شەوی ڕابردوو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بارەی هێرشەكان و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییانە لە عێراق كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە سیاسییەكان دووپاتیان كردەوە، دەستدرێژی بۆ سەر بنكە سەربازییە عێراقییەكان ڕەتدەكەینەوە.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوونەوەیەكی سەبارەت بە هێرشەكانی سەر عێراق و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە ئەنجامدا و دواتر ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆمارى وڵاتەکەمان كۆبوونەوەیەكیان سەبارەت بە هێرشەكان و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییانەی عێراق ئەنجامدا.
ئاماژە بەوش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی پەرەسەندنە مەترسیدارەكانی ئەم دواییەی عێراق كرا و ئیدانەی هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر بنكە و بارەگا سەربازییەكان كرا، هەروەها هێرشەكانی ئەمریكا بە مەترسی بۆسەر دامودەزگا ئەمنییە فەرمییەكان دەزانین و بە پێشێلی سەروەری خاكی عێراق و یاسا بەركارە نێودەوڵەتییەكانی دەزانین.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پاڵپشتی لە گفتوگۆی نێوان حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەین، بە مەبەستی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.
ئەمە لە كاتێكدایە، گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران هێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر ئەو گرووپانە لە عێراق، هەندێك جار لە هێرشەكاندا هاوڵاتی مەدەنی دەبنە قوربانی.