پاش ئەوەی لە ماوەی 48 كاتژمێردا، سێ رێستۆرانتی ئەمریكی لە بەغدا كرانە ئامانج، تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەو بە ئامانجگرتنانە رانەگەیاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دوو رێستۆرانتی ئەمریكی لە یەك كاتدا كرانە ئامانج، كە یەكێكیان رێستۆرانتی كەی ئێف سی بووە لە جادریە لەلایەن چەكدارانەوە هێرشی كراوەتە سەر و شوشە و پێداویستییەكانیان شكاندووە و هەڵاتوون، هەروەها رێستۆرانتی "جێڵی هاوس" لە شەقامی فەڵەستین بە بۆمبی دەستی هێرشی كراوەتەسەر.
دوێنێش، لقێكی دیكەی ڕێستۆرانتی كەی ئێف سی ئەمریكی بە بۆمبی چێندراو كرايە ئامانج، كە لەبەردەم دەرگای رێستۆرانتەكە بۆمبەكە چێندرابوو.
لەئێستاشدا، هۆكاری ئەو هێرشانە نەزانراوە، بەڵام پێشبینیدەكرێت پەیوەندییان بە جەنگی غەززەوە هەبێت، چونكە پێشتریش ئەو رێستۆرانتانە و چەند براندێكی جیهانی بەهۆی پشتیوانیكردنییان لە ئیسرائیل، بایكۆت كران.