ئەردەڵان عەبدوڵڵا
ولیەم شكسپیر یەكێكە لە شانۆنووسە مەزنەكانی جیهان، لە هەمان كاتیشدا بە یەكێك لە باوكە مەزنەكانی ئەدەبی ئینگلیزی دادەنرێت، خاوەنی كۆمەڵێك شاكاری شانۆیی ئێجگار جوان و گرنگە، یەكێكیش لەو شاكارانە شانۆگەری بازرگانی ڤینیسیایە. ئەم كارەی شكسپیر تا ئەمڕۆش قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، هۆكاری ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆك و شێوازی نووسینی شانۆگەرییەكە. لێرەدا منیش هەوڵدەدەم كورتە سەرنجێكی خۆم لەبارەیەوە بنووسم.
ناوەڕۆكی شانۆگەرییەكە
بەپێچەوانەی شانۆگەرییەكانی ترییەوە، ئەمجارە شكسپیر لە لەندەن- ئینگیلتەرا دوورمان دەخاتەوە و بانگهێشتی شارە سەرنجڕاكێشەكەی ئیتالیامان دەكات كە ئەویش ڤینیسیایە، ئەم شارە دەبێتە مەیدانی سەرەكی شانۆگەرییەكە. ئەنتۆنیۆ بازرگانێكی دەوڵەمەندی شاری ڤینیسیایە، بەڵام ئەم بازرگانە ماوەیەكە غەمبار و دۆشداماوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری پارەكەی خستۆتە سەفقەیەكی بازرگانییە و چاوەڕێی گەیشتنی بارەكەیەتی لە رێگەی كەشتییەوە دەگاتە ڤینیسیا. هەرچەندە هاوڕێ نزیكەكانی دەیانەوێت لەم غەمبارییە رزگاری بكەن و زوو زوو سەردانی دەكەن.
لەپەنا ئەمەشدا یەكێك لەهاوڕێ خۆشەویستەكانی"باسانیۆ"یە كە هاوڕێیەكی نزیكی ئەنتۆنیۆ دەبێت، گیرۆدەی عیشقی كچێكی دەوڵەمەندی شارەكە دەبێت بە ناوی" بۆرسیا" ئەمیش كچی پیاوێكی دەوڵەمەندی شار دەبێت، باوكی پێش ئەوەی بمرێت وەسیەتی كردووە دەبێت هەر كەسێك دێتە خوازبێنی، بەشداری كێبڕكێییەك بكات، ئەویش دانانی سێ سندوقە و یەكێكیان ئاڵتوونە، ئەوی تریان زیوە، یەكێكیشیان قورقوشمە ناوی كچەكە لەناو یەكێك لەو سێ سندوقەدایە، هەركەسێكیش ناوەكە هەڵبێنێت، ئەوا بۆرسیا شووی پی دەكات. بەڵام بۆ ئەوەی باسانیۆ بەشداری ئەو كێبركێیە بكات و داوای بۆرسیا بكات، پێویستی بە پارە دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەچێت داوای پارە لە ئەنتۆنیۆی هاوڕێی دەكات. ئەویش لە رەوشێكی خراپی داراییدایە، بەڵام ئامادەیە هەموو شتێك بكات بۆ هاوكاری كردنی هاوڕێ خۆشەویستەكەی، بۆیە دەچن داوای قەرز دەكەن لە پیاوێكی سووخۆری جوو كە ئەویش شایلۆكە.
شایلۆك لەناو شارەكەدا كەس خۆشی ناوێت، لەبەرئەوەی پیاوێكی پیسكەی سووخۆرە، هەروەها جووشە. شایلۆك زۆر رقی لە ئەنتۆنیۆ دەبێت، چونكە زۆرجار ئەنتۆنیۆ ئەوی بریندار كردووە، بەڵام شایلۆك رازی دەبێت قەرز بداتە ئەنتۆنیۆ، بەڵام مەرجێكی قورس دادەنێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەنتۆنیۆ لەكاتی خۆیدا پارەكەی بۆ نەگەڕێنێتەوە، ئەوا شایلۆك بۆی هەیە پارچەیەك گۆشت لەسەرسنگی لێبكاتەوە. سەرەتا باسانیۆ دژی ئەمە دەوەستێتەوە داواش لە ئەنتۆنیۆ دەكات كە رازی نەبێت، بەڵام ئەنتۆنیۆ بەگوێی ناكات، رازی دەبێت.
