پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، ده‌ستپێکی رێگایه‌کی بێ‌کۆتایی
قادر وریا
مێژووی کورد قه‌رزداری ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌یه که رۆڵی گرنگیان له به‌ره‌وپێشبردنی خه‌باتی رزگاریخوازیی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا هه‌بووه.
له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، مێژووی نوێی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیخوازیی، به دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێکهاتنی کۆماری کوردستان، ده‌ست پێده‌کا.
دامه‌زرانی حیزبی دیموکرات و جمهووریی کوردستان، ئه‌و دوو رووداوه گرنگه مێژووییه‌ن که له‌گه‌ڵ ناو و که‌سایه‌تیی گه‌وره‌پیاوێک لێک گرێدراون. که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیی زانا و نیشتمانپه‌روه‌ر که له هه‌لومه‌رجێکی گرنگی مێژوویی‌دا وه‌ک خۆر دره‌وشایه‌وه و به زانایی و لێکدانه‌وه و سه‌رکردایه‌تیی حه‌کیمانه‌ی خۆی، کوردستانی رووناک کرده‌وه. ئه‌و که‌سایه‌تییه، دامەزرێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی جمهووریی کوردستان، پێشەوا قازی محه‌ممه‌د بوو.
قازی محه‌ممه‌د له ١١ی بانه‌مه‌ڕی ١٢٧٩ی هه‌تاوی (١ی مای ١٩٠٠ی زایینی) له بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌ناوبانگ، له بنه‌ماڵه‌ی قازییه‌کانی مه‌هاباددا له دایک بوو. دایکی له بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گییه‌کان و باوکیشی، قازی عه‌لی، قازیی شه‌رع و که‌سایه‌تییه‌کی به‌ڕێز و به‌ناوبانگی شاری مه‌هاباد بوو. قازی محه‌ممه‌د له سه‌رده‌ستی باوکی، زانسته ئایینییه‌کانی خوێندوه، جگه له زمانی کوردی، فارسی و عه‌ره‌بییشی به باشی زانیوه، دواتر خۆی فێری زمانه‌کانی تورکی، رووسی و ئینگلیزی کردوه. له ساڵی ١٩٢٦ه‌وه، سه‌رۆکی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده و فێرکردنی مه‌هاباد بووه و له دوای مردنی باوکی له ١٩٣١، بووه به قازی شه‌رعی مه‌هاباد.
دوای ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف له ٢٥ی گه‌ڵاوێژی ١٩٤٢ له مه‌هاباد دامه‌زرا، پاش ماوه‌یه‌ک قازی محه‌ممه‌دیش بوو به ئه‌ندامی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه. زۆری نه‌برد له به‌ر لێهاتوویی و که‌سایه‌تیی به‌هێزی، رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی گرته‌ده‌ست. هه‌ر به پێشنیار و رێنیشاندانی ئه‌ویش بوو که له سه‌ر بناغه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف، حیزبی دیموکراتی کوردستان دامه‌زرا، بۆ ئه‌وه وڵامده‌ری رێبه‌رایه‌تیکردنی خه‌باتی روو له گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌لومه‌رجی نوێی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بێ.
له ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٤ی هه‌تاوی (٢٢ی ژانویهی١٩٤٦ ) حیزبی دیموکراتی کوردستان له سه‌رده‌ستی پێشه‌واکه‌ی، قازی محه‌ممه‌د له چوارچرای شاری مه‌هاباد و له میتینگێکی گه‌وره‌دا، جمهووریی کوردستانی راگه‌یاند. قازی محه‌ممه‌د له‌و رۆژه‌دا، وه‌ک سه‌رکۆمار سوێندی خوارد و وتاری پێشکه‌ش کرد.
به دامه‌زرانی حیزبی دیموکرات و جمهوریی کوردستان، که قازی محه‌ممه‌د، رۆڵی بنه‌ڕه‌تیی له هه‌ردووکیان دا هه‌بوو، ناسیونالیزمی کورد و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکی کوردستان، پێیان نایه نێو قۆناغێکی نوێوه. قۆناغی جاڕدانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی و رۆیشتن له سه‌ر رێبازێک که نه‌ته‌وه‌خوازی، دیموکراسی‌خوازی و پێکه‌وه‌ژیانی به ته‌بایی له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له یه‌کتری، ئاوێته‌ی یه‌ک کردوه. رێبازێک که قازی محه‌ممه‌د بووه به سه‌مبولی و هه‌روا به‌رده‌وامه.
