عێراق بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكات
  2024-02-04       296       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكات، هەروەها نامەی ناڕەزایەتی لە بارەی هێرشەكەی شەوی ٢ی ئەم مانگەوە ڕادەست دەكات، كە لە بەشێكی نامەكەدا هاتووە،”بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكان ڕەتدەكەینەوە”.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی بانگهێشتكردنی دەیڤید بێركەر هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و پێدانی نامەیەكی ناڕەزاییەتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتەكەیان بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكات، بە مەبەستی ئیدانەی هێرشەكانی شەوی ٢ی ئەم مانگەی ئەمریكا، كە هاووڵاتییانی مەدەنی كردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە نزیكەی ٥٠ كەس كوژراون و بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەشێكی نامەكە باس لە ڕەتكردنەوەی بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكان دەكات، هەروەها حكومەتی عێراق هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەكان دەخاتەگەڕ.

ئەمە لە كاتێكدایە، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەردەوان لە هێرش كردنە سەر گرووپە چەكدارەكانی نزیكی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو چوارچێوەشدا درەنگانی شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی بەریتانیا و ئەمریكا ١١ شوێنی جیاوازیان لە پارێزگای حودەیدە و  سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردوومان كرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×