ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سودانی لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران
  2024-02-05       362       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، عێراق هەر كردەوەیەكی تاكلایەنانەی هەر دەوڵەتێك رەتدەكاتەوە كە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەكان بێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازیكردوە لە عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا سودانی جەختی كردۆتەوە كە عێراق هەر كردەوەیەكی تاكلایەنانەی هەر دەوڵەتێك رەتدەكاتەوە كە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەكان بێت كە لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەشی سەروەری دامەزراون.

سودانی جەختیشی كردۆتەوە كە حكومەتی عێراق پەرۆشی خۆی بۆ بنەمای دراوسێیەتی باش و دامەزراندنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو جیهان سەلماندوەو هاوكات هیچ سازشێك لەسەر حسابی سەروەری و ئاسایشی عێراق ناكات.

سودانی ئاماژەی بەوەشداوە كە عێراق هەوڵی داوەو هەڵی زۆریش دەدات لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئارامی بەشێوەیەك كە لە خزمەت بەرژەوەندیی هاوبەشی سەرجەم گەلانی ناوچەكەدا بێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان جەختی لە پابەندیی ئێران بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پەرۆشی بۆ بەردەوامی كاركردن بەگوێرەی رێككەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ كردۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×