنی ئانیما کە ئەم ناونیشانە لاوەکییەیشی هەیە: "ژیان و مەرگی ڕۆح لە سەرکێشییەکانی لاسکو تا پاش مرۆڤگەرایی" (٢).

من سەرسامم، کەواتە من هەم؛ من هەمیشە پێویستم بە خۆشەویستییە وەک چۆن پێویستم بە هەناسەدانە. ئەوە شێوازی منە بۆ ژیان. سەرسوڕمان وەک خۆشەویستی وایە: بەهێز دەبێت، بەو چەشنەی سپینۆزا حەزی دەکرد بیڵێت. بە تێپەڕبوونی کات، دەستم بە سەرسامبوون بە هەندێک کەسایەتی کرد بە تەمەن لە خۆم بچووکترن، لە پزیشکان، لێکۆڵەران، پیشەوەرانی باو، بەرهەمهێنەرانی تەماتە، بەڵام هەروەها بە هەندێک نووسەریش کە لە بوارەکەی مندا هەن و لە من بەهرەمەندترن، لە نموونەی: یاسمینا ڕیزا، یاخود میشێل ئۆنفڕایی فەیلەسووف.

سەرەتا لە کۆتایی سەدەی ڕابووردوو، میشێل ئۆنفڕایم ناسی، بەڵام لەڕاستییدا تەنها پانزە ساڵێک لەمەوبەر لە نزیکەوە چاوم پێی کەوت، پاش ئەوەی چەند جارێکی دووبارە، لە ماڵەکەی لە شارۆچکەی ئارگونتان لەسەر ڕووباری لۆرن و لە شارۆچکەی شامبوا کە گوندی سەردەمی منداڵییەتی و لەنێو ئەو موڵکەدا بینیم کە لەوێ هەیەتی و خانوویەکی تێدایە. لەوێیش، لە کاتێکدا کە دواتر بە دوای یەکێک لەو وانانەیدا چووم کە لە زانکۆی کون Caen گوتییەوە، لێی تێگەیشتم کێیە؛ تەنها کەسێکی شارەزا و قووڵ نییە لە زانستدا، بەڵکو هاوکات مرۆڤێکی ڕاستەقینەیشە، کاتێک کە ئەوە سەرڕاستییە سەروکاری هەنگاوەکان دەکات. وەک دەگوترێت، کەسێکی جوان و سەرنجڕاکێشە. بە کورتی، بۆ نموونە سەبارەت بە سیاسەت، ئابووری، لیبراڵیزم، ئەوروپا و باوەڕ، بە کەمی ناکۆک دەبووین. بەڵام دەبێت ددان بەوەدا بنێم کە منیش وەک کوڕەکانم یان بەخێوکەرانم، هەمێشە لەژێر کاریگەریی ئەودا بووم، کاتێک سەبارەت بە نۆرماندی، زیندەوەرناسی یان فەلسەفە، پاڵنەرێکی زیندووکردنەوەی ڕۆحی دیۆجینیۆس، ئیپیکۆر و بە تایبەتی سەبارەت بە نیتچەی مەزن دەدوا، کاتێک گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە ئەو نیتچە چاک دەناسێت، تەنانەت لە خەڵوەتەکانیشیدا پێشتر لە ڕابووردوویەکی تا ڕادەیەک دووردا، یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی.

 

پرسیار: گومانی تێدا نییە کتێبی ئانیما کتێبی ژیانی ئێوەیە، دەتوانرێت وەک کتێبێکی نیتچەیی لێی بڕوانرێت. ئێوە بت و بۆچوونە حازربەدەست و ئامادەکانتان پایەماڵ کرد ...

میشێل ئۆنفڕای: لەڕاستییدا من هەستم کرد دیوێکی تێکدەر لە دیوەکانی تێکدانی بتەکانم هەیە، پاش ئەوەی هەندێک لەو بتانەم ورد و خاش کردن، بەڵام ئەو وردوخاشکردنە، بە شێوەیەکی بە مەبەست و ڕوون نەبوو، کاتێک دەست بە شکاندنی دەفر و قاپە گڵینەکانی فەلسەفە دەکرێت. یەکەم کتێبم لەژێر سەردێڕی "هەناوی فەلسەفە"دا بڵاوکرایەوە- ناونیشانەکە لە دانانی بڵاوکارەکە بوو- ناونیشانەکەی من ئەمە بوو: "دیۆجینیۆسی بخۆری گۆشتی مرۆڤەکان"- ئەم کتێبە زۆر بە ڕوونی ڕاهێنانێکی نیتچەییانە بوو. لەژێر کاریگەریی پێشەکیی کتێبی "زانستی شاد"دا نووسرا بوو، کە تیایدا نیتچە باسی ئەوە دەکات مرۆڤ دەستداری فەلسەفەی تایبەت بە خۆیەتی، چونکە زۆر کات فەلسەفە وەک سەرگوزشتەی نووسەرەکەی لێی دەڕوانرێت و هەموو هزرێک لەگەڵ دەسەوسانی و نائومێدی و مەینەتییەکانی نووسەرەکەیدا شێوە دەگرێت.

ئەو کات تەمەنم ٢٨ ساڵ بوو، تازە تووشی نۆرەدڵی بوو بووم، ئەو نۆرەدڵییە وای لێ کردم بە دوایدا لە ماوەی مانگێکدا دە کیلۆ لە کێشم داببەزێت، لەو ژوورەم کە لێی کەوتبووم، پسپۆڕێکی خۆراک سەردانی کردم، تاکو چەند وانەیەکم سەبارەت بە چێشتلێنان یان خواردن ئامادەکردن فێر بکات، تاکو منیش وانەکان فێری ژنەکەم بکەم (هاوژینەکەم چێشت لێ نانێت، بەردەوام هەر من چێشت لێ دەنێم)، پاشان ئەو نەخۆشییە، وەژارەئامێزە، بەو چەشنە پسپۆڕەکە بۆ ئەو ماوەیە لە ژیان کە مابووم، بەڵێنی خواردن و خۆراکێکی خەمۆکی پێ دام، ئەگەر بمەوێت لە ژیان بمێنمەوە و نەمرم! کاتێک پێی گوتم خواردنی کەرە (نڤیشک) قەدەغەیە و دەبێت ئەو ماوەیە لە تەمەن کە ماومە، بە خواردنی مارگرین بەسەر بەرم، چەشنێک لە توڕەبوون تووڕە بووم، پێی گوتم بابەتەکە پەیوەندی بە "هەمان شت"ـەوە هەیە، منیش وەڵامم دایەوە و گوتم کەواتە لەو دۆخەدا، لەبەر ئەوەی هیچ جیاوازییەکی نییە، من کەرە تەرک ناکەم! پسپۆڕەکە بە بێزاری و تووڕەییەوە بەجێی هێشتم و جارێکی تر نەمبینییەوە. بیرۆکەی کتێبی "سکی فەیلەسووفەکان"م لەوێ لە ڕێگای پێکەوە گرێدانی نیتچە و ژنێکی پسپۆڕی خۆراک لە ناوەندی چارەسەریی زانکۆیی شاری کونەوە بۆ هات.

کتێبەکە وەک وەڵامی ڕاسپێرێکی پیاو بوو بۆ ڕاسپێرێکی ژن. چونکە لەگەڵ ئەم کتێبە نوێیە و سروشتە بێدەنگەکەیدا لەسەر بەرگەکە، پتر لە پرسیارێک بۆ پێشوازیکردن لە نیتچەیزم و بێباوەڕی و ماتەریالیزم و هەستگەرایی و چێژگەرایی لە فەلسەفەدا هەیە. کارەکە بوو بە کەنارە کتێب، کاتێک ئەوە لەیاد دەکرێت کە لە ساڵی ١٩٨٩دا فەلسەفەی گڵاو کرد، بە مەبەستی دەرهێنانی لەو ئاڵۆز و بێزارگەر و خەمۆکەی کە بە شێوەیەکی باو بەو چەشنەوە گرێ دەدرێت کە لەو قۆناغەدا باڵادەست بوو. مرۆڤ نە شۆخی و نە ئامۆژگاریی تێدا بەرچاو دەکەون ...

لەدواییدا، چەندین بۆنەی تری ختوکەدانی بتەکانی: جوویزم، کریستیانیزم و ئیسلام لەنێو کتێبی ڕەتدانەوەی لاهوت، فرۆید لەنێو کتێبی ئاوابوونی بتەکان و هەژموونی فەلسەفەی خۆرئاوا لەنێو ئەو دوانزە بەرگەی مێژووی دژوازی فەلسەفە و، زانستی پەروەردە لەگەڵ نامیلکەیەکی دژوازی فەلسەفەدا هەن، بە چاوپۆشیکردن لە نامیلکە دژوازەکان و ئەو مێژووە دژوازانەی لەو کاتەوە لە کتێبخانە دەرکەوت ...

