راستییه قورسه‌كان
برێت مەکگۆرک
2019-04-19   1536
نوسینی: برێت مه‌كگۆرك
له‌ئینگلیزییه‌وه: فەلاح حەسەن
به‌درێژایی چوار ساڵی رابردو، یارمه‌تیده‌ر بوم له سه‌ركردایه‌تیی كاردانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژبه ههڵكشانهكانی گروپی تیرۆریستیی داعش_ هه‌وڵێك كه سه‌ركه‌وتو بو له تێكشاكانی خه‌لافه‌تی داعش له‌ناوجه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ئه‌و خه‌لافه‌ته بوه هۆی راكێشانی جیهادییه بیانییه‌كان و بوه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هێرشه تیرۆریستییه‌كان له سه‌رانسه‌ری جیهان. له‌چوارچێوه‌ی كاركردنم وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تی باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مه‌ریكا و دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئێستا، یارمه‌تیده‌ر بوم له پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك كه گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتیی له‌و جۆره بو له مێژودا: (75) وڵات و چوار رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی تیایدا ئه‌ندام بون، هه‌ماهه‌نگیی ئه‌و ئه‌ندامانه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ركردایه‌تی و سوربونی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا بنیات نرا. له راستیدا، ستراتیژیی تێكشكانی خه‌لافه‌تی داعش له‌ژێر ئیداره‌ی ئۆبامادا په‌ره‌ی پێدرا و دواتر له‌سه‌ر رێچكه‌ی خۆی به‌رده‌وام بو، له‌سه‌رده‌می تره‌مپیشدا چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی كه‌می تێدا كرا. له‌هه‌مو شوێنه‌كان، ئه‌و ستراتیژه تیشكی ده‌خسته سه‌ر پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنی چه‌كداره ناوخۆییه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كانیان له‌ژێر چنگی داعش و دواتر هێنانه‌كایه‌ی دۆخێكی وا بۆ ئاواره‌كان كه بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌كانیان.
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاش، ئه‌و ستراتیژه ده‌بو به‌جۆرێك بێت كه ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه چالاكانه بمێنێته‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك له‌دوای تێكشكانی خه‌لافه‌تی داعش، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیش له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا ده‌بو بمێنێته‌وه كه له‌ئێستادا نزیكه‌ی (2) هه‌زار سه‌ربازیی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا پێكه‌وه هاوپهیمانێتییهكیان بۆ (6) هه‌زار شه‌ڕڤانی سوری پێكهێناوه به‌ناوی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات یاخود (هه‌سه‌ده). به‌ڵام له كۆتایی كانونی یه‌كه‌می (2018)، تره‌مپ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ی پێچه‌وانه كرده‌وه. دوابه‌دوای په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، تره‌مپ فه‌رمانێكی كتوپڕی ده‌ركرد بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سوریا كه به ئاشكرا دیار بو ده‌ره‌نجامه‌كانی دواتری ئه‌و بڕیاره له‌به‌رچاو نه‌گیرابو. تره‌مپ دواتر ئه‌و بڕیاره‌ی (پلانه‌كه‌ی) هه‌موار كرد بۆ ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی (200) سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا بمێننه‌وه له‌گه‌ڵ (200) سه‌ربازی دیكه له بنكه‌ی سه‌ربازیی ته‌نف له باشوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا. (ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا پێده‌چو به‌بێ هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ك خوازیار بوبێ ئه‌ندامانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی شه‌ڕی دژبه داعش له رێی هێزه سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه شوێنی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگرنه‌وه كه له ناوچه‌كه ده‌كشێنه‌وه) به‌ڵام له‌هه‌ر روداوێكدا، ئه‌م پلانه نوێیه زۆر مه‌ترسیدارتره و گروپێكی بچوك له سه‌ربازان به هه‌مان ئه‌و ئه‌ركه ده‌سپێرێت كه هێزه بڵاوهپێكراوهكانی ئێستای ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه گرتویانه‌ته ئه‌ستۆ، كه ژماره‌یان ده هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه ده‌بێت كه له داهاتودا ده‌مێننه‌وه.
زۆر شتی تر به نادڵنیایی ده‌مێننه‌وه له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه. به‌ڵام دوایین ئاستی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌ر جۆرێك بێت، بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رچاوی شوێنپێی ئه‌مه‌ریكا له سوریا، پێناچێت پێچه‌وانه ببێته‌وه. ئه‌ركی ئێستا ئه‌وه‌یه كه بڕیار بدرێ له‌وه‌ی پێویسته دواتر چی بكرێت_ ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ چی بكات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له سوریا ته‌نانه‌ت له كاتێكدا كه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتودا بونی سه‌ربازییانه‌ی خۆی له سوریا كه‌م ده‌كاته‌وه. خراپترین شت كه واشنتۆن ده‌توانێ بیكات ئه‌وه‌یه كه پێی وابێ كشانه‌وه‌ی خۆی له سوریا نابێته بابه‌تێكی گرنگ، یاخود پێی وابێ كشانه‌وه‌ی له سوریا ته‌نها جموجۆڵێكی تاكتیكییه و پێویستی به گۆڕانكاری نیه له ئامانجه گشتییه‌كان. ئه‌و ستراتیژه‌ی كه تره‌مپ هه‌ڵیوه‌شانده‌وه، تاكