میدیای رەسمی توركیا بڵاویكردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی وڵاتەكەدا حەوت گومانلێکراو دەستگیرکران، کە دەرکەوتوە "ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتون لە ڕێگەی لێکۆڵەری تایبەتەوە بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)یان فرۆشتون."
ئاوێنە: ئاژانسی ئانادۆڵۆ ئەوەشی خستۆتەڕو"میت بۆی دەرکەوتوە کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە ڕێگەی لێکۆڵەرە تایبەتەکانەوە چالاکی وەک کۆکردنەوەی زانیاری ژیاننامەیی، کاری سیخوڕی، پشکنین، بەدواداچون، بەڵگەنامەی فۆتۆ-ڤیدیۆ، چاودێری ڕاستەوخۆ و دانانی ئامێری چاودێری کردنی بۆ ئامانجەکانی داناوە."
ئاماژە بەوەشدراوە"لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئیستانبوڵەوە سەبارەت بە بابەتەکە بەڕێوەدەچێت، دەرکەوتوە نۆ گومانلێکراو ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتوە لە ڕێگەی لێکۆڵەرە تایبەتەکانەوە بە مۆسادیان فرۆشتوە."
ئەوەش خراوەتەڕو"دوای کۆکردنەوەی زانیاریی، تیمەکانی هۆبەی هەواڵگریی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و هۆبەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆدا ئۆپەراسیۆنی هاوکاتیان لە ئیستانبوڵ و ئیزمیر ئەنجامدا."
هێما بۆ ئەوەش كراوە"لە ئۆپەراسیۆنەکەدا حەوت گومانلێکراو لە کۆی نۆ گومانلێکرا دەستگیرکران و، دو گومانلێکراوەکەی دیکەش لەسەر هەمان لێکۆڵینەوە پێشتر دەستبەسەرکراون."