چەند زانیارییەک لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئامێرە نوێیەکانی ئایفۆن دزەییان پێکراوە، بەپێی ئەو زانیارییانەش گۆڕانکاری گشتگیر لە پاتری و کامێراکانیان دەکرێت، پێشبینی دەکرێت ئامێری ئایفۆنی ئەمجارە بە دیزاینێکی نوێوە نمایش بکرێن.
ماڵپەڕی (کرەیتڤ بڵۆک) چەند زانیارییەکی دزەپێکراوی لەبارەی وەشانی نوێی ئامێرەکانی ئایفۆن بڵاوکردەوە و گرنگترینیان ئەوەیە، کە کامێرا و پاتری ئایفۆن 16 گۆڕانکارییەکی گشتگیریان تێدا دەکرێت.
کامێرای سەرەکی ئامێری (ئایفۆن 16 پڕۆماکس) هەستەوەرێکی گەورەتر لەخۆدەگرێت
هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانە، کامێرای سەرەکی ئامێری (ئایفۆن 16 پڕۆماکس) هەستەوەرێکی گەورەتر لەخۆدەگرێت، هەروەها بۆ یەکەمین جار (ئایفۆن 16 پڕۆ) خاوەنی کامێرایەکی 48 مێگاپێکسڵی گۆشە فراوان دەبێت.
هەستەوەری کامێرای ئایفۆن 16 پڕۆ ماکس پشت بە هەستەوەری (Sony IMX903)ی پێشکەوتوی 48 مێگاپێکسڵ دەبەستێت، هەروەها دیزاینی ئایفۆن 16 جیاواز دەبێت و کامێراکان بە شێوەی ستونی ریز دەکرێن لە پشتی مۆبایلەکە، ئەوەش توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بەرەوپێش دەبات.
هاوکات، دەوترێت ئایفۆن 16 پڕۆماکس خاوەنی زومکردنی تێلەفۆتۆگرافی ئاست بەرز دەبێت، بەو شێوەیەش درێژی فۆکەسی هاوێنەی کامێراکەی لە 77 ملیمەترەوە بۆ 300 ملیمەتر زیاد دەکات.