سودانی: هه‌رێمی كوردستانیش به‌شداره‌ له‌گه‌ڵمان له‌گفتوگۆكانی سه‌باره‌ت به‌كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا
  2024-02-07       422       

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق زانیارییه‌ك له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌رێمی كوردستانیش به‌شداره‌ له‌گه‌ڵمان له‌گفتوگۆكانی گۆڕینی ئه‌ركی هاوپه‌یمانان له‌عێراق‌و كشانه‌وه‌یان"، ده‌شڵێت:"ئێستا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان نییه‌".

محه‌ممه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌لێدوانێكی بۆ كه‌ناڵی (ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ حه‌ده‌س)‌ وتویه‌تى:"دوای هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌عێراق‌و سوریا، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان نییه‌".

به‌وته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، "هه‌رێمی كوردستانیش به‌شداره‌ له‌گه‌ڵمان له‌گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌گۆڕینی ئه‌ركی هاوپه‌یمانان له‌عێراق كشانه‌وه‌یان، هێنانی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داوای عێراق بوه‌و له‌سه‌ر داوای عێراقیش كۆتایی به‌ئه‌ركیان دێت".

سه‌باره‌ت به‌ئاڵۆزیی‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو چه‌كداره‌ میلیشیا عێراقییه‌كانی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئێران، سودانی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "گه‌یشتوین به‌هاوكێشه‌یه‌ك،‌ وه‌ستانی هێرشی میلیشیاكان له‌به‌رامبه‌ر وه‌ستانی وه‌ڵامه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بێت".

بەرەبەیانی ڕۆژی سێى ئه‌م مانگه‌، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەعێراق‌و سوریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران، سوپای قودس‌و گروپە پاشکۆکانیان ئەنجامداوه‌و زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە.

لەبەرامبەریشدا، یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا لەقائیم‌و ناوچە سنورییەکانی عێراق، پێشێلکردنی سەروەری عێراقەو تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×