دوای ئەوەی هەندێك لەچالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئێوارەی ئەمڕۆ(پێنجشەممە)،
هەواڵی كۆچی دوایی عەبدوڵا بەشێو، شاعیر ناوداری كوردیان بڵاوكردەوە، بەڵام
هاوڕێیەكی هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، هەندێك لە چالاكوانانی تۆڕە
كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی كۆچی دوایی عەبدوڵا پەشێو، شاعیر ناوداری كوردیان
بڵاوكردەوە گوایە بەنەخۆشی كۆچی دوایی كردوە.
بەڵام كەریم دەشتی، شاعیر و هاوڕێی عەبدوڵا پەشێو، لەهەژماری خۆی لە
فەیسبوك هەواڵەكەی رەتكردەوەو رایگەیاند"تازە قسەم لەگەڵ پەشێو کرد ساغ و سەلیمە."
پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی "بێرکۆت"ی نزیک
شاری ھەولێر لەدایک بوە (ئەو گوندە ئێستا بوەتە بەشێک لە شاری ھەولێر).
ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نوسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی
"ھەولێر"دا بڵاو دەکاتەوە.
خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا.
ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان
بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتوی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا
دەکا و ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو" بە چاپ دەگەیەنێت. ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری
واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری "سەربەخۆیی خوازی"
بکا.
ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردوە.
ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی "کەنداڵ"ی دەشتی ھەولێر دەبێ
بە مامۆستا.
کۆتایی ئابی ١٩٧٣دا، بەھەوڵی چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردستان، بەتایبەتیش
سەرۆکی ئەوسای یەکیەتیی نوسەرانی کورد، سەیدا ساڵح یوسفی، زەمانەی خوێندن لە یەکێتی
سۆڤیەتی جاران وەردەگرێ و ئیدی بەرەو وڵاتی پوشکین و گۆگل و تۆلستۆی دەڕوا.
ساڵی ١٩٧٩ ماستەر لە وەرگێڕانی ڕوسی و ئینگلیزیی لە زانکۆی Maurice Thorez لە مۆسکۆ وەردەگرێت.
ھەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی وڵات دەبێ کۆمەڵە شیعری "شەو نییە خەونتان پێوە
نەبینم" لە ڕێی کاک محەمەدی مەلا کەریم ساڵی ١٩٨٠ لە بەغدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
ساڵی ١٩٨٤ دوکتۆرای لەئەدەبییات وەردەگرێت کە تێزەکەی لەسەر شاعیر و نوسەری
گەورەی کورد پیرەمێرد بوە.
ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لە زانکۆی ئەلفاتیح لە لیبیا مامۆستا بو.
پەشێو لە ١٩٩٥ەوە دانیشتوی شاری ھێلسینکی وڵاتی فینلاندایە.
پەشێو جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی ڕوسی، ئینگلیزی و ئەڵمانی زۆر
باش دەزانێ و وەرگێڕدراوەکانی لەسەر پوشکین و ویتمەن بەڵگەی لێھاتویی و بەتوانایی
پەشێو نیشان دەدا لە وەرگێڕاندا.
بەهۆی رەخنەكانی لەدەسەڵاتدارانی كورد لەشیعرەكانیدا، بەشێو وەك شاعیرێكی
سیاسیش دەركەوتوە.