 

پرسیار: جۆری ئەو پەیوەندییە چییە کە ئێوە لەگەڵ نیتچەدا دروستی دەکەن؟ ئایا نیتچە هاوڕێیەک نییە بۆ هەموو شوێنێک دێت لەگەڵتان و، کاتێک سەرقاڵی نووسینن بە دزییەوە سەیرتان دەکات؟

میشێل ئۆنفڕای: چەندین جار لەگەڵی چووم بۆ سلس مارییا، لە ئۆنگادینای سەروو، کە کاتەکانی هاوینی لێ بەسەر دەبرد و سروشی گەڕانەوەی هەمیشەیی بۆ هات. تا ئێستایش کوچکێکی ئەو ڕۆژگارەم لەنێو جزدانێکی کۆندا لای خۆم هەڵگرتووە، لە یەکێک لەو گەڕەکانە هەڵمگرتەوە کە لە ڕۆخی بەتاڵییدا وەک کوێرێک پیاسەی تیادا دەکردن. لە کاتی ئەو یەکەم سەردانیکردنەیشدا، وێنەیەکیم بۆ خۆم پەیدا کرد، لە مۆزەخانەی ماڵەکەی فرۆشرا کە بۆی کراوە بە مۆزەخانە. لەگەڵ گەڕامەوە بۆ ئارگۆنتان، لە چوارچێوەیەکم گرت، لەو کاتەوە ئەو وێنە تایبەتەی هەر لە نووسینگەکەمدایە. لەم ساتەدا ئێستا ئەو لێرەیە، لە پشت سەرمەوەیە، وەک بلیمەتێکی ڕاسپێر. وێڕای ئەوە، ڕاسپێرێکی هەڵکەوتوویشە، وەک کەسێک کە دەنووسێت و دەڵێت مامۆستای چاک ئەو مامۆستایەیە کە فێری ئەوەمان دەکات لە دەستی ڕزگارمان ببێت!

هەروەها گوتی بۆ هەڵگرتنی شوێن پێی ئەو، پێویستە مرۆڤ شوێن پێی خۆی هەڵبگرێت. ئەو مرۆڤەی کە لەنێو زەردەشت وەها دوادا جەخت لەسەر ئەوە دەکات "پێویستە مرۆڤ ئازادی دابهێنێت"- ئەمە پڕۆگرامی بوونگەراییی تەواوی درێژایی ژیانێکە و، پڕۆگرامی منیشە – نیتچە مامۆستایەکی خۆسەپێن نییە، سەرمەشقە، وەک لە تەواوی فەلسەفەی دێریندا، کە فەلسەفەکاری درێژدادڕی یان هەڵەوەڕی یان نووسینی کتێبی فەلسەفە نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو کە مرۆڤ ژیانێکی فەلسەفی و ژیانێکی گونجاو و تەبا لەگەڵ خودی خۆیدا بژی. نیتچە ستایشی چاکەیەکی کردووە بە دەگمەن لەبارەیەوە قسە دەکرێت، ئاشناییەکی کەم و ئاستەممان لەبارەیەوە هەیە، یاخود ئاشناییمان لەبارەیەوە هەر نییە، وێڕای دژواریی ناوەکە، کە سەرڕاستییە و کە ڕاستگۆیی بەدگومانە. کۆششە لەپێناو بەسەربردنی ژیانێکی بێگەرد، ئەوەیە ئەو شتەی کە من بۆ خۆمم دەست پێوە گرتووە.

 

پرسیار: ئایا لە کاتی بوونتان لە ژینگەیەکی سروشتییدا، لە شارۆچکەکەتان لە شامبوا، کاتێک لە نووکی ئەو گژوگیایە دەڕوانن کە گوێ بۆ خواستی خوڵقێنەری خۆی ڕادەدێرێت کە ئەو داوای لێ دەکات بە ئامانجی گەڕان بە دوای خۆردا بژی، بیر لە نیتچە دەکەنەوە؟

میشێل ئۆنفڕای: بە دیاریکراوی بیر لەو ناکەمەوە، بەڵام بە چەشنێکی هاوشێوە لە سروشتی شامبوا ناڕوانم، ئەگەر نەیخوێنمەوە! من تەمەنێک لە منداڵی لەنێو سروشتدا و، لەسەر ڕێتمی سروشت و، لەگەڵ ئەو وانانەدا کە ڕووبار دەیانبەخشێت، کە لە گوند دەپەڕێتەوە، لەگەڵ شۆرگە و، وەرزەکان و پاتبوونەوەیان، ئیش و کارەکان لەنێو کێڵگەکاندا لەگەڵ باوکم، ژیاوم. ناسینی کێڵگەکان، خەریکە بڵێم وەک نووسین، ئەزموونێکی بنەڕەتیی بوونگەراییە، لەپێناو سازکردنی فەیلەسووفێک لە فەیلەسووفەکان! بەهار چرکەساتێکی پڕ لە ژاوەژاو و، دڵڕفێن و، سەرسوڕمێن و ئاڵۆزە.

لە ساڵەکەدا چرکەساتێک هەیە- کاتێک نووسینگەکەم بەجێ دە‌هێڵم، هەربینا لە سروشتدا خۆم دەبینمەوە، شنەبایەک هەیە فێرم دەکات ئەو شتەی بەهار دروست دەکات لێرەدایە: چەشنێکە لە ویستی هێزی پەتی، کە چنراو و چێژێک بۆ خۆی بۆ سروشت و چێژێک لەنێو سروشتدا دروست دەکات. ئەو هێزە هێزی ڕووناکییە و، ڕەنگە گوشاری سروشتیش بێت، شتێکە دەرک بە پاشماوەکانی ئاژەڵی نێو ناخم دەکات و، پێم دەڵێت وەرزی ژیان بە دوای وەرزی سڕی و ماتیی سروشتدا دێت. شیرەگیا هەڵدەکشێت، چرۆ و پاشان گەڵا و بەروبووم و هتد ... دەدات. زیندەوەرەکان کە چووبوونە نێو دۆخی سڕبوونێکی زستانەوە، لە حەشارگەکانیان دێنە دەرەوە، جریوە و چریکەی باڵندەکان، وەک یەکەم سپێدە لە سپێدەکانی جیهان دەدرەوشێتەوە و، پێدەچێت ئێستا هەموو شتێک لە لەرینەوەدا بێت و، وەک منیش کە لە هەمان چنراوی هەموو ئەوانە، واتە لە ویستی هێز، خوڵقاوم، بەڵگەنەویستە کە منیش دیسان ئەو چێژە سەرەتایی یەکەمجار و بتپەرستانەیە بە خۆوە ببینم.

 

پرسیار: نیتچە لە چ چەشنە مرۆڤێک بوو؟ ئێوە تێبینیی ئەوە دەکەن کە لە نێوان ئێوە و ئەودا چەند سیمایەکی هاوبەش هەن؟ ئێوەیش وەک ئەو حەز بە دەمەقاڵێی فەلسەفی دەکەن ...

میشێل ئۆنفڕای: کتێبێکی کۆن هەیە، بە بڕوای من لە سەرگوزشتە تایبەتەکانی نیتچە، لە شتێفان تزڤایگ-ـەوە بۆ کورت پاوڵ یانتس بە تێپەڕبوون بە دانیێل هالێڤی- دا، گرنگترە، ئەو کتێبە کتێبی نیتچە لەبەردەم هاوسەردەمانیدا-یە (لە ساڵی١٩٥٩دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە)، چونکە نیتچە وەک کەسێکی نیان و نەرم و خزمەتکار هەستیار و کەشخە دەخاتە ڕوو، لەگەڵ کەشخەییەکی ئاکاریی لە ڕووی هەراسان نەکردنی ئەوی ترەوە بە هۆی ئازار و مەینەتی و پەژارە و ئێشەکانی خۆیەوە.

خوێندنەوەی ئەو نامانەی لەگەڵ کەسانی تر گۆڕیونێتییەوە، مرۆڤ دووچاری نیگەرانی دەکات، لەبەر ئەوەی زۆر گرفتار بووە! بوومەلەرزەپێوی هەر ڕووداوێک بووە کە ڕووی داوە؛ گوێگرتن لە مۆسیقا لە گەڕەکێک لە گەرەکەکانی بندوقییە، کاتێک لەوێ لە ماڵی پیتەر گاست- ی هاوڕێی دەبێت، وای لێ دەکات سێ ڕۆژ بنووێت، تووشی ژانی نیوە سەری تۆقێنەر و پەژارەیەکی دەکات دەیڕشێنێتەوە، پاشان دەیباتە نێو ژمارەیەک ئازاری نادیارەوە، دوور نییە بە درێژایی بەشێک لە هەفتەکە بەندکراو و تەریکی تاریکی بێت، لە کاتێکدا دەردی ئاتەشەک تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دایدەخورێنێت. هەمیشە لە نێوان دوو وێستگەدایە، سۆراخی شێی باش و خۆری درەوشاوە و ڕووناکیی چاک دەکات. تامەزرۆیەتی سەردانی کۆرسیکا و یابان بکات، لەو شوێنەی کە لێیەتی، هەرگیز هەست بە دڵنیایی ناکات ... ڕەنگە بۆ بەیانییەکەی لە وێستگەیەک داببەزێت، لە کۆتاییی ڕۆژەکەدا سواری شەمەندۆفێر دەبێت، لەبەر ئەوەی شوێنەکە لە ڕووی زەینی و دەروونی و فیسیۆلۆژییەوە لەبار نییە بۆی.

بەڵام هەموو نیتچە بە تەواوی لەنێو ئەم چیرۆکەدایە: لە قاوەخانەی تۆرینۆ، کە ڕۆژانە ڕۆژنامەی مشتومڕەکان دەخوێنێتەوە، توتکەسەگێک کە ناتوانێت یەکێک لە قاچەکانی دابنێت و خوێنی لەبەر دەڕوات، لە دەروازەکە وەستاوە. نیتچە بە چۆکدا دێت و دەسەسڕێك لە باخەڵی دەردەهێنێت و زامەکەی بۆ دەپێچێت. لەدوای ئەوە بە ماوەیەکی کەم، هەمان توتکەسەگ، بە دەم وەڕینەوە بەرەو لای نیتچە ڕا دەکات، دەسەسڕەکەیشی لە ملدایە، کە لە لایەن خاوەنی ئاژەڵەکەوە شۆردراوە و لە زامەکەیەوە پێچراوە.

ئەم مرۆڤە هەر هەمان ئەو مرۆڤەیە کە چەندین لاپەڕەی ترسناکی لە دژی بەزەیی، کە چاکەخوازییی زەبوونانە، نووسیوە ... بە ژنێکی تریش کە لە کاتی خواردنی ژەمی بەیانیدا لە میوانخانەی سلس ماریا سەبارەت بە پیشەکەی پرسیاری لێ دەکات، دەڵێت کە ئەو خەریکی نووسینە، بەڵام داوای لێ دەکات نەچێت بۆ بینینی هیچ شتێک و، پێی دەڵێت کە باس و خواسەکانی، دەیتۆقێنن. چونکە لە چیاکانی ئێنگادینە، کە بەبێ وچان ڕێی دەکرد، وا ڕاهاتبوو لە گوندەکە دەسەسڕێکی لەپێناو پاککردنەوەی لووتی منداڵێکی نەخۆش تەڕ دەکرد، کە لە باخ و ڕەزی کێڵگەی چیاکان تووشی دەبوو. ئەم مرۆڤە کە ئاگری شەڕی لە جیهاندا داگیرساند، مرۆڤێکی نیانە ...

وێڕای ئەوە، زیاتر لەو حەزە کە حەز بە دەمەقاڵێ و شەڕ دەکات، حەزی لە ڕاستییە. ئەگەر پێویست بێت لەسەرم بەراوردێک بکەم، لە بارێکدا ئەگەر ئێوە داوای ئەوەم لێ بکەن، ئەوا من بە چەشنێکی هاوشێوە بیر دەکەمەوە: ئەگەر باج و نرخی ڕاستی تێکشکاندنە، با تێکشکاندن بێت! بەڵام ئەوە لە سۆنگەی حەز بۆ دەمەقاڵێ و شەڕەوە نییە کە بەشێکە لە زیانە لاوەکییەکان!

 

پرسیار: ئێوە لەگەڵ کڵێسادا هەرگیز لە دۆخی ئاشتیدا نەبوون. نیتچەیش بە هەمان شێوە ...

میشێل ئۆنفڕای: لەنێو کتێبی لە دژی مەسیح-دا، پێشنیاز دەکات ڤاتیکان خاپوور بکرێت و دار و پەردووەکەی بۆ بەخێوکردنی مار بەکاربهێنرێت. نیتچە بەرامبەر بە مەسیح، لە هاوسۆزیی خاڵی نەبوو، بەڵام کەیفی بە قەشە پۆڵس نەدەهات کە پێشتر جوویەکی چەوسێنەری دەستەی یەکەم و سەرەتای مەسیحییەکان بوو و، دواتر خۆیشی بوو بە مەسیحی، پاش ئەوەی لەسەر ڕێگای دیمەشق ڕێی ڕاستی دۆزییەوە. لەبەر ئەوە، کاتێک نیتچە ڕەخنەی جووەکان دەکات، لایەنی زۆر قەشە پۆڵس ئەو کەسەیە کە بە ئامانج دەگیرێت، ئەو پۆڵسەی کە ڕقی لە ئارەزوو و خواست و حەز و جەستەکان و ژنان و سێکسواڵیتی و چێژە، نەک ئەو جووانەی کە لە کوچە و کۆڵانەکانی ڕوکن تووشیان دەبوو، کە شوێنی لە دایک بوونێتی!

بە پێچەوانەی ئەوەوە، نیتچە پێی وایە ئەو جووانە ئێجگار بەهرەمەندن و، پێویستە لەگەڵ ئەڵمانەکاندا هاوسەرگیرییی تێکەڵبوون بکەن! نیتچە زۆر بە چاکی و، بە پتر لە ڕوانگەیەک، بە شێوەیەکی دژواز لەگەڵ ئامۆژگاریی گالیلی و، لە ڕێگای نموونەی تەرکەدونیاییی ئەمیان و پەرۆشیی ئەویان بۆ پیشاندانی ڕێگای ڕاست بە شمشێر، مەسیحییەتی یەسوع و مەسیحییەتی پۆڵسی لە یەکدی جیا کردەوە! بەو چەشنەیش پێی وا بوو تەنها یەک مەسیحی هەبوو ئەویش ئەو مەسیحییە بوو کە بەسەر تەختەی خاچەکەوە گیانی دەرچوو.  

پرسیار: نیتچە جاڕی مردنی خودا و مرۆڤی دا، بەڵام، بەو چەشنەی ئێوە لەنێو ئانیمادا نووسیووتانە، مەبەست لە خودا و مرۆڤێکی دیاریکراوی تایبەت بە خۆمان و خودا و مرۆڤی شارستانییە جوو و مەسیحییەکەمان بوو ...

میشێل ئۆنفڕای: پێویستە لە سەرەتادا شتەکان ڕوون بکەینەوە، ئەو جاڕدانە پێشتر لە ساڵی ١٨٠٢ لای هێگڵ لەنێو کتێبی باوەڕ و زانین-دا هاتووە. ڕشتە دروستەکە بەم چەشنەیە: "خودی خودا خۆی مرد."، لە ساڵی ١٨٠٥- ١٨٠٦ ئەو بۆچوونەی لەنێو وانەکانیدا لە شاری یێنا پات کردەوە. لە ڕوانگەی ئەویشدا دیسان مردنی مەسیح لە هەمان کاتدا مردنی خودایە کە تێهەڵکێشی لۆژیکی بەرجەستەبوون دەبێت. مردنی خودا، ڕێ دەدات ڕۆحی ڕەها لەنێو کتێبی فینیۆمینۆلۆجیای ڕۆحدا لە دایک ببێت بەو چەشنەی لەنێو ئۆدێسەدا هاتووە.

نیتچە جاڕدانەکەی خۆی تێهەڵکێشی ڕوانگەیەکی پاش هێگڵیی و بەڵام هەروەها دژە ڕوانگەیەکی هیگڵییانە کرد. لەبەر ئەوەی لای نیتچە مردنی خودا بە ژمارەیەک پێودان سەبارەت بە ڕۆحی ڕەها گرێ نەدراوە، بەڵکو بە سەرهەڵدانی ویستی هێزەوە گرێ دراوە کە شوێنی خودا و شوێنی خودای بە تەواوی گرتەوە- کە هیچ شوێنێکی تری، لایەنی کەم وەک شوێنی ئەوەی ببێت بە ویستی هێز، بۆ ناهێڵێتەوە تا لە ژیان بەردەوام بێت. بەڵام نیتچە پێی وایە "ویستی هێز" بەسە و، پێویستمان بەوە نییە بەرگێکی خودایی لەبەر بکەین و، تایبەتمەندییەکی خودایی پێ ببەخشین. لای نیتچە هیچ گۆڕانێکی سپینۆزیی چەشنی خودا و سروشت بوونی نییە.

هەرچی سەبارەت بە مردنی مرۆڤیش هەیە، لەنێو کتێبی زەردەشت وەها دوا-دا جاڕ درا، بەڵام کام مرۆڤ مرد و بۆچی مرد؟ مەبەست لەو مرۆڤە، مرۆڤی جوویزم و مەسیحییەتە، بە واتای مرۆڤێکی دووفاق بە جەستەیەکی تاوانکارانە و ڕۆحێکی ناماتەریالیی جاویدانی تەرخانکراو بۆ ژیانی دۆزەخی یاخود بەهەشتیی پاش مردن، بەگوێرەی ئەو مافانەی لە ماوەی ژیانی دونیادا بە دەستی هێناون یاخود بە دەستی نەهێناون. وێڕای ئەوە، ئەو مرۆڤە مرۆڤی نموونەی تەرکەدونیایە، کە بەهاکانی ئایینەکەی قەشە پۆڵس فێر کراوە کە وەک خۆنەویستی و ڕەتدانەوەی ئارەزووی سێکسی لە ژیان و سێکسواڵیتیی خۆی و قین لە ژنان و ڕق لە جەستە دەڕوانێت. "دوامرۆڤ"، کە لەپاش ئەو گریمانی مردنی مرۆڤ دەکرێت، ژیانێکی نەهیلیستییانە دەژی.

ئەوەیە ئەو مرۆڤەی کە نیتچە جاڕی دا و، کە شوێنی خۆی بۆ باڵامرۆڤ چۆڵ دەکات، کە بە شێوەیەکی تاهەتایی و، بە هەمان شێوە و، چەندین جاری بێکۆتا، دەگەڕێتەوە، پاش ئەوەی پێشتر، بە شێوەیەکی تاهەتایی و، چەندین جاری بێکۆتا، بە هەمان شێوە، گەڕایەوە، هاوکات نیتچە دەزانێت دەبێت ئەو ڕاستییە ئۆنتۆلۆژییەی گەڕانەوەی هەمیشەییمان خۆش بووێت، چونکە واتای ئەو خۆشەویستییە چارەنووسگەرەیە کە دەڵێت چارەنووسی خۆتت خۆش بووێت، لەبەر ئەوەی تاکە ڕێگای "داهێنانی ئازادییە"، لە کاتێکدا ئێمە ویستێکی ئازادمان نییە کە دواجار نیتچە دەزانێت قایلبوون بە گەڕانەوەی هەمیشەیی، شادیی دەخوڵقێنێت. مردنی مرۆڤ شتێکە پەیوەندیی بە نەمانی نەهیلیستی گوێڕایەڵەوە هەیە و، هاوکات وا دەکات لەدایکبوونی باڵامرۆڤی بکەر شیانی هەبێت.

 

پرسیار: لەو سۆنگەیەوە کە ئێوە لە کاتی ئێستادا بە یەکێک لە باشترین بیرمەند یاخود مامۆستاکانی ئێمە لەقەڵەم دەدرێن، ئایا دەتوانن لەنێو چەند ڕستەیەکدا هزری نیتچە بۆ کەسانی تازە دەستپێکەری وەک من پوخت بکەنەوە؟

میشێل ئۆنفڕای: نیتچە، لە سەرەتای کتێبی زەردەشتەکەیدا، باسی سێ گۆڕان دەکات، مرۆڤ پێویستە حوشتر بێت، تا بار و قورساییەکانی ڕابووردوو هەڵبگرێت، پاشان پێویستە شێر بێت، تا لە دەست ئەو ڕابووردووە خۆی ڕزگار بکات، بە مەبەستی بوون بە منداڵ بە واتای گەیشتن بە "پاکێتیی دۆخگۆڕان"، کە زەمینەسازیی بۆ داهێنانی فەلسەفەیەکی نوێ دەکات. ئەو دیالەکتیکە سێ قۆناغی هەیە، هێشتا بە واتای دیالەکتیکێکی هێگڵی، ئەگەرچی پاش هێگڵییە، دیالەکتیکی نیتچە خۆیەتی، کە، بەو جۆرە زۆربەی کات وایە، بە شێوازێکی کۆدکراو تێکڕای کلیلەکانی کارەکەی بە دەستەوە دەدات.

لای نیتچە، قۆناغی حوشتر، سەردەمی خوێنەری شۆپنهاوەرە، کاتێک کە کتێبی جیهان وەک ویست و وێناکردن دەنووسێت، ژمارەیەک گۆشەنیگای نوێی فەلسەفی؛ زیندووێتییەکی تاکلایەنە، کە زیندووێتیی ویستە، بەر فەرمانی دەبن، کە وا لە دوانەی دێرینی جوویزم کریستیانیزم دەکات تێپەڕێنراو بێت و، لێکدانەوەیەکی زیندوو بۆ ئەوە دەکات کە هەیە، ئەو ویستە بەناوبانگە، کە ویستی دەروونناسان نییە، هێزی هەڵبژاردنە، ویستە، تەنانەت هێزێکە وا لە بوونی مرۆڤ دەکات شیانی هەبێت، فەلسەفەیەکی تراژیدییە، بەگوێرەی ئەم فەلسەفە تراژیدییە، بێزاریی و مەینەتی ژیانی هەموو مرۆڤێک بەش دەکات، بەڵام هاوکات جەخت لەسەر بیرکردنەوەی جوانیناسانە بە شێوەیەکی گشتی و مۆسیقا بە شێوەیەکی تایبەتی دەکاتەوە، کە ڕێ بە بیرکردنەوە لە بێچەند و چوونیی نەرێنێتی دەدات. هەروەها سەردەمی ڤاگنەرییشە، کە نیتچە چاوی بەو نووسەرە شانۆکارە کەوت و، پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ ئەودا لەو پێناوەدا کار بکەن کە وا بکەن ئۆپێرا ببێتە بۆنەیەک بۆ بەخشینی جوانێتی بە سیاسەت، بەرمەبنای ئەفسانەکان، بەو جۆرەی گریکەکان لەگەڵ شانۆی خۆیاندا کردیان. ئەم سەردەمەیش سەردەمی لەدایکبوونی تراژیدیایە.

سەردەمی شێر، سەردەمێکی ئیپیکۆرییە. هاوڕێیەتیی تێكشکاو لەگەڵ ڤاگنەر، کە شاری بایرویتی نەکردە تاقیگەیەک بۆ بونیادنانی سیاسەتێک بەرمەبنای مۆسیقای ئەڵمانی، کە بۆ بەهێزکردنی میکانیزمێکی ئەوروپی تەرخان دەکرێت، بەڵکو کردییە شوێنێک بۆ سەلماندنی کەسی خۆی لەگەڵ چینی هەرە زەنگینی شارەکەدا کە خەرجیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان کێشا. سەردەمی کتێبی زانستی شاد و، هاوڕێیەتیی ئیپیکۆرییە، هزری فەڕەنسی، ڤۆڵتێر و ئاکارگەرایانی فەڕەنسی کاریان تێ کردووە. سەردەمێکە لەگەڵ لۆ سالۆمە و پۆل ڕی بەش کرا، کە لەسەر دامەزراندنی دەستەیەکی فەلسەفیی هەستەکی ڕژدە کە سەرکەوتوو نابێت.

سەردەمی منداڵ، سەردەمی فەلسەفەی ڕاستەقینەی نیتچەییە؛ سەردەمی ویستی هێز و، گەڕانەوەی هەمیشەیی و، باڵامرۆڤ و، خۆشویستنی چارەنووسە وەک ئاکاری مرۆڤێکی نوێ، پاش لەناوبردنی حوشتر و شێرەکان! گومانی تێدا نییە، سەردەمی کتێبی زەردەشت وەها دوا- یە، کە چامەیەکی مەزن و سەرسوڕهێنە و، وەک "ئینجیلی پێنجەم" دەیخاتە ڕوو.

 

پرسیار: ئێوە زۆر شتتان لەپێناوی نیتچەدا کردووە، بەردەوام باسی ئەوە دەکەن کە خوشکەکەی، بە مەبەستی ڕازیکردنی دەسەڵاتە باڵاکانی پارتی نازی، کە بوو بووە ئەندام تیایدا، درۆ و دەلەسەی زۆری دروست کردن. لەنێو کتێبەکانیدا، هەرگیز هیچ چەشنە مەیلێکی دژایەتیکردنی سامیزمتان بەدی نەکردووە ...

میشێل ئۆنفڕای: نەک هەر هێندە ، بەڵکو چەندین بەڵگە و نیشانەی پشتگیریکردن لە جووم دۆزینەوە، هەندێک کەس بەردەوام مەیلی تیۆریی دژەجووی نیتچە لەگەڵ دژایەتیکردنی سامیزم، کە قینی قووڵە لە جووەکان، تێکەڵ بە یەکدی دەکەن. لەسەر ئەو بناغەیە، زۆربەی کات، کاتێک نیتچە باسی جوویزمی دەکرد، باسی جوویزمی کریستیانیزمی بە واتای هزری شاول دەکرد، ئەو جووە گۆڕاوەی کە وەک ئاشکرایە چیی تر ناوی قەشە پۆڵسی نووسەری پەیامەکانە. چونکە نیتچە نەیویست ئەو جوویزمە وا لە خەڵک بکات لەگەڵ جیهاندا ناکۆک بن، کە پەسنی نموونەی تەرکەدونیایی دەکات و بووەتە لەمپەری بەردەم ژیانێکی شاد و، دونیایەکی میتافیزیکیی جیاواز و سەربەخۆی داهێناوە و، ستایشی بەهاکانی نەهیلیزمی لە نموونەی: بەزەیی، خۆشویستنی نزیک، لێبووردن لە خراپە، لاساییکردنەوەی ئازارەکانی مەسیح، کارتێکرانی ئازارمەند، دەکات.

لەگەڵ ئەوەیشدا، هەمیشە لە ماوەی ژیانیدا پشتیوانیی ڕاستەقینەی خۆی بۆ جووەکان دەربڕیوە، کاتێک دەستبەرداری یەکەم بڵاوکاری خۆی بوو، کە ژمارەیەک دەقی دژە سامیزمی بۆ ڤاگنەر بڵاو کردنەوە، کتومت لەو کاتەدا نووسی پێویستە "دژە سامییەکان لە دار بدرێن"، بەردەوام لە یەک کاتدا ستایشی بلیمەتیی هەم جوویزم و هەم ئەڵمانێتی دەکرد، تا ئەو ئەندازەیەی کە پێی وا بوو پێویستە کار لەسەر دوو نەژاد بکرێت کە واتای سەردەمەکەن! قینی لە بێرنارد فۆرستە- ی زاوای خۆی بوو، واتە مێردی خوشکەکەی، کە دوژمنی ڕاستەقینەی سامیزم بوو و، لە پاراگوای، بەر لەوەی لەوێ خۆی بکوژێت، کەمپێکی ئاری دا‌هێنا!

