(فەریدەدینی عەتتار) ، لەیەکێک لە چیرۆکەکانیدا دەڵێت :-
شێخێکی گەورە و زانا هەبوو ، عاشقی کچێک بوو ، بنەماڵەی ئەم کچە سەگیان بەخێو دەکرد، شێخ شەوان لە نزیک کولانەی سەگەکان دەخەوت تا جاوێکی بە مەعشوق و دڵبەرەکەی بکەوێت ، کەسوکاری کچە بەم حاڵەیان زانی وتیان وەک خۆ دەزانی ئێمە پیشەمان چییە ؟
ئەگەر کچی ئێمەت دەوێت دەبێت بۆ ماوەی سالێک سەگ بەخێو بکەیت و ئەگەر وەک ئێمەت لێهات ، کچەکەمانت لێمارە دەکەین.
شێخ کارەکەی پەسەند و گوزیدە کرد ، خەرقە و شڕەی فڕێدا و ڕۆژانێکی زۆر بەسەر کارەکەیدا تێپەڕین و ڕۆژێک شێخ لە بازاڕ ، پەتی سەگێکی بەدەستەوە بوو ئەچوو بۆ خواردن کڕین ، تووشی بوو بە تووشی یەکێک لە موریدەکانی .
مورید بە بێمەیلی و هەناسە سەردییەوە ، تەماشای مامۆستاکەی کرد و ، گوتی (قوربان ئەو چ حاڵ و ژیوارێکە ، تۆی تێدایت ؟
سی دانە ساڵ گەورە و پیاوی خودا بوویت ، سەرەنجام گەشتیت بەو ڕسوایەی خەریکی سەگ بەخێو کردنیت !!)
شێخ گووتی هەی نەفامی غافڵ لەخوا تەشەرم لێمەدە و درێژە بە قسەکانت مەدە ، با خودا پەردە لەسەر ئەم سڕە هەڵنەماڵێت و شەوێک (تۆ)ش تووش بکات و ، پەتی ئەم سەگە لە دەستی من بسەنێتەوە و بداتە دەستی تۆ.
.............................
مەودای نێوان ئابڕوو ، بێ ئابڕوویی ، دێوانەیی و دانایی هەر بەقەد پەتێکە ، کەی بیەوێت لەیەکێکی وەر دەگرێت و دەیداتە دەست یەکێکی تر و بە بازاڕدا دەگیڕێت.
خیام چەند جوان دەڵێت :-
(بە پیری عەشقت سەرمی خستە داو
ئەگینا من لەکوێ و شەرابی بەدناو؟!)
ڕسوایی پیری زۆر خراپترە لە ڕسوایی گەنجی ، گەنج هەرچییەک بکات زۆر لێی ناگیرێت ئێژن جاحێڵ و جەوانە ، بەڵام پیر کە مەست ئەبێت و بەلادا ئەکەوێت دیمەنەکەی زۆر ناشیرینە ، بەڵام کێ حەقی پیرێک ئەدات کە کەوتۆتە داوەوە .
.................
ئێژن (قەدری ددان وا بەلێوەوەیە)
قەدری مرۆڤ وا بەدەست پەتێکەوەیە ، بە دەست سەودای خەیاڵێکەوەیە ، هەر ئەوەنەی مرۆڤ سەودای (عیشقبازی) (دونیا) و (هەلپەرستی) و شەراب و پلەو پایە دای لەکەلەت ، هەر ڕۆژە و پەتی بێ ئابڕوویەک ئەبەستن بە ملیەوە و بە بازاڕی بێحورمەتیدا دەتگێڕن.
سەعدی وتەنی :-
(دیدیم، بسی آب سر چشمە خرد
چون بیشتر آمد شترو بار ببرد)
دڵۆپە یەکەمجار کە ئەبارێت بچووکە ، چەند دانەیەکیان یەکئەگرن و ئەبنە لافاو و زۆرجار حوشتری گەورە بەبارەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن ، حورمەتی ئینسانیش هەروەها ، چەند دانەیەکی بچووک و دوو بارە بووە بەدوای یەکدا دێن کاتێک ئەشکێ و کەڵەکە دەبێت مرۆڤی گەورە دەبات و بێحورمەتی ئەکات.
(هەتا ڕۆژی قیامەت ڕێی لە قەسری ناکەوێ قەیسەر
لە کووچەی عەشقدا ڕێگەی بدەن ساتێ گەدایی کا )
هەرکەسێک گەدایی و سواڵ بکات بۆ عیشق و ئارەزووەکانی ، پاشای ڕۆمیش بێت هەرگیز ناچێتەوە کۆشک و ملی ڕێگا ئەگرێت بە پەتی سەگەوە و بەبازاڕدا تا قیامەت دەگەڕێت.
نوقتە سەری دێڕ ....