سەرۆک کۆمارە کوردەکەی عێراق بۆ چارەسەرى مووچەی هەرێم چى پێدەکرێت؟
  2024-03-27       1645       
لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمارى عێراق

پەرلەمانتارێکى پارتى لەعێراق‌: پرسى مووچە ئاڵۆزەو بەسەرۆک کۆمار چارەسە ناکرێت

 

ئا: وریا حسێن

 

گرێى پەیوەندییەکانى هەولێرو بەغدا لەدان دەرچووەو بەرەوە قرتان دەڕوات، تازە بەتازە سەرۆک کۆمارى عێراق دەرگاى کۆشکەکەى بۆ چارەسەر واڵا دەکات، بەبڕواى سیاسەتمەدار د.مەحمود عوسمان "ئەگەر سەرۆک کۆمار نەتوانێت ماددەى ٦٦ی دەستور جێبەجێ بکات وازبهێنیت باشترە".

 

کێشەی مووچەو بودجە، چەند ساڵیکە خاڵی ناکۆکی هەرە سەرەکی نێوان هەولێرو بەغدایە، ساڵێک دواى گرتنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان‌و فروانتر بوونى کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێم‌و حکومەتى فیدراڵى، ٢٤ى مارس سەرۆک کۆمارى عێراق یەکەم هەنگاوى کردەیى دەربارەى چارەسەرى کێشەکان هەڵگرت، هەنگاوەش ئەوەبوو "کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆک‌و ئەندامانى دادگاى فیدراڵى عێراق ئەنجامدا تاوەکو تەفسیرێکى جیاواز بکەن‌و ڕێگا خۆش بکەن پێدانى مووچە بەهەرێمى کوردستان بەردەوام بێت".

 

هاوڕێ تۆفیق، راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق، زانیارى ئەوەى دا بەئاوێنە لەسەرۆکایەتى کۆمارى عێراق ئامادەکارى بۆ زنجیرە هەنگاوێک دەکرێت تاوەکو یارمەتى هەرێمى کوردستان بدرێت لەچارەسەرکردنى کێشەى مووچەى فەرمانبەران، یەکەم هەنگاویش دوو کۆبونەوە بوو لەماوەى ١٥ ڕۆژى ڕابردوودا لەگەڵ دادگاى فیدراڵى، لەئەنجامى کۆبونەوەکان دادگاکە ڕاگەیەنراوێکى دەرکردو ڕوونیکردەوە بەهۆى ئەوەى بە"نیشتیمانى کردن"ى مووچە کاتى دەوێت بۆیە تا ئەو کاتە ناردنى مووچە بەردەوام دەبێت، ئەوەش گرەنتى ئەوە دەکات مووچە نەوەستێت، ئەو وتى "سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر دوو پرەنسیپ دەکاتەوە: یەکەم، مووچە بدرێت. دووەم، بەزووترین کات مووچە بگاتە دەستى خەڵک. لایەنەکانى دیکە کە هونەرى‌و لۆجستییە لەنێوان دوو وەزارەتەکەدایەو سەرۆککۆمار لەهەماهەنگیدایە بۆ هاوکاری کردنیان".

ئەو ڕاوێژکارەى سەرۆک کۆمارى عێراق هەنگاوى داهاتووى سەرۆکایەتیەکە ئاشکرا دەکات بەوەى لەپلاندایە سەرۆکایەتى ناوبژیوانى نێوان هەردوو وەزارەتى دارایى عێراق‌و هەرێمى کوردستان بکات، هاوڕێ وتی "ناوبژیوانى سەرۆکایەتى کۆمارى کاریگەرى هەبووە بە بەڵگەى ئەوەى وەزارەتى دارایى ئێستا ئاسانکارى زۆر بۆ حکومەتى هەرێم دەکات، مووچەى هێزە ئەمنیەکان بەکۆد خەرج دەکرێت".

 

لەعێراقى نوێدا، د.عەبدولتەفیف ڕەشید چوارەمین سەرۆکى کوردە کە لەکۆشکى کۆمارى دەسەڵاتەکانى پیادە دەکات، لەناو کلتورى سیاسی‌و یاساییدا دەسەڵاتەکانى سەرۆک کۆمار لەدەستوردا بەپرۆتۆکۆڵى وەسف دەکرێن، بەڵام یەکێک لەدەسەڵاتەکانى "چاودێریکردنى جێبەجێکردنى دەستورى عێراق"ە، بۆیە یاسایاناسان بڕوایان بەوەیە سەرۆکۆمار دەتوانێت ڕۆڵى خۆى بگێڕێت.

 

د.بەهار مەحمود، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لەیاساو خاوەن ئەزمونێکى فراوانیشە لەبەغدا، بڕواى وایە سەرۆکى کۆمار لەڕێگەى ئەو دەسەڵاتەى هەیەتى بۆ چاودێرى دەستور دەتوانێت چاودێرى سەرۆکایەتیەکانى دیکە بکات‌و لەهەر شوێنیک دەسەڵاتێک لایدا ڕایبگرێت، ئەو بەئاوێنەى وت "سەرۆک کۆمار هیچ کات ئەو دەسەڵاتانەى بەکارنەهێناوە".

ئەو یاساناسە جەخت لەسەر ئەوە دەکات سەرۆک کۆمار دەتوانێت لەسەر حکومەت فشار دروست بکات، بەڵام دەسەڵاتەکانى دادگاى فیدراڵى لەسەرو دەسەڵاتەکانى سەرۆک کۆمارەوەیە بڕیارەکانیان "پابەند"کەرەو دەبێت جێبەجێ بکرێن، د.بەهار وتى "سەرۆک کۆمارى ئێستاى عێراق ئەو دەسەڵاتانەى هەیەتى بەهیچ شێوەیەک بەکاری نەهێناون".

 

پارتى دیموکراتى کوردستان لەماوەى ڕابردوودا زۆرترین قسەو لێدوانى لەسەر سەرۆک کۆمار هەبووە، دوو گەڕى ململانێى قورسى لەگەڵ ڕکابەرە مێژوویەکەى یەکێتى کرد لەسەر ئەو پۆستە، بەڵام سەربارى ئەوەش پارتى زۆرترین ڕەخنەى لەئەداى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق هەیە لەخولى ڕابردوو بەئێستاشەوە.

 

یادگار مەحمود، پەرلەمانتارى عێراق‌

 

یادگار مەحمود، پەرلەمانتارى پارتى لەعێراق‌و هاوکات ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانە، لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "بەپێى ئەوەى سەرۆک کۆمار "پارێزەرى دەستورە" چاوەڕوانى ئەوەمان هەیە کە لەکێشەکانى هەرێم‌و بەغدا سەرۆک کۆمار بەئەرکى خۆى هەستێت، بەڵام بەداخەوە هیچ سەرۆک کۆمارێک بەو ئەرکە هەڵناستێت، مەگەر خوا بزانێت بۆ ئەو کارە ناکەن".

یادگار وتی "پرسى مووچە پرسێکى ئاڵۆزەو لایەنى سیاسى هەیە، چۆن ئێمە وەکو سەرۆک فراکسیۆنەکان نەمانتوانیوە بەشێک بین لەچارەسەر، نەک هەر ئەم سەرۆک کۆمارە بەڵکو سەرۆک کۆمارەکانى دیکەش هەمان کێشەیان هەیە".

ئەو پەرلەمانتارەى پارتى دیموکراتى کوردستان بەدەربڕینی خۆى ئەو دەیەوێت لەدەرەوەى "پۆپۆلیزم" قسە لەسەر سەرۆک کۆمار بکات‌و بڕواى وایە ڕەگى ئەم کێشانەى ئێستا هەیە بەتایبەت پرسى مووچە پەیوەست نیە بەتەنها بەسەرۆک کۆمارەوە، بەڵکو پەیوەستە بەڕەگى کێشەکەوە کە ١٠٠ ساڵە کوردو عەرەب پێوەى دەتلێن‌، یادگار وتی "کێشەکە نەئیرادەى سەرۆک کۆمارە، نەبێدەسەڵاتى، بەڵکو کێشەکە کوردو عەرەبە کەسمان ناتوانێن ئەوى ترمان قبوڵ بکەین".

 

بەدەر لەفراکسیۆنى پارتى، ئاوێنە گفتگۆى لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکى عێراق لەپەرلەمان کرد، بڕوایان وابوو ڕایەڵەى سەرۆکایەتى ئێستای کۆمار لەگەڵ پەرلەمانى عێراق لاوازەو هەندێک جار دەتوانیت بڵێیت ئەم رایەڵەو پەیوەندییە "نیە".

 

یەکێک لەو پەرلەمانتارانەى ئۆپۆزسیۆن کە خۆى بەدوور گرت لەوەى لێدوان  لەسەر پەیوەندىیەکانى سەرۆکایەتى کۆمار لەگەڵ پەرلەمان بدات، کاتێک پەیامێنێرى ئاوێنە پرسیارى ئەوەى لێکرد، ڕۆڵى سەرۆکى کۆمار چۆنە لەگەڵ پەرلەمانتاران، پێکەنینکى قوڵ گرتى‌و وتى "نایناسین".

 

ڕەگى قوڵى کێشەى ئێستاى سەرۆکایەتى کۆمار کە "ناتوانێت بڕیارى پاپەندکەر بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دەربکات" بەشێکى زۆرى پەیوەستە بەو دەسەڵاتانەى لەدەستورى عێراق بۆى دیاریکراوە، کە کورد وەکو بەشێکى گرنگى عێراق ڕۆڵى هەبووە لەنوسینى.

 

د.مەحمود عوسمان

 

د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارى دیارى کوردو یەکێک لەوانەى بەشدار بووە لەنوسینى دەستورى عێراقى، لەو بارەیەوە ئەوە بۆ ئاوێنە باس دەکات، لەکاتى نوسینى دەستوردا ئەو درکى بەوە کردووە کە لاسەنگى لەنێوان دەسەڵاتەکان هەیە بۆیە بەپارتى‌و یەکێتى‌و هەمووانى وتوە "ناکرێت ئێمە بەدەستى خۆمان سەرۆک وەزیران بکەینە دیکتاتۆرو هەموو دەسەڵاتەکانى بدەینێ‌و سەرۆک کۆماریش دەسەڵاتى تەشریفى هەبێت"، بەڵام بەگوێیان نەکردووە، د.مەحمود وتی "دەسەڵاتى سەرۆک کۆمار پرۆتۆکۆلییە، بەتایبەت دواى مام جەلال کە خۆى بەهێز بوو ئەگەرنا ئەویش دەسەڵاتى بەنوسراو نەبوو، یەک دەسەڵات بۆ سەرۆک کۆمار نوسراوە ئەویش لەماددەى ٦٦ی دەستورى عێراق، کە دەڵێت (دەسەڵاتى بەڕێوەبردن بریتیە لەسەرۆک کۆمار لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران)، بەڵام شیعەکان هیچ کات ئەوەیان جێبەجێ نەکردووە".

ئەو سیاسەتمەدارە بەئەزموونە بڕواى وایە، سەرۆک کۆمارى ئێستاى عێراق ئەگەر بیەوێت رۆڵ بگێڕێت گرنگە ماددەى ٦٦ جێبەجێ بکات‌و ئەگەرنا وازبهێنیت باشترە، بەڵام ئەم سەرۆک کۆمارە کێشەى دیکەشى هەیە ئەویش ئەوەیە لایەندارى بۆ لایەنێک دەکات ئەویش "یەکێتى نیشتمانى"یە، د.مەحمود وتی "ئەم سەرۆککۆمارەى ئێستا قسەی کردووەو هەوڵى داوە، بەڵام نەیتوانیوە ڕۆڵێکى کاریگەر بگێڕێت، چونکە پۆستەکەى بەو جۆرەیە".

د.مەحمود عوسمان، بەپەیامێک کۆتایى بەقسەکانى لەگەڵ پەیامێرى ئاوێنە هێناو وتى "پەیاممان هەر ئەوەیە کورد یەکگرتوو بێت، بەڵام بەداخەوە قەت نابێت".

 

پرسى مووچەو ناکۆکیەکانى نێوان عێراق‌و کوردستان ئەزمونێکى گرنگە لەبەردەم سەرۆک کۆماردا، ئەگەر ئەو پرسانە یەکلایى بکاتەوە، ڕەنگە گەورەترین گۆڵى مێژوویى لەماوەى دە ساڵى ڕابردوو تۆمار بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەویش دەچێتە ڕیزى ئەو سەرۆکانەوە کە بەبێدەنگى سەرۆکایەتیەکەیان وەرگرت‌و بەبێدەنگى بەجێیانهێشت.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×