بەدڵنیاییەوە ئەوە خوشکە دژە سامیزمە بەدناوەکەی بوو، کە پاش شێتبوون و مردنی براکەی، دەقەکانی شێواند و نامەکانی دەستکاری و بژار کرد و گۆڕانی تێدا کردن، تاکو یاری بەو ئاڵۆزییە بکات کە تیایاندا لە نێوان دژەجوویی و دژەسامیزمیدا هەیە، بەر لەوەی لە خۆبردنەپێشەوە لە مۆسۆلینی و پاشان هیتلەردا بیگەیەنێتە ئەوپەڕی، تاکو باوەڕی ئەوەیان لە لا دروست بکات کە براکەی پاڵپشتیی لە فاشیزم و نازیزم دەکرد! هەر بەو بۆنەیەوە، با ئێمە ئەوەیش ڕوون بکەینەوە کە هیتلەر ڕقی لە نیتچە بوو، وەک شاعیرێکی حەماسی لێی دەڕوانی و، شۆپنهاوەر و فیختەی لە نیتچە لا پەسەند و پێ چاکتر بوو و، ئەو دووانەیش بێ پێچ و پەنا و بە ڕاشکاوی دژەسامیزم بوون!

 

پرسیار: بەڵام نیتچە زۆر دژی مەسیحییەت بوو و ئەوەیش بۆ دایکی جێی داخ و خەم بوو ...

میشێل ئۆنفڕای: دژی مەسیحییەت بوو، بەڵێ وایە. ئەوە خوویەکی بوو. کوڕ و کوڕەزای قەشەیەکی لۆسەری بوو، خۆیشی، لە لایەن دایکییەوە، بۆ هەمان پیشە ئامادە کرا بوو، ساڵێک بوو خوێندکاری لاهوت بوو، کاتێک کە تەمەنی بیست ساڵ بوو، بۆ ماوەیەکی کاتیی دیاریکراو باوەڕدار بوو. نووسینەکانی سەردەمی لاوێتی، سەلمێنەری ئەوەن. نازانرێت کتومت کەی ئەو باوەڕەی لەدەستدا کە هەیبوو. مرۆڤ دەتوانێت وێنای ئەوە بکات کاتێک چووە کۆلێژی لاهوت باوەڕدار بوو، ئەوەیش، لەو بارەیەوە، لایەنی کەمی داواکراوە، پێدەچێ لەو ساڵەدا بە دیاریکراوی باوەڕی لەدەست دابێت، بەڵام بۆ ساڵی دواتر، ڕوو دەکاتە فیلۆلۆگیا، بەبێ ئەوەی بە قۆناغی فەلسەفەدا تێپەڕ ببێت. لە هیچ شوێنێکدا باسی ئەزموونی لەدەستدانی باوەڕی نەکردووە. وەک ئاشکرایە حەزی دەکرد ببێتە دانەری مۆسیقی، ئەوە دایکی بوو ناچاری کرد درێژە بە خوێندنەکانی بدات، تاکو ببێت قەشە و، ئەوەی بۆ ڕوون کردەوە دەتوانێت مۆسیقایش بژەنێت و لە یەکێک لە پەرستگاکاندا سەرۆکایەتیی ئاهەنگێکی پیرۆز بکات. دایکەکە لەوە تێنەگەیشت کوڕەکەی دەیەوێت وەک لیستزت و برامس و ڤاگنەر و، هاوسەردەمانی، ببێتە دانەری مۆسیقی، نەک ئۆرگانژەنین لە نێوان دوو پیشەدا ...

 

پرسیار: نیتچە دەڵێت: "بەبێ چێژ، ژیان نابێت، ململانێ لەپێناو چێژدا، ململانێیە لەپێناو ژیاندا" بۆچی پەیامبەری فەلسەفەی چێژ، بەگوێرەی دەربڕینی خۆتان، ئێجگار بەدبەختە؟

میشێل ئۆنفڕای: ڕەنگە لەبەر ئەوەی تامەزرۆی شتێک بوو کە دەستداری نەبوو، یاخود ئەو شتە لە بنچینەدا هەر بوونی نەبوو! ئەو خۆی لەنێو پێشەکیی کتێبی زانستی شاد- دا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە و دەڵێت پێشتر گوتم ئێمە لەگەڵ ئەو شتانەدا کە نیمانن فەلسەفەکاریی دەکەین! نیتچە ژیانی خۆی لەژێر باری گرانی مەینەتیدا بەسەر برد، ژیانی ئەو، ئەگەر بۆم هەبێت ئەوە بڵێم، ڕێگای خاچێکی ڕاستەقینەیە. بەدڵنیاییەوە ئەو گرفتاری ژمارەیەکی لە ئەقڵ بە دەر لە نەخۆشی بوو، زۆر ڕێی تێ دەچێت پەتای ئاتەشەکەکەیان لە کاتێکی زوو لە قۆناغی ناوەندیی لەنێو جندەخانەیەکدا تووش کردبێت. دواتر ئەو نەخۆشییە گەشە دەکات تا دەبێتە نەخۆشییەکی دەماریی، دڕکەپەتک دەگرێتەوە، بەو جۆرە نەخۆشییەکەیە پێ دەنێتە قۆناغی سێیەمەوە، بەر لەوەی لێی ببێتە شێتییەک کە دە ساڵ درێژە دەکێشێت. نامەگۆڕینەوەکانی بەردەوام نەخۆشییەکەی زەق دەکەنەوە ؛ نەخۆشیی ژانی نیوە سەر کە چەندین ڕۆژ دەخایەنێت، هیرپێس کە نەخۆشییەکی مەترسیداری پەیوەست بە ئەندامی زاوزێیە، هەوکردنی ترسناک کە تووشی چاوەکان دەبن ... هتد. پاشان ئەو دەرمانانەی بەکاردەهێنان و دەخوارد، کە نەدەبوو شتەکە تێکبدەن و ئاڵۆز بکەن. گومانی ئەو نەخۆشییە سێکسییە کە هەیبوو، بە جیوە چارەسەر دەکرد. هاوکات بڕێک گیراوە و ئامادەکراوی ژەهراویی دەخوارد. ئەوانەیش ئەم بوارە دەروونییە منداڵی و هەرزەکارییە تراژیدییەیان سەرباری ئەوە دەکرد: مردنی باوک لەدوای کێشەیەک بە هۆی سروشتێکی دەماخییەوە و، مردنی برایەک کاتێک دێتە خەونی، ڕۆژێک پێش ئەوەی باوکە کۆچکردووەکەی لەنێو گۆڕەکەی بێتە دەرەوە وشوێنی کوڕەکەی بکەوێت، تاکو دەستی بگرێت و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ نابوون، ناوەندێکی پەروەردەیی پێکهاتوو لە ژنان، خوشکێکی دڵڕەق یەکێک بوو لەو ژنانە.

نیتچە بە مەبەستی چاکبوونەوە لە هەموو ئەو شتانە، فەلسەفەکاریی دەکات. هزری هزرێکی بوونگەرایە، فەلسەفەکەی تایبەتە، فەلسەفەی سەردەمی منداڵییە، لەپێناو دۆزینەوەی دڵنیایی هەبوو لەنێو شادیدا داهێنراوە، کە لەم تیۆرییە سادەیە جیا نابێتەوە: ئەو شتەت خۆش بووێت کە لە ئاستیدا دەسەوسانیت، تیۆریی بەناوبانگی خۆشویستنی چارەنووس، کە ئەوەیە مرۆڤ چارەنووسی خۆی خۆش بووێت.

ئەو داهێنانەی ئەم تیۆرییە دایدەهێنێت، کەمۆکەیەکە، چونکە ژمارەیەک تەکنیکی بوونگەراییی دانایی و فەلسەفەی دێرین پێکدەهێنێتەوە و دادەڕێژێتەوە، لە نموونەی: تیۆری گەڕانەوەی هەمیشەیی، لای زۆربەی بیریارانی گریک، تیۆرییەکی باو و بەربڵاوە، تیۆری ڕازیبوون بەو شتەی کە ناشێت شادیی بە دوادا بێت، تیۆرییەکی ڕەواقی و ئیپیکۆرییە. بەم پێیە، فەلسەفە وەک هونەری ژیان، ژیانێکی بەخشندانە، تەکنیکێکی چێژگەرایە، ئێوە ڕاستی بۆ چوون کاتێک ئەو دەربڕینە بەکاردەهێنن، ئەوە یەکێک لە بنەما چەسپاوەکانی دانایی و فەلسەفەی دێرینە.

نیتچە بۆ ئەوە فەلسەفەکاریی دەکات، تا لەگەڵ مەینەتی و ئێش و ئازارەکانی خۆیدا بژی: ئەوە بەدبەختییەکەیەتی وای لێ دەکات حەز بەوە بکات چێژخواز و چوست و چالاک بێت! دواتر دێوانەیی پەکی بەشێک لە مەینەتییەکانی دەخات، کە لە سەرەتادا وەک بڕێک مەینەتیی دەروونی دەردەکەون، دایکی و خوشکی، کە گرنگی بە تەندروستییەکەی دەدەن، نزیکەی ماوەی ئەو دە ساڵە کە بە لاوازیی بەسەری برد، باسی ئەوە ناکەن نیتچە گیرۆدەی چەند نەخۆشییەکی دیاریکراو بوو.

