بانكی ناوەندی عێراق بڵاوی كردەوە، بە پشتبەستن بە بڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری ژمارە (١٨٥)ی ساڵی ٢٠٢٣، بە لەبەرچاوگرتنی زیانەكانی لقی بانكی ئێرانی لە عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو بانكە درا.
بانكی ناوەندی عێراق نوسراوێكی فەرمی لە بارەی داخستنی لقی بانكێكی ئێران لە عێراق بڵاوكردوەتەوە.
بەپێی نوسراوەكە، کە تێیدا هاتووە بە پشتبەستن بە بڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری ژمارە (١٨٥)ی ساڵی ٢٠٢٣، بە لەبەرچاوگرتنی زیانەكانی لقی بانكی ئێران لە عێراق و سنووردار بوونی چالاكییەكانی، هەروەها نەتوانینی جێبەجێكردن چالاكییەكانی بانكیی و نەبوونی هیچ سوودێك، بڕیاردرا مۆڵەتی بانکەکە لە عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، جگە بێ سوودی بانكەكە، ئەو بانكە كەوتووەتە ژێر سزای نێودەوڵەتییەوە.
جێگەی ئاماژەیە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك بانك و كەساییەتی و كۆمپانیای عێراقی سزادا، بەهۆی ئەوەی هاوكاری ئێران و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان كردووە.