فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی دهڵی،"عێراق بۆته شوێنی شەڕی بەوەکالەتی نێوان ئێران و ئەمەریکا، بێ دوو دڵی گەر لەم ڕۆژانە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا هیچ دەر ئەنجامێکی نەبوو، ئەوە حەشدی شەعبی گورزی خۆیی لەهێزەکانی ئەمەریکا دەوەشێنێت."
ئاوێنه: عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەوەزارەتی بەرگری عێراق هاوکات یەکێکە لەسەرکردەکانی نێو چوار چێوەی هەماهەنگی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه، "دۆخەکە شێواوەو ئێمە سورین لەسەر ئەوەی دەبێت یەک سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق نەمێنێت".
وتیشی، "چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری سەرۆک وەزیران دەکەین، چونکە ئەوەی دەگوەزرێت قابیلی قبوڵ نییە، من خاوەنی ئەم قسەیەی خۆمم ئێران لەپشت بەرەی مەقاومەی ئیسلامیە لەعێراق و سوریا."
ڕۆژی 28ی مانگی یەکی ئەمساڵ بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی سوپای ئەمەریکا لەباکوری خۆرهەڵاتی ئوردن، لەئەنجامدا سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و 41 سەربازی دیکەش برینداربون.
لەکاردانەوەی هێرشهکەدا شەوی 2ی ئهم مانگه، سوپای ئەمەریکا هێرشیکردە سەر 85 پێگەی گروپە چەکداریەکان لەحەوت ناوچەی عێراق و سوریا و حکومەتی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی هێرشەکان لە عێراق 16 کەس کوژراون و 36ی دیکەش بڕینداربوون، دەستبەجێ ئیدارەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی هێرشەکانەوە وتی،" گورزەکان هێزەکانی سەر بە ئێرانی پێکاوە و تۆڵەی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا."
بەوتهی بەرپرسێکی ئەمەریکیی، لەناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوەوە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانان لانیکەم 165 جار لەعێراق و سوریاو ئوردن هێرشییانکراوەتە سەر، بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن یەکەمین هێرش بوو کە سەربازانی ئەمەریکایی تێیدا بکوژرێن.