 

پرسیار: لەنێو بەرگی حەوتی کتێبەکەتان؛ مێژووی دژوازی فەلسەفە- دا، ئەو پاژەی بۆ نیتچەتان تەرخان کردووە، پاژێکی لیریکیی پڕە لە هاوسۆزیی. هیچ فەیلەسووفانیکی تر لەنێو کۆمەڵگەکەتاندا ماون یان نیتچە هەموویانی تیرۆر کردووە؟

میشێل ئۆنفڕای: گومانی تێدا نییە هەندێک فەیلەسووف ماون و هەن! بە بروای من ئەوە چەشنێکە لە دەمارگیریی و سەرکێشی، ئەگەر مرۆڤ تەنها کتێبێک یاخود تەنها فەیلەسووفێکی هەبێت! تاککتێبی، ڕەنگە ئارەزووی لەناوبردنی کتێبەکانی تری لێ بکەوێتەوە. لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵگەکەی مندا دیموکریتس و ئیپیکۆر و لۆکریتیۆس و مۆنتانی و ئیتیان دو لابویسی و ژۆن میشیلێ و ڤۆڵتێر و پرۆدۆن و کامۆ هەن، ئەگەر هیچ شتێکی لەبارەی لابویسێ و میشیلێ و پرۆدۆن و بێگومان کامۆ نەگوتبێت، بەڵام پێم وایە ئەو نووسەرانەی لەبارەیانەوە دەدوێم، زۆر گرنگ بوون. لە کتێبخانەکەمدا لە شاری کون، سی هەزار کتێب هەن، نیتچە شەش مەتر لە تاق و ڕەفەکانی داگیر کردووە، گومانی تێدا نییە بەشەکانی تری کتێبخانەکە تایبەت بە فەیلەسووفانی تری بێجگە لە نیتچەن!

کتێبی مێژووی دژوازی فەلسەفە، لە دانزە بەرگ پێکهاتووە، پڕێتی لەو فەیلەسووفانەی کە ستایشم کردوون، ژمارەیان سی فەیلەسووفە؛ ئەبەدیری و گەردیلەخواز و عیرفانیی بێپەردە و برا و خوشکانی ئەقڵی ئازاد و مەسیحیی چێژخوازی سەر بە سەردەمی ڕێنیسانس و زیندیقانی ڕۆچووی نێو زانست و ڕۆشنگەرانی پەڕگیر و بێباوەڕ و سۆشیالیست و دەروونشیکارانی نافرۆیدیی و مرۆڤخوازانی نەیاری بونیادگەریی و ئاکارگەرایانی جوو هەن. هەموو ئەوانەیش هاودەم و هاوڕێمن!

 

پرسیار: نیتچە دەڵێت: "ئەگەر بتەوێت بزانیت کامە فەیلەسووف فەیلەسووفێکی چاکە، هەموویان پێکەوە کۆ بکەرەوە، چاکەکەیان ئەوەیانە کە پێدەکەنێت."، ئەگەر گاڵتەپێکردن و جەفەنگ دوو هێزی بنەڕەتیین، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چونکە، بەر لە هەر شتێک، شکێنەری ئایکۆنەکانە، مەگەر وا نییە؟ یان پێکەنین، بە پلەی یەکەم، سەر بە فەلسەفە نەبووە، بەو چەشنەی سوکرات گوتوویەتی؟

میشێل ئۆنفڕای: بۆچوونێکی باوی هونەری وێنەکێشان هەیە، بەرهەڵستیی دیموکریتس دەکات کە بە هیراکلیتس پێدەکەنێت کە دەگری. یەکەمیان، واتە دیموکریتس، فەیلەسووفێکی ماتەریالییە، هەموو شتێک لە سەماکردنی گەردیلەکاندا کورت دەکاتەوە، دڵنیایە لەوەی بێهوودەیە مرۆڤ لە پێشکەوتنی بەدبەختی جیهان تووڕە ببێت، بەڵکو، بەگوێرەی دەربڕینی تەرخانکراو، پێویستە پێی پێبکەنێت! دووەمیان، واتە هیراکلیتس، کە بیرمەندی ئەو کاتەیە کە تێدەپەڕێت و کە جووڵە و ئەو ڕووبارەیە کە ئەفسوس هەرگیز دوو جار ناوی ناچین، دەگری، چونکە لەناوچوون لە چارەی نووسراوە نەک نەمریی!

ئەگەر ئێمە مێژوویەک بۆ فەلسەفە پێکبهێنین کە بە تەواوی لە فەیلەسووفە دەم بە پێکەنینەکان پێکهاتبێت، ئەو کات دەستەیەک فەیلەسووفمان دەبن لە دیموکریتس تا کلیمۆن ڕوسی درێژ دەبێتەوە، کلیمۆن ڕوسی نیتچەییەکی مەزنی سەدەی بیستە، بێگومان بە تێپەڕبوون بە سوکرات و دیۆجین و مۆنتانی و ڤۆڵتێر و دیدرۆ و لامیتری و نیتچەدا! هەروەها من ڕابلێ بۆ ئەو ناوانە زیاد دەکەم، لەو شوێنەدا کە فەلسەفە لەبەر بڕێک هۆکاری لاواز لەسەر هزربێزیی کاری دەکرد. لە بەرامبەریشدا، پلاتۆ و قەشە ئۆگەستین و ڕۆسۆ و هێگڵ و سارتەر و فرۆید، کەسانێکن پێناکەنن، پاشان ئەو کارەی کە هزری ئەوان لە ماوەی مێژوودا کردی، یاخود ئەو کاریگەرییانەی کە هزریان لە مێژوودا بەجێی هێشت، شاد نەبوو، ئەگەر بۆم هەبێت ئەو گونجاندنسازییە بەکاربهێنم!

بێرگسۆنیش بە هەمان شێوە کۆدەکەی نەکردەوە، کاتێک کە پێکەنینی لێکدایەوە، فرۆیدیش هەروەها، کاتێک کە کتێبی نوکتە و پەیوەندیی بە نەستەوە نووسی، بەڵام کلیمۆن ڕوسی، بە شێوەیەکی بەرچاو، لەنێو هەموو کتێبەکانیدا، بە تایبەتی لەژێر ناوی خوازراوی "ڕۆژێ کریمان" لەنێو کتێبی سپێدە بوونیادگەرییەکان- دا کە شانۆگەرییەکی کۆمیدیی تەنزئامێزی دژ بە باوی بوونگەرایی گەڕەکی سان ژێرمان دو برییە، پاڵنەرێکی زیندووکردنەوەی پێکەنین بوو.

بەدڵنیاییەوە پێکەنین ڕاگرتنی گاڵتەجاڕیی جیهان و، ڕاگرتنی ئەو کەسانەیە کە بەرجەستەی دەکەن. زەردەخەنەیش بە هەمان شێوە، کە زۆر کەمتر لە پێکەنین باس دەکرێت، بەڵام وەک دەردەکەوێت زۆر لە پێکەنین کاریگەرترە. گومانی تێدا نییە زەردەخەنە لە پێکەنین بەهێزتر و کاریگەرترە چونکە وەک پێکەنین ڕووی قایم و بریندارکەر نییە.

 

پرسیار: ئێوە گوتتان تەنانەت زەردەشت وەها دوا، کتێبێکی تەنزئامێزە. ئایا نیتچە هیچ ڕۆژێک بە ڕاستی و بە دەر لە شۆخی نەینووسیوە؟

میشێل ئۆنفڕای: بێگومان، بە شێوەیەکی گشتی، بە پێکەنینیشەوە. کتێبی زەردەشت وەها دوا، بە ئاڵۆزترین کتێبی ئەو فەیلەسووفە دادەنرێت، بۆ بەدبەختی بە هۆی شێوازە شیعرییەکەیەوە، وەک کتێبێک دەردەکەوێت کە بۆ تێگەیشتن ئاسانترە، بەو هۆیەیشەوە بەدحاڵیبوون لەبارەیەوە دروست دەبێت. من جاری یەکەم نیتچەم بە تێکەڵ و پێکەڵی، هەڵبەتە هەموو نیتچە بە تەواوی نا، خوێندەوە، جاری دووەم هەموو نیتچە بە تەواوی و بەگوێرەی ڕیزبەندییەکی کاتی و لەبەر تێزەکەم خوێندەوە، جاری سێیەم، دیسان بەگوێرەی ڕیزبەندییەکی کاتی، لەبەر وانەکانم لە زانکۆی میللیی شاری کون، خوێندەوە.

بەگوێرەی سێ سەردەمە نیتچەییەکە، واتە؛ قۆناغی حوشتر، شێر و منداڵ، بەڵام هەروەها لە بازنەی بەستێنی سەرگوزشتەکەیدا، کە زۆربەی کات پشتگوێ دەخرێت، چاکترین ڕێگا بۆ مامەڵەکردن، خوێندنەوەی هەموو شتێکە، بەگوێرەی ڕیزبەندییەکی کاتی. لە کۆتاییدا نامەگۆڕینەوەکان و سەرگوزشتەیەکی دڵنیا. چونکە لەپاش ئەنجامدانی ئەو کارە گەورەیە، دەست دەکرێت بە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە، خوێندنەوەیەک کە لە یەکەم ڕوانیندا، وەک پاشەگەردانی دەردەکەوێت، لە ماوەیدا خوێنەر بڕوای وایە بە دوای دژیەکییەکاندا دەگەڕێت. نووسینەکانی ئەم فەیلەسووفە، تەنها لای ئەو کەسانە دژیەکیئامێزن، کە تەنها سێ کتێبی نیتچەیان خوێندوونەتەوە ...

