فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەگەڵ نوێنەرانی گروپە سیاسی و چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لە ناوچەكە كۆبونەوە
  2024-05-23       378       

هاوكات لەگەڵ رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری كۆچكردوی ئێران لە شاری مەشهەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربەو سوپایە لە تاران كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ نوێنەرانی گروپە سیاسی و چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لە ناوچەكە، ئەنجام دا.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو وێنانەی كە ئاژانسی تەسنیمی نزیك لە سوپای پاسداران بڵاویكردونەتەوە، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، نەعیم قاسم، جێگری سكرتێری گشتی حزبوڵای لوبنان، محەمەد عەبدولسەلام، وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵای یەمەن و محەمەد هیندی، یاریدەدەری سكرتێری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی ئامادەی كۆبونەوەكە بون.

هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لە كۆبونەوەكەدا نوێنەرانی بەشێك لە گروپە چەكدارەكانی دیكەی لایەنگری ئێران لەوانە نوێنەری گروپی بەرەی گەل بۆ ئازادیی فەلەستین و نوێنەرانی گروپە میلیشیاكانی عێراقیش، ئامادە بون.

بەگوێرەی ئاژانسی رەسمی هەواڵی ئێران، لەو كۆبونەوەیەدا "دوایین دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەربازیی ناوچەكەو ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقساو رۆڵی بەرەی مقاوەمە" تاوتوێ كراون و جەخت لە "بەردەوامی جیهادو خەبات تا سەركەوتنی تەواوەتی بەرخۆدانی فەلەستین لە غەززە بە بەشداری هەمو گروپەكان و قۆڵەكانی بەرەی مقاوەمە لە ناوچەكە" كرایەوە.

ئاژانسە رەسمییەكەی ئێران زانیاریی زیاتری لەبارەی كۆبونەوەكە نەخستۆتەڕو.



 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×