به‌گوێره‌ی نوێترین ئاماری ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەت لهغەززە، له‌دو مانگی ڕابردودا زیاتر له 90 ڕۆژنامه‌نوس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیله‌وه له‌كه‌رتی غه‌ززه كوژراون.
ئاوێنه: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززەدا هاتووه، تەنیا لەماوەی دو ڕۆژی ڕابردودا بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیله‌وه، دو ڕۆژنامەنوس بەناوەکانی ڕامی بەدرو عاسم کەمال مو‌سا گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاندووە، له‌ده‌ستپێكی هێرشو بۆردومانه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه له‌دوای 7ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه تائێستا، 92 ڕۆژنامەنوس کوژراون.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەت لهغەززە ده‌ڵێت، "کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسانە بەئەنقەستە بۆ ئەوەی دەنگی فەڵەستینییەکان کپ بکرێت".
رۆژی 7ی 10ی 2023، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی هێرشێكی له‌ناكاوی كرده سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی ئیسرائیلی كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی دیكه به‌دیل گرت.
له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ئیسرائیل جه‌نگێكی كراوه‌ی درێژمه‌ودای دژی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌ستپێكردو نزیكه‌ی سێ مانگه لهئاسمانو زهمینو ده‌ریاوه هێرش ده‌كاته سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه.
به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیله‌وه تائێستا نزیكه‌ی 19 هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی فه‌ڵه‌ستینی كه زۆربه‌یان ژن‌و منداڵن كوژراون‌و زیاتر له 50 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربون، هه‌روه‌ها زیاتر له‌نیوه‌ی دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه ئاواره بون‌و هه‌زاره‌ها باڵه‌خانه‌و یه‌كه‌ی نیشتهجێبونو نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگاش به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه خاپور بون.