ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی سویدی لە رێكخراوی ناتۆ پەسەندكرد.
ئاوێنە: لیژنەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دوەم كۆبونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتی فواد ئۆكتای، تایبەت بە ئەندامێتی وڵاتی سوید لە رێكخراوی ناتۆ ئەنجامدا.
لە كۆبونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەكە لە ئەكەپەو مەهەپە و جەهەپە بە بەڵێ دەنگی خۆیان بۆ ئەندامێتی سوید داو لە بەرامبەردا ئی پارتی و پارتی سەعادەت بە دەنگی نەخیر دژایەتی خۆیان بۆ ڕەشنوسەكە ڕاگەیاند.
بوراک ئاکچاپار جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كە لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبو رایگەیاند، سوید هەنگاوی ئەرێنی ناوە و وتیشی، هیوادارن لە هەنگاوی داهاتودا دۆخەکە بە پێی خواستی ئەوان باشتر بێت.
دوای هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دو وڵاتی سوید و فینلەندا داوای ئەندامێتیان لە ناتۆ پێشکەش کرد.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە بە پاساوی بەرگری ئەو وڵاتانە لەو گروپانەی كە ئەنقەر بە "تیرۆریست" ناویان دەبات هەڵوێستی خۆی لە دژی ئەندامێتی ئەوان ڕاگەیاند.
بەڵام لە کۆتاییدا لە مانگی چواری ئەمساڵدا توركیا ڕەزامەندی خۆی لەسەر ئەندامێتی فینلەندا ڕاگەیاند.