له ژێر رێبه‌رایه‌تیی قازی محه‌ممه‌دی پێشه‌وادا بوو که حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بوون به مه‌کۆی لێک کۆکردنه‌وه‌ی چین و توێژه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، بوون به ڕووگه‌ی نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و روویان کرده مه‌هاباد، پێته‌ختی کۆمار.
قازی محه‌ممه‌د، ده‌ستپێکی رێگایه‌کی بێ‌کۆتایی بوو. ئه‌و به دامه‌زراندنی حیزبێک، که ئاڵای ده‌ستی ئه‌وی هه‌روا به شه‌کاوه‌یی راگرتوه، به راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان که پێشانده‌ری لێبڕاویی نه‌ته‌وه‌ی کورد له سه‌ر ستاندنی مافی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادژیانه، به بیر و ئه‌ندیشه و کرده‌وه‌کانی له پێگه‌ی یه‌که‌م سه‌رکۆماری کوردستان دا، نه‌ک هه‌ر له سه‌ر سه‌رده‌می خۆی، به‌ڵکوو کاریگه‌ریی قووڵی له سه‌ر داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌شی دانا.
به وته‌ی دوکتور قاسملووی نه‌مر، "ئه‌و شه‌خسییه‌ته مه‌زنه له مێژووی گه‌لی کورددا پله و مه‌قامێکی تایبه‌تی و به‌رزی هه‌یه که پێویسته لاوانی تازه پێگه‌یشتوو له‌گه‌ڵی ئاشنا بن و له ژیانی ده‌رس وه‌ربگرن، هه‌ر چه‌ند ته‌مه‌نی زۆر درێژ نه‌بوو. پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له شارستانییه‌ت و زانستی تازه و هه‌روه‌ها له وه‌زع و رووداوه‌کانی جیهان به ته‌واوی شاره‌زا بوو... له زانستهکانی ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ستێکی باڵای هه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که رووناکبیرێکی پایه‌به‌رز بوو، له نێو خه‌ڵکێکی ساویلکه و به‌داخه‌وه به‌شی زۆری نه‌خوێنده‌وار ده‌ژیا، گوڵێک بوو له سه‌حرا روا بوو، به‌ڵام دیسانه‌که له‌گه‌لی خۆی نزیک بوو، ده‌رد و ئازار و هیوا و ئاواته‌کانی زۆر باش تێگه‌یشتبوو. پێشه‌وا قازی هه‌موو زانست و تێگه‌یشتنی خۆی بۆ خزمه‌تی گه‌ل ته‌رخان کردبوو... تێده‌کۆشا که ریزه‌کانی نێو خه‌ڵکی کوردستان یه‌کگرتوو بکا."
١١ی بانه‌مه‌ڕ، رۆژی له دایکبوونی کهسایاتیی گه‌وره‌ی کوردستان پێشەوا قازی محه‌ممه‌ده. ئه‌و رۆژه به بۆنه‌ی رۆڵی گرنگی قازی محه‌ممه‌د له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی دا بایه‌خی خۆی هه‌یه و پێویسته بایه‌خی تایبه‌تیی پێبدرێ. با ١١ی بانه‌مه‌ڕیش، وه‌ک ٢ی رێبه‌ندان و ١٠ی خاکه‌لێوه و ٢٥ی گه‌ڵاوێژ، ببن به بۆنه‌یه‌ک بۆ ناسینی زیاتری پێشه‌وا و رێبه‌رێک که ناو و یاد و رێگا و وته و کرده‌وه‌کانی هه‌روا ئیلهامده‌ر و رێنوێنمانن.
رۆژی له دایکبوونی پێشه‌وا، رۆژی هه‌ڵاتنی خۆری هیوایه. به پڕشنگی ئه‌م خۆره، رێگای خه‌بات به‌ره‌و رزگاریمان، رووناک ده‌که‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
کتێبی "یادی ٦٠ ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی پێشه‌وا و هاوڕێیانی"
١ـ وتاری "خوێندنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی فیکر و که‌سایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د" نووسینی: دوکتور یاسینی سه‌رده‌شتی
٢ـ روانگه و بۆچوونی که‌سایه‌تییه جۆراوجۆره‌کان له سه‌ر پێشه‌وا (دوکتور قاسملووی نه‌مر)