زەردەشت وەها دوا، شرۆڤەکتێبێکە سەرگوزشتەی تایبەت بە شێوازێکی کۆدکراو دزە دەکاتە نێوی. لە دژی ئینجیلەکان نووسراوە، ئەوەیش شتێکە، گریمانی بوونی چینێکی تەنک، گاڵتەئامێز و پێکەنیناوی، دەکات. نموونەیەک هەیە سەبارەت تێهەڵکێشبوونی ژیانی نیتچە بە دەقی هۆنراوەکە، جارێکیان نیتچە نووسی: "بەبێ قامچی مەچۆ بۆ لای ژن"، ئەمە ددانپێدانانێکە بە ڕقبوونەوە لە ژن، لە ڕووی ڕەگەزەوە تەواو لایەنگر و هەواداری نێرینەیە، بەو جۆرەی خوێنەری نوێی سەرمەست دەڵێت. گومانی تێدا نییە ئەو ڕستەیە ئاماژەیە بۆ وێنەیەک، لە وێنەکەدا نیتچەی فەیلەسووف و پۆڵ ڕی، بە گالیسکەیەکەوە بەستراون، لۆ سالۆمە بە سواری گالیسکەکەوەیە و قامچییەکی بە دەستەوەیە، لە بەشی پشتەوەی گالیسکەکە، گوڵی لیلاک دەبینرێت، نیشانەی ئەڤینە تازە لەدایکبووەکەیە. لەو ماوەیەدا، هەریەک لە نیتچە و پۆل ڕی، بە نهێنی، دڵیان بە لۆ سالۆمەوە بوو. لەنێو هەر سێ کەسەکەدا، فەیلەسووفەکە چاوی لەدوای پڕۆژەی ژیانێکی هاوبەش و خاکەڕایە، لەگەڵ بوونی باخێکی سەوزەوات، کە دەرفەت بۆ ژیانێکی خۆبەس لەنێو کێڵگەیەکدا دەڕەخسێنێت. نیتچە داوا لە پۆل ڕی کە ئەویش دیسان دڵی بە لۆ سالۆمەوەیە دەکات، لە بریی خۆی ئەڤینەکەی بۆ لۆ سالۆمە لای لۆ سالۆمە بدرکێنێت! بەڵام لۆ سالۆمە ئارەزووی هیچ کامیان ناکات.

ڕۆژێکیان نیتچە و لۆ سالۆمە لەنێو بەلەمێکی بچووکدا دەبن لە ناوەندی دەریاچەکە، پۆل ڕی لە کەناری دەریاچەکە مایەوە. نیتچە دەڵێت ماچمان گۆڕییەوە، بەڵام لۆ سالۆمە ئەوە بە درۆ دەخاتەوە. نیتچە پەست دەبێت. شتی سامناک و داخ لە دڵانە، لە دژی پۆل ڕی و لۆ سالۆمە و، هاوکات سەبارەت بە قامچییەکە کە لەنێو هۆنراوەکە و لەنێو وێنەکەیشدا دەدۆزرێتەوە، دەنووسێت. دەبێت ئەو شتە لە بەستێنی تایبەتی خۆیدا دابنرێت. کە شتێکە، بەهەرحاڵ، ئەو ڕەهەندی ڕق لە ژنانەی کە تێیدایەتی ناداتە دواوە. بەو چەشنە، دەتوانرێت نموونەکان زیاد بکرێن، لە نموونەی: هۆنراوەی دوورگەی مردووان و هۆنراوەی دوورگەی سان میشیلێ لە بندوقییە، "کیژانی بیابان" ئەو لەشفرۆشانەن کە بۆ تووشبوونی نیتچە بە نەخۆشیی ئاتەشەک لە هەڕەتی لاوێتیدا، لە جندەخانەیەک لە لایپزیگ، قەرزاری نیتچەن، ... هتد.

سەرباری ئەوە، شێوازی لیریکی و شیعریی کتێبەکە، لاسایییکردنەوەیەکی گاڵتەئامێزانە لاسایی شێوازی ئینجیلەکان یاخود دەقە ئایینییەکان دەکاتەوە، سەرڕێژە لە دووبارەکردنەوە، "زەردەشت وەها دوا"ی بەناوبانگیش وایە، پوختەیەک سەبارەت بە هەر بەشێک دەخاتە ڕوو. هەروەها بەڵگەنەویستە دژایەتییەک لە گۆڕێدایە، دژایەتیکردنی بۆچوونە زاڵەکانی ئۆپێراکەی ڤاگنەرە. هەمان شت لەگەڵ سەروا مۆسیقییەکانی نێو دەقە ئەڵمانییەکەی هۆنراوەکەدا، کە نووسەر ئەویش دەکاتە ئامانج.

لەڕاستییدا ئەو هۆنراوە مەزنە، بە بڕوای من، ئۆپێرایەکی بێ مۆسیقایە، سەرچاوەکەی، گەڕانەوەی ئەو شتەیە کە لای ئەو چەپێنراوە، ئەو هەمیشە حەزی دەکرد ببێتە دانەرێكی مۆسیقی، بەڵام دایکی ڕێگری بوو، هەریەک لە برامس و ڤاگنەر، گاڵتەیان بەو کارانە کرد کە پیشانیدان، هەمان شتیش لەگەڵ هانتس فۆن بولۆڤ ڕووی دا، کە کاری تێترالۆگی داهێنا و، وێڕای ئەوە مێردی یەکەمی لیست کۆزیما بوو، کە دواتر شوو بە ڤاگنەر دەکات و، نیتچە بە نهێنی خۆشی دەویست. زەردەشت وەها دوا، ئۆپێرایە، کاتێک ئەو دەقە بە دەنگێکی بەرز دەخوێنرێتەوە، بە ئاستەم دەتوانێت پێشوەختە تەرزێکی لیریکی پێکبهێنێت!

دژایەتیکردنی ئینجیلەکان، دژایەتیکردنی ڤاگنەریزم، دژایەتیکردنێکی سەرگوزشتەیی، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت وا بڵێت، دەقەکە  بە شێوەیەکی تۆقێنەر کۆدکراوە. پێویستە هەڵبژاردنی شێوەیەکی شیعرییش بۆ ئەو کۆدکردنە زیاد بکەین، کە بوار بۆ بلیمەتیی خوێنەر دەڕەخسێنێت، لەو شوێنەدا کە کارامەیی دەق دەسازێنێت. بەر لە مارسێل دوشامپ، لێرەدا ئەوە یاسای بینەرە تابلۆکە دادەهێنێت ... واتاکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕوون نییە. کاتێکیش وەک شاعیرێکی کۆددار دەنووسین نەک وەک فەیلەسووفێکی ئەڵمان، ئەو کات مەترسییەکی گەورە لە بەدحاڵیبوون لە لێکدانەوەدا هەیە.

 

پرسیار: نیتچە بە باڵامرۆڤیش پێدەکەنی؟

میشێل ئۆنفڕای: نیتچە بە شتێک پێناکەنێت کە باوەڕی پێیەتی! وێڕای ئەوە، ئەوە تایبەتمەندیی بیرمەندە پێکەن و خاوەن باوەڕەکانە. هەروەها ناوچەی کوێری ئەو بیرمەندانەیشە! دیموکریتس بە هیراکلیتس پێدەکەنێت، نەک بە خودی خۆی، دیۆجین بە پلاتۆ پێدەکەنێت، نەک بە خودی خۆی، نیتچە بە پلاتۆنیزم، مەسیحییەت، ئایدیالیزمی ئەڵمانی، ڤاگنەریزم  پێدەکەنێت، بە خودی خۆی پێناکەنێت ... باڵامرۆڤ، گەڕانەوەی هەمیشەیی و خۆشویستنی چارەنووس،  کۆڵەکەکانی بالەخانە فەلسەفییەکەی نیتچەن، پاشان پێکەنین بە فڵان فەیلەسووف، دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی قەڵای چەمکی ئەو فەیلەسووفە! ئەو شتەی لە وێناکردن بە دەرە، لە بڕوا پێ کردن بە دەرە ...

پێکەنین، گڵاوکاریی دەکات، مرۆڤ ناتوانێت لە کەسێک کە پێدەکەنێت داوا بکات لە پیرۆزییەکەی نەدات و بچووکی نەکاتەوە، کە ئیتر لە پیرۆزبوون دەکەوێت. پابەندبوون بەو شتە کە پێی پێ دەکەنین، یاخود لانیکەم بە کاتی پێکەنین، نییە. بەڵام تەنانەت کاتی قەدەغەکردنی باوەڕبوون بە پێکەنین، لای مرۆی باوەڕدار کاتێکە دەدرێتە دواوە.