لەپەنا ئەم چیرۆكەشدا چیرۆكی خۆشەویستی جیسیكا و لۆرێنزۆ هەیە، جیسیكا كچی شایلۆكە، حەز لە لۆرێنزۆ دەكات، كە ئەویش هاوڕێی ئەنتۆنیۆیە. شەوێكیان جیسیكا لە ماڵی خۆیان رادەكات و بەشێكی زۆری سەرەوەت و سامانی باوكی لەگەڵ خۆی دەبات. ئەمەش دەبێتە هۆی شێتبوون و تووڕەبوونی شایلۆكی باوكی، ئەمەش وادەكات كە وەكو كچی خۆی بێبەری بكات .
دواتر شانۆگەرییەكە دەگاتە قۆناغێكی گرنگ، كاتێك باسانیۆ سندوقە راستەكە هەڵدەبژێرێت كەناوی بۆرسیای تێدایە، ئەمەش قۆناغێكی خۆشە، بەڵام لە هەمانكاتدا كەشتییەكە ناگاتەوە ڤینیسیا و هەواڵیش بڵاودەبێتەوە كە كەشتییەكە غەرق بووە." لێرەشەوە ئەو پەندە پەیدا دەبێت، دەڵێیت كەشتییەكەی غەرق بووە" دواتر شایلۆك داوای قەرزەكانی دەكات و ئەنتۆنیۆش نییەتی بیداتەوە. بەڵام بۆرسیا كە دەزانێت بەهۆی باسانیۆی خۆشەویستییەوە، ئەنتۆنیۆ تووشی ئەم كێشەیە بووە، رازی دەبێت كە هەموو پارەكان بداتەوە بە شایلۆك، بەو مەرجەی واز لە لێكردنەوەی پارچەیەك گۆشت بێنێت لە جەستەی، بەڵام شایلۆك رازی نابێت و دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە ئەنتۆنیۆ بكاتەوە. بەڵام لە رۆژی دادگاییكرندا، بۆرسیا جلوبەرگی پارێزەری لەبەردەكات و خۆی دەكاتە پارێزەرێكی پیاو، كە داكۆكی لە ئەنتۆنیۆ دەكات، ئەو بەشێوەیەك خۆی دەگۆڕێت كەس نایناسێتەوە، تەنانەت باسانیۆی خۆشەویستی.
دواجار لە دادگاییكردنەكەدا بۆرسیا زۆر زیرەكانە داكۆكی لە ئەنتۆیۆ دەكات، دەڵێت: راستە لەناو رێكەوتنەكەدا نووسراوە كە دەبێت پارچەیەك گۆشت لێبكاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ خوێن لە جەستەی نەهێنێت. ئەمەش دەبێتە تەڵەزگەیەك و شایلۆكی پێوە دەبێت.
كۆتایی شانۆگەرییەكە خۆشدەبێت، بۆرسیا شوو بە باسانیۆ دەكات و جیسیكاش شوو بە لۆرێنزۆ دەكات، هەروەها كەشتییەكەی ئەنتۆنیۆش بەسەلامەتی دەگاتەوە ڤینیسیا.
خۆشەویستی
یەكێكە لە بابەت گرنگەكانی ئەم شانۆگەرییە، خۆشەویستییە ئێمە لەم شانۆگەرییەدا دوو چیرۆكی خۆشەویستی جوان دەبینین. یەكێكیان " بۆرسیا و باسانیۆ" كە چۆن خۆشەویستی سنووری هەژار و دەوڵەمەند دەبەزێنێت، هەروەها چۆن خۆشەویستی دەبێتە هێزێكی ئەفسووناویی بۆ مرۆڤ جا ژن بێت یان پیاو، ئامادەی قوربانیدانە. باسانیۆ ئامادەبوو بچێت قەرز بكات بۆ ئەوەی بۆرسیا بهێنێت. هەروەها لە كۆتایشدا بۆرسیا ئامادەبوو ئەو بڕە پارەیە بداتەوە كە باسانیۆ بۆ ئەوەی قەرزكردووە. نەك ئەوەش تەنانەت ئامادەشبوو خۆی بكاتە پیاوێكی پارێزەر، بۆئەوەی داكۆكی لە ئەنتۆنیۆی برادەری باسانیۆ بكات.
چیرۆكی دووەمیش سەرنجراكێش و جوانە، ئەویش جیسیكا و لۆرێنزۆیە، باس لەوە دەكات كە چۆن خۆشەویستی سنووری ئایینەكان دەبەزێنێت، جیسیكای جووی كچی شایلۆك، ئامادەیە شوو بكات بە لۆرینزۆی مەسیحی بكات، نەك ئەوەش تەنانەت ئامادەشە واز لە باوكی و ئاینەكەی بهێنێت بۆ لۆرۆنزۆی خۆشەویستی.
دژایەتییكردنی جوو
خاڵی نێگەتیفی ئەم شانۆگەرییە ئەوەیە كە ئێمە لە رێگەی ئەم شانۆگەریەوە، وێنەیەكی زۆر ناشیرین و دزێوی جوو دەبینین ئەویش خۆی لە شایلۆكدا بەرجەستە كردووە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆر لە رەخنەگرانی شكسپیر بە كەسێكی دژە "ئەنتی سیمیتز، دژەجوو" وەسف بكەن، لەمەشدا راست دەكەن، تەنانەت لەسەردەمی نازییەكاندا لە ئەڵمانیادا، لە زۆربەی شارەكانی ئەڵمانیادا ئەم شانۆگەرییە نمایش دەكرا، ئەمەش بووبووە ئامڕازێكی خراپ بەدەستی نازییەكانی ئەڵمانیاوە، تاوەكو وێنەی جووەكانی پێ ناشیرین بكەن و پاساو بۆ چەتەگەریی و تاوانەكانی خۆیان بهێننەوە.
نمایشكردنی وەكو شانۆ و فیلم و ئۆپێرا
بە حوكمی ئەوەی ئەم شانۆگەرییە لە رووی هونەرییەوە ئاستێكی باڵای هەیە، بۆیە جگە لەوەی وەكو شانۆگەری، وەكو فیلم و ئۆپێراش نمایشكراوە. بۆیەكەمجار ئەم شانۆگەرییە لەسەر تەختی شانۆ لە ساڵی 1605 دا نمایشكرا، دواتریش لەسەر تەختی شانۆی وڵاتانی تری جیهان نمایشكراوە هەتاوەكو ئەمڕۆش نمایش دەكرێت. لە رووی بەرهەمەهێنانی وەكو فیلیمیش، تا ئێستا 14 جار كراوەتە فیلم، یەكەمجار لە ساڵی 1914 دا كرایە فیلم و دوای نجاریش ساڵی 2018 بووە.
جگە لە شانۆ و فیلم وەكو ئۆپێراش نمایشكراوە، سێجار وەكو ئۆپێرا نمایشكراوە یەكەمجار لە ساڵی 1905 بوو، لە هۆڵی شانۆی نیشتمانی لە براگی پایتەختی چیك نمایشكرا، دوایینجاریش لە ساڵی 2013 دا بووە.
ئایا ئەم شانۆگەرییە دزراوە؟
ئەم شانۆگەرییە لەلایەن "خلیل مطران" كراوە بە عەرەبی، كە خۆی پسپۆرێكی بواری ئەدەبی ئینگلیزیی و شكسپیرە، لە پێشەكی شانۆگەرییەكەدا لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەبارەی شانۆگەریەكەوە نووسیوە. بەپێی زۆرێك لە سەرچاوە مێژووییەكان بێت، پێش شكسپیر ئەم شانۆگەرییە بە چەند شێوەیەك لەناو ئینگلیتەرادا بڵاوبۆتەوە.
مەسەلەی سێ سندوقەكە دەگەڕێننەوە بۆ حكایەتی " GESTA ROMANORUM" كە لە ساڵی 1300 بەزمانی لاتینی بڵاوبۆتەوە و دواتریش لە ساڵی 1577 كراوە بە ئینگلیزی، لە ساڵی 1577 تا 1601 شەش جار چاپ بووە، ئەم حكایەتە لەناو ئینگلیزییەكان زۆر بڵاوبووە واتە ئەو ساڵانەی كە شكسپیر هێشتا لاوبووە.
مەسەلەی لێكردنەوەی پارچەیەك گۆشت لە جەستەی مرۆڤ، ئەمیش زۆر كۆنە هەندێك دەیگەڕێننەوە بۆ ئەدەبیاتی خۆرهەڵات و ئەمەش لەناو ئینگیلتەردا باوبووە. مەسەلەی راكردنی كچی جووەكەش، حكایەتی زۆر لەم شێوەیە هەبووە، هەندێك پێیان وابووە سەرچاوەكەی ئیتالیا بووە، ئەمەش دەیگەڕێننەوە بۆ حكایەتی " جووەكەی ڤینیسیا" كە لە نووسینی نووسەری ناسراوی ئیتالیا " دێكەر"
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ناكرێت رۆڵی داهێنەرانەی شكسپیر لەبیر بكەین، كە بە شێوازێكی جوانی ئەدەبی ئەم شانۆگەرییەی نووسیوە، بەرگێكی ئێجگار جوانی ئەدەبیی و هونەری پێ بەخشیوە، لەهەمان كاتیشدا بە یەكێك لە كارە جوانەكانی بواری شانۆی كلاسیكی دادەنرێت.
سەرچاوە:
ویلیام شكسبیر. تاجر البندقیە. ترجمە: خلیل مطران. مٶسسة هنداوي. لندن. المملكة المتحدة. 2017