بەهرۆز جەعفەر
دوای ساڵ و نیوێک لە ئامادەکاریی پرۆپۆزەڵ و گفتوگۆی بەردەوام، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا زانستییە بڵاوکەرەوەکانی جیهان «گروپی ئیمیراڵد- Emerald Publishing Group لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ دا بڵاوکردنەوەی کتێبێکی زانستیی بۆ توێژەرو ئەکادیمیستی کورد « د. بەهرۆز جەعفەر» ی قبوڵ کرد.
بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بەناونیشانی: کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: هەڵدانەوەی وەرچەرخانێکی ناوچەیی" بە پێی پلانی کۆمپانیا بڵاوکەرەوەکە کەوتۆتە ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤.
لەگەڵ ئەوەشدا، ماوەی نیزیکەی دوو مانگە بازاڕە گەورەکانی وەک تارگێتی ئەمریکی، ئەمازۆن، برامیلا ستی سەنتەر، بووک ئۆنلاین، تریفت بووک و ئانجوس ڕۆبیرت سۆن و دەیان پێگەی جیهانی بەرگی کتێبەکەیان داناوە بۆ کڕینی پێشوەختە.
گرووپی ئیمڕاڵد، بارەگای سەرەکی لە بەریتانیا و ئەمریکایە، لەساڵی (٢٠٢٤) دا پێگەی (٣٢) مین شوێنی وەرگرتوە لە بەریتانیا کە خەڵکی ئیلهامی لێوەوە وەردەگرن. نیزیکەی (٣٠٠) گۆڤاری زانستیی سکۆپەس سەر بەم گرووپەن. لە ساڵی ٢٠٢٢ ەوە گرووپی زانیاری کامبریج گرووپی ئیمراڵدی کڕیوە. ئیمراڵد ساڵانە (١٠٩) ملیۆن سەردانکەریان هەیە، سەروو پەنجا ساڵ ئەزموون وایلێکردون لە (١٣٠) دەوڵەتەوە توێژەرانێک کە توانای دۆزینەوەی چارەسەرییان بۆ پرسە ئاڵۆزە- جیاوازەکان هەیە بەشدارییان لەگەڵ بکەن.
نوسەری کتێبەکە "بەهرۆز جەعفەر" ە، گەنجێکی لەدایکبوی باشوری کوردستان ( قەزای چەمچەماڵە)، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە زانکۆی قوبرسی نێودەوڵەتی، نیکۆسیا. بەهرۆز جەعفەر ماوەی (١٧) ساڵە ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەرێکی کوردە، لەناوەندە کوردیی و جیهانییەکاندا تێگەیشتنەکانی سەبارەت بە ئاسایشی وزە، پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و ململانێی بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەکاتەوە. هاوکات نووسەر لەساڵی (٢٠١٦) ەوە دامەزرێنەر و سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.
گۆگڵ- بووک، بە کورتی باسی ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات، دەڵێ ئەم کتێبە بەناونیشانی:
Deciphering the Eastern Mediterranean's Hydrocarbon Dynamics: Unravelling Regional Shifts
هەوڵێکە بۆ ناساندنی جیۆپۆڵەتیکی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی وەک حەوزەیەکی کاریگەری جیهانی لە ڕوانگەی گازی سرووشتی و نەوت و بەکارەبایی کردن و پرسە ژینگەییەکانەوە، هەروەها ئەو تەحەددا گەورانەی وەک کێشەی ئیسرائیل- فەلەستین، کێشەی قوبرس، کێشەی سنورە ئاوییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، قەیرانی سوریا بەرۆکی ناوچەکەیان گرتۆتەوە و ناوبەناو دەبنە هەڕەشە بۆ سەر پرسی ئاسایشی ناوچەیی. کتێبەکە چاپتەڕێکی تایبەتە بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە چۆن دەکرێ وەک کوتلەیەکی وزە ببرێتە سەر نەخشەی وزە لە دەریای سپی ناوەڕاست.
لەبارەی نرخی کتێبەکەوە، کۆمپانیای بڵاوکەرەوە لە نێوان (120$ بۆ 150$) دا بۆ هەرکۆپییەک بە پێی دراوی وڵاتان نرخی داناوە.
ئەم کتێبە ئەکادیمییە لە حەوت بەش پێکهاتوە؛ هەوڵێکی تازەیە سەبارەت بە ئاسایشی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە ڕوانگەی جەنگی ئۆکراینەوە.
حەوزی دەریای ناوەڕاست (البحر الأبيض المتوسط- Mediterranean ) گرنگییەکی جیۆستراتیژیکی بێئەندازەی هەیە، کە هەرسێ کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەک چۆن لینکی پەیوەندیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپایە. لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، بە تایبەت لە روانگەی گازی سرووشتی و نەوت و وزە نوێبوەوەکانەوە ، بوەتە پێگەیەکی هەستیار و سەرەکی بۆ چالاکییە جیۆپۆلیتیکییەکان. دامەزراوە بازرگانییە جیهانییەکان و لایەنە حکومییەکانی ناوچەکە بە توندی سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئاڵۆزە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکانن کە تایبەتن بە ناوچەکە.
لە کتێبی شیکردنەوەی داینامیکی هایدرۆکاربۆنی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: هەڵدانەوەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان (Deciphering the Eastern Mediterranean's Hydrocarbon Dynamics: Unravelling Regional Shifts) نووسەر بەهروز جەعفەر بە وردی لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی دەریای ناوەڕاست دەکۆڵێتەوە، و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گرینگی توانا هایدرۆکاربۆنەکان. ئەم لێکۆڵینەوە گشتگیرە ورد دەبێتەوە لە گرنگی ستراتیژی دەریای ناوەڕاست و لێکۆڵینەوە لە ململانێ سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات، لەوانە قەیرانی سوریا، گرژیەکانی تورکیا و قوبرس، ململانێی عەرەبی و ئیسرائیل و ناکۆکییەکانی لوبنان و ئیسرائیل. ئەم ڕووداوانە لەگەڵ گفتوگۆکان لەسەر ئابووری سیاسی نێودەوڵەتی نەوت و گاز، سنووری ئاو، و کارەباییکردن لە ناوچەکەدا یەکدەگرنەوە و ڕۆشنایی دەخەنە سەر لایەنە چارەنووسسازەکانی ئاسایشی ناوچەکە. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوەکە ورد دەبێتەوە لە ڕۆڵی ئەکتەرە دەرەوەی ناوچەییەکانی وەک ناتۆ، ڕووسیا و ئەمریکا لە داڕشتنی داینامیکی لەناو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
هەریەکە لە تورکیا، قوبرس، ئیسرائیل، میسر، لوبنان، سوریا ئەو وڵاتانەن کە دەکەونە سەر ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ئیسرائیل و قوبرس گازی سروشتیان دۆزیوەتەوەو وەبەرهێنان لە وزەدا دەکەن، ئەم کتێبە باس لەو ئالیەتە دەکات کە بە ژێر ئاودا کێڵگەکانی ئەو دوو وڵاتە پێکەوە بەستراون، هەروەها هێڵی بۆڕی ١٩٠٠ کیلۆمەتری بە ژێرئاودا ئەم گازە سرووشتییە بەرەو یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەگوێزێتەوە.
ئەم کارە قووڵە بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و هەروەها شیکارانی جیۆپۆلەتیکی، پسپۆڕانی وزە و بڕیاردەران بەنرخە کە هەوڵی تێگەیشتن لە گرنگی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەدەن. ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئاسایشی وزە، جیۆپۆلیتیک و کاریگەریی زلهێزە ناوچەییەکان لەسەر نیگەرانییەکانی ژینگە.
دەرئەنجامەکانی ئەم کتێبە ڕەنگە نەک بۆ ئەوروپاو ناوچەی دەریای سپی گرنگ بن، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەی کەنداوی عەرەبیش. لەلایەک دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا بابەتێکی بونیەویە، لایەنی کەم لەبەر پرسی کۆچبەر کە ڕۆژانە هەزاران کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکاوە لەم ئاوانەوە دەپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. هەروەها بۆ پرسی ئاسایشی وزەش، وڵاتانی وەکو قەتەر و ئیمارات و سعودییە پەیوەندیی گەورەیان بەم ناوچە ستراتیجییەوە پەیداکردوە، بەتایبەتی کۆمپانیای «موبادەلە پیترۆلیۆم» ی ئیماراتی لە کێڵگە گازییەکانی ئیسرائیلدا لە کەناراوەکانی دەریای سپی وەبەرهێنان دەکات و ئیمارات و یەکێتی ئەوروپاو ئیدارەی ئەمریکا بوونەتە ئەندام لە «لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی» کە سکرتارییەتەکەی لە قاهیرەیە.
ئەم کتێبە دەری دەخات کە یاریکەرە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بریتین لە تورکیا، میسر و ئیسرائیل. لەگەڵ ئەوەشدا هێڵەکانی وزە لە ئایندەدا زۆربەیان دەکەونە سەر ئەم حەوزە ستراتیجییەو، ئەم کوتلە جیۆپۆڵەتیکییە لە ڕووی ئابوریی وزەو پرسی ئاسایشەوە بەرفراوانتر دەکرێت.