وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاشكرای ده‌كات، ژمارەی ئه‌و هاوڵاتییه مه‌ده‌نیانه‌ی تائێستا لەكه‌رتی غەززە به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیله‌وه كوژراون 20 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه. وتەبێژی حەماس-یش ده‌ڵێت، لەئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل‌دا پێنج بارمتەی ئیسرائیلی كوژراون.
ئاوێنه: به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لەغەززە، لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردودا 390 هاوڵاتی مه‌ده‌نی دیکە بەھۆی ھێرشەکانەوە کوژراون‌و 734 کەسیش بریندار بون.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سه‌ر کەرتی غەززە کوژراون گەیشتە 20 ھەزارو 57 کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتە 53 هەزارو 320 کەس.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسامی باڵی سەربازیی بزوتنه‌وه‌ی حەماس لەتەلەگرامی تایبەت بەبزوتنەوەکە رایگەیاند، لەئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل‌دا پەیوەندییان بەگروپێکیانەوە پچڕاوە کە پێنج "دیلی" ئیسرائیلییان لەگەڵ بووە.
حەماس دەڵێت، "لەو باوەڕەدان ئەو پێنج بارمتەیە لەئەنجامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەوە کوژرابن."
بزوتنەوەی حەماس ناوی سێ لەو پێنج بارمتەیەی بڵاوکردووەتەوە کە پێکدێن لە؛ حایم جیرشون بیری، یورام ئیتاک میتزجرو ئەمیرام ئیسرائیل کوبرا.
لەڕۆژانی ڕابردوداو لەرێگەی تۆمارێكی ڤیدیۆییەوە كه بزوتنه‌وه‌ی خه‌ماس بڵاویكرده‌وه، ئه‌و سێ دیله داوایان لەبنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كرد كه هه‌وڵی ئازاد كردنیان بدات‌و بۆردومانەكانی سه‌ر غه‌ززه ڕابگرێت.
ناوەڕاستی ئەم مانگەش لەناوچەی شوجاعیە لەکەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل بەهەڵە سێ بارمتەی خۆی کوشت کە بەوتەی میدیای رۆژئاوا، لەدەست چەکدارانی حەماس رایانکردبو، ئاڵای سپیان بەرزکردبووەوە، دەیانویست خۆیان بگەیەننە سەربازانی ئیسرائیلی بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن.
کوژرانی ئەو 3 بارمتەیە شه‌پۆلێك لەخۆپیشاندان و ناڕەزایی هێنایە سەر شەقامەکانی ئیسرائیل، خەڵک لە تەل ئەبیب و چەندین شار‌و شارۆچکەی دیکە خۆپیشاندانیان کرد‌و داوای ئاگربەستی شەڕو گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماسیان کرد.
رۆژی 7ی 10ی 2023، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی هێرشێكی له‌ناكاوی كرده سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی ئیسرائیلی كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی دیكه به‌دیل گرت.
له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ئیسرائیل جه‌نگێكی كراوه‌ی درێژمه‌ودای دژی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌ستپێكردو نزیكه‌ی سێ مانگه له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه هێرش ده‌كاته سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، بەپێی ئەو بەڵگانەی کە شیکارییان بۆ کراوە، ئیسرائیل بۆمبی جۆری (MK 84)ی بۆ بۆردومانکردنی ناوچەیەکی ئارامی غەززە بەکارھێناوە کە ئەو بۆمبەی لەئەمریکا وەرگرتووەو بەیەکێک لەگەورەترین و وێرانکەرترین بۆمب دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بۆمبانە دژی ھاوڵاتیانی مەدەنی بەکارھاتون لەشەش ھەفتەی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و غەززەداو لەوێنەی مانگی دەستکرددا دەرکەوتووە بۆمبەکە چاڵی گەورەی بەپانتایی 12 مەتر دروستکردووە.
دەشڵێت، ڕوپێوی سەربازیی بۆ کەرتی غەززە ئەنجامدراوەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لەئەنجامی بۆردومانەکانیان 208 چاڵی گەورەیان دروستکردووەو جگە لەوەش ئەمریکا پێنج ھەزار بۆمبی وێرانکەری لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا رادەستی ئیسرائیل کردووە.