پێکەنین بە تایبەتی ئاراستەی ئەوی تر دەکرێت، چونکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا، گریمانی ڕادەیەک لە دڵڕەقی بەرامبەری دەکات؛ باتای، فوکۆ، ڕوسی، لە گەورە پێکەنەکانی سەدەی بیستن، هەرگیز لە دۆخی پێکەنین بە خودی خۆیاندا لە قافدا نەگیراون! وێڕای ئەوە، هەریەک لە باتای و فوکۆ، دوو کەسایەتیی بێزئاوەر بوون، بە پێچەوانەی کلیمۆن ڕوسی، کە مەی و (پیانۆ) دەستگیرۆیی دەکەن تاقەتی مەینەتییە بوونگەراییەکانی خۆی بگرێت.

پێکەنین بە خۆ، وا دەخوازێت ئامێری مۆسیقاژەنە سارتەرییەکە، ئامێری مۆسیقاژەندنی چەپ بێت، "بیرکردنەوە لە دژی خود خۆی"، دەشێت وێنا بکرێت. هیچ کەسێک نییە نەتوانێت لە دژی خۆی بیر بکاتەوە، پتر لەو کەسانەی کە هانی بیرکردنەوە لە دژی خۆیان دەدەن! تەواوی چەپ، تەنها کاتێک دەمانچەیەک لەسەر لاجانگیانە، ڕاستەوخۆ پێش ئەو گوللەیەی کە هاوڕێکانی پێشوویان بۆیان تەرخان کردوون، پەیڕەو لە ڕەخنە لەخۆ گرتن دەکەن. هەرگیز پێشتر تێبینیتان کردووە سارتەر بۆ تەنها جارێک لە دژی خۆی بیر بکاتەوە؟ ئەو کارەی سارتەر وەک وردەبۆرژوایەک کردی، بیرکردنەوە بوو لەبەر خۆی بە تەنها، هەرچی چەوتییە ئایدیۆلۆژییەکانی سەردەمەکەی هەن، لە خۆیدا کۆی کردبوونەوە.

 

پرسیار: چۆن نیتچەتان دۆزییەوە؟ یەکەم دیداریتان لەبیرە؟ لە کوێ بوو؟ لەو کاتەدا تەمەنت چەند بوو؟

میشێل ئۆنفڕای: تەمەنم ١٤ بۆ ١٥ ساڵ دەبوو، لە بازاڕێک بوو لە ئارگۆنتان، کە شارێکە قۆناغی ئامادەیی لەوێ خوێندکار بووم لە بەشی ناوخۆیی. ژنێک هەبوو کتێبی دەستی دووی بۆ کتێبی گیرفان بە نرخی هەرزان دەفرۆشت. ئەو کات وەک برسییەک و بە شێوەیەکی بێ سەروبەر و بێ بەرنامە، شیعر و ڕۆمان و کۆمەڵناسی و فەلسەفە و دەروونشیکارییم دەخوێندنەوە. بە چەشنێکی بێسەروبەر و تا ڕادەیەک وەک پاڵەوانەکەی نێو ڕۆمانی هێڵنج، هیچ کەس ئاراستەی نەدەکردم، لەو بڕیارانەدا هیچ کەس چاوساغم نەبوون، هیچ کەس وای لێ نەدەکردم کاتم بۆ بگەڕێنەوە، بەوەی ئامۆژگارییم بکات، لە بریی ئەم کتێب و ئەو کتێب ... لەو ماوەیەدا ئاشنای سوریالیزم و بۆدلێر و بوونگەرایی و سارتەر و بۆڤوار و کارەکانی فرۆید و ئانارشیزم بە کتێبی موڵکایەتی چییە؟ ی پرۆدۆن و بە کتێبی بەیاننامەی پارتی کۆمۆنیستیش ئاشنای مارکسیزم بووم. پاشان بە کتێبی زەردەشت وەها دوا، لە زنجیرەی کتێبی گیرفان، ئاشنای نیتچە بووم. دەبێت بڵێم نیتچە و مارکس و فرۆید، ئەو سێ فەیلەسووفەن، کە بە فەیلەسووفەکانی گومان ناوزەد دەکرێن، مرۆڤیش کاتێک لەو تەمەنەدایە و، ئەو ڕابووردووەیش کە هەمبوو، خۆری درەوشاوەی بوونی بوو، ژیانی جووتیاریی باوکم و دایکم کە پاککەرەوەی ماڵان بوو، واتە هەژاریی، نەک بەدبەختی، لە ماڵەوە، هەموو ئەو شتانە لەگەڵ لێکدانەوەی ململانێی چینەکان، دەرفەتسازییدا، کە دزینی هێزی کارکردنی کرێکارە، لای مارکس و پرۆدۆن، ڕووبەڕوو بوونەوە.

لە نێوان دە و چواردە ساڵی، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، هەتیوخانەی قەشە سالیزییەکانم بەجێ هێشت، هەندێک لە سەرپەرشتانی هەتیوخانەکە لەو کەسانە بوون کە گێچەڵی سێکسییان بە منداڵان دەکرد، لەو کاتە بە دواوە، دژە مەسیحییەتەکەی نیتچە دەستی کرد بە ئاخاوتن بۆم. هەروەها دەستکەوتەکانی فرۆید، لەنێو کتێبی سێ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تیۆری سێکسیدا، کە تایبەت بە هەرزەکار بوون کە من بووم.

لە تەمەنی چواردە ساڵیدا، لەبەر ئەم بڕە هۆکارە بە ئاشکرا لاوازە، نیتچەم خۆشویست: ئەو دژایەتیکردنەی دژایەتیی مەسیحییەت دەکات، بەڵام هەروەها لەبەر ئەو ستایشەی ستایشی دڵڕەقی دەکات و ڕەخنەی بەزەیی دەکات و پەسنی بەهێزان دەدات و قینی لە کۆیلەیە و خزمەتکارانی خۆشناوێن و کەیفی بە ژن نایەت، "ویستی بۆ هێز"، "باڵامرۆڤە" بەناوبانگەکەی، خوێندنەوە سەرپێیەکانم زۆرن! با بڵێین خوێندنەوەیەکی هەرزان بایی بوون، دوور نییە، پاساوی خۆم هەبوو، لەبەر ئەوەی تەمەنم نزیکەی پانزە ساڵ بوو، هەرزەکاریی و قۆناغی جەستەیەک لە دۆخی توانەوەدا، دڵێکی گەرم، ڕۆحێکی یاخی و تووڕە، لێرە خۆراکی ڕۆژانەی خۆی دەست دەکەوێت و دەدۆزێتەوە! ئەوە بۆ من ئاژاوەیەکی وێژەیی پێکهێنا ... هەڵبەتە ئەوەیش ڕاست نییە.

ئەوە، ئەگەر دەربڕین یاخود بۆچوونێک بەکاربهێنین کە نیتچە پێی باشە، بڕێک "کاوێژکردن"ـە، بە تێپەڕبوونی کات، دەرفەتی دەرباز بوون لەو خوێندنەوە سەرەتاییەی بۆ ڕەخساندم. ئەو کارە، مەییەکی بەهێزە، ئەگەر قوومی گەورەی هەرزەکارانە لێ بدرێت، زیانبەخشە!

پرسیار: کام کتێبی نیتچە لای ئێوە چاکترین کتێبێتی؟ کە پێویستە لە ڕێگایەوە بچینە نێو فەلسەفەکەیەوە؟

میشێل ئۆنفڕای: من پێم وایە لە میانی ئەم گفتوگۆیەمانەوە خوێنەر تێگەیشت کە باسەکە پەیوەندیی بە کتێبی زەردەشت وەها دوا- وە هەیە، بەڵام ئەو کتێبەی کە پێویستە مرۆڤ بە هۆیەوە کۆتایی بە کاری خوێندنەوەی خۆی بهێنێت کاتێک هەموو کتێبەکانی نیتچە دەخوێنێتەوە، کتێبی زانستی شادە، بە هۆی ئەو پێشەکییە سەرنجڕاکێشەیەوە کە هەیەتی، وێڕای ئەوە، کتێبی زانستی شاد هەموو ئەو نەرمی و قووڵی و شێواز و کەشخەیی و چوستی و ڕوونی و ڕیشەیێتییە کە نیتچە ڕەچاوی کردوون چڕ دەکاتەوە ...       

 

پەراوێزەکان:

(١)میشێل ئۆنفڕای، مێژوویەکی دژوازی فەلسەفە، ١٢  بەرگ، گراسێ، ٢٠٠٦- ٢٠٢٠.

(٢)میشێل ئۆنفڕای، پوختە ئینسایکلۆپێدیایەکی جیهان، بەرگی ١، کۆزمۆس، بەرەو داناییەک بەبێ ئاکار، بەرگی ٢، داڕووخان. ژیان و مەرگی جوویزمی کریستیانیزم، بەرگی ٣ دانایی. زانینی چۆنێتیی ژیان لە دامێنی گڕکانێک، بەشی ٤ ئانیما، ژیان و مەرگی ڕۆح لە لاسکو تا پاش مرۆگەرایی، ئالبان میشێل، ٢٠١٥، ٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٣.

دەقی گفتوگۆکە لەنێو ژمارەی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ی گۆڤاری مانگانەی فەڕەنسی Revue Des Deux Mondes دا بڵاو کراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×