سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەرژمێری ئەزموونی دانیشتووان ئەنجام دەدرێت
  2024-05-24       280       

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، كاری ڕاهێنانی تیمەكان و توێژەران كۆتایی هاتووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەرفەتێكی زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانكردن و تۆماركردنی كەموكوڕییەكان.

عەبدول زەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بارەی دەستپێكردنی سەرژمێری تاقیكاری دانیشتوان عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

عەبدول زەهرا هنداوی ڕایگەیاند: كاری ڕاهێنانی تیمەكان و توێژەران و هەموو كارمەندەكان كۆتایی هاتووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێكارەكان جێبەجێ دەكرێت، بۆ دیاریكردنی ئەو ناوچانە، كە بەپێی سیستەمی جوگرافی سەرژمێری ئەزموونییان تێدا ئەنجام دەدرێت.

هنداوی دەشڵێت: سەرژمێری دەرفەتێكی زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستنیشانكردن و تۆماركردنی هەر كەموكوڕییەك، چ تەكنیكی یان تابلێتەكان بێت، كە لە سەرژمێریەكەدا بەكارهێنراون بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی كارەكانی بەڕێوەبچێت.

عەبدول زەهرا هنداوی باسی لەوەشكرد، بەشی یەكەمی ئامێرەكانی سەرژمێری وەرگیراون و بەكاردەهێنرێت بۆ سەرژمێرییە ئەزموونییە.

دواین سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ لە پارێزگاكانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە، چونكە ئەوكات هەرێم لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا نەبوو، خۆی ئیدارە و حكومەتی هەبوو، بۆیە بۆ زۆربەی پرسەكان پشت بە ئاماری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٨ دەبەسترا كە ئەو كات لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمیش لە ئەنجام دراوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×