فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) بڵاوی كردەوە، دوای هێرشەکەى شەوی ڕابردوو لە ڕێگەى فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر بنكەی سەربازی ئەمریكا لە ئوردن، ژمارەی بریندارەكانی هێزەكانمان بۆ ٣٤ سەرباز بەرزبووەتەوە.
ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) لە بارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی سەربازە بریندارەكانی ئەمریكا بەهۆى هێرشەکەى شەوى ڕابردوو بۆسەر ببنکەیەکیان لە ئوردن ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانمان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیك سنووری سووریا سێ سەربازی ئەمریكی كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش بەرزبووەتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، ژمارەی بریندارەكان لە ٢٥ بریندارەوە بۆ ٣٤ سەرباز زیادیكردووە، هەشت سەربازیان بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە ناچاربوون بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی ئوردن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر و خێراتر چارەسەریان بۆ بكرێت، ڕەنگە ژمارەی قوربانییەكان زیاد بكات.
ئەوەشی خستەروو، لە دوای دەست پێكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ئەمە یەكەم هێرشە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ئوردن.
شەوی ڕابردوو لە سنووری نێوان ئوردن و سووریا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هێرش كرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠ سەرباز بوونە قوربانی، بەپێی ئامارەكانی پنتاگۆن، دوو هەزار و ٩٠٠ سەربازی ئەمریكی لە بنكە سەربازییەكانی ئوردندا هەن.