لایەنە سیاسییە براوەكانی كەركوك لەسەر پێكهێنانی "هاوپەیمانی ئیدارەی كەركوك" رێككەوتن
  2024-02-21       630       

ئەمڕۆ چوارشەممە، لایەنە سیاسییەكانی براوەكانی كەركوك بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئامادەبون، تێیدا رێككەوتن كراوە لەسەر پێكهێنانی "هاوپەیمانی ئیدارەی كەركوك" بەبەشداری هەمو لایەنە براوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی محەمەد شەیاع سودانى، نوێنەرانی لایەنە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا لەژێر تێڕوانینی دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە بەگوێرەی ئەو مافە دادپەروەرانەی کە لەلایەن ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە دەربڕدراوە و دواتر ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری ئابوری كە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتدا بگونجێت.

بەپێی ئەو وێنانەی نوسینگەی سودانی بڵاویكردونەتەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیۆن لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بەشدارانی كۆبونەوەكە لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتون.

● بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکوکەوە وەک عێراقێکی بچوک، بەشداربوان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆڵەکانی کەرکوک لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە پێکەوەژیان بپارێزرێت و پەیوەندییەکانی برایەتی و هاوکاری لەنێوان ڕۆڵەکانیدا بەهێزتر بکرێت و دەستور ئەو چەترە بێت کە هەموان لەسایەیدا پەنا بگرن.

● ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە رێبازی شەراكەت و سازان و وەلانەنان بكرێتە بنەمای کاری هاوبەش لە پارێزگای کەرکوک.

● ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکوک بەبەشداری هەمو هێزە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا كە هاوپەیمانییەكە ببێتە چەتری سیاسی بۆیان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی ئەو هاوپەیمانییە بکات تا كاتی جێبەجێكردنی ئیستحقاقە دەستورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەو میکانیزم و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەكە.

● ئامادەکردنی (بەرنامەی ئیدارەی خۆجێی لە کەرکوک) كە لەلایەن ئەو هاوپەیمانییەی پێكدەهێنرێت، پەسەندبكرێ و هێزەكانی هاوپەیمانییەکە پابەند بن پێیەوە و ئیدارەی نوێی پارێزگاكە جێبەجیكردنی ئەو بەرنامەیە پەسەندبكات بەگوێرەی چەند میكانیزم و وادەیەكی رون و كرداری.

● هێزە سیاسییەکانی بەشداربوی کۆبونەوەکە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وەرەقەی کارکردن پێشکەش بکەن، كە تێڕوانینی خۆیان بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پارێزگاکە و میکانیزمە گونجاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەخۆبگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×