موقتەدا سەدر داوای دەرکردنى باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق دەکات
  2024-05-28       221       


موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتیمانی شیعە راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح بڵاوکردەوە و تیایدا ئەمریکا بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل تۆمەتباردەکات و بۆ ئەوەش بەتوندی داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات.

سەدر راگەیەنراوەکەی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، ئیسرائیل خەڵکی غەززەی لە ماڵ و حاڵ و نیشتیمانی خۆیان دەرکردووە و بەنیازە ئەو سیاسەتە بەئاڕاستەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا درێژە پێبدات، ئەوەش بەپشتیوانی ئەمریکا دەکات.

موقتەدا سەدر ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی پشتیوانییەکانی واشنتن لە هێرش و خوێنڕێژییەکانی ئیسرائیل، چەندین جار داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کردووە و ئێستاش بەپێویستی دەزانێت بەغدا ئەو هەنگاوە بنێت بەبێ ئەوەی خوێن بڕژێت.

سەدر هێرشەکانی ئیسرائیل بەکردەوەی تیرۆرستی ناودەبات و دەڵێت، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناردنەوەی باڵیۆزەکەی هەنگاوێکی ئاشتییانەیە دژی ئەو هێرشانە.

سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ لەبەکارهێنانی هێز زیاتر ئازاری ئەمریکا دەدات و هیچ بیانوویەکیشیان نامێنێت بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق و خەڵکەکەی.

لەکۆتاییشدا، موقتەدا سەدر داوای لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی دەکات هەنگاوی کارا بنێن بۆ کۆتایهێنان بە کۆمەڵکوژی هاووڵاتیانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە و چیتر بێدەنگ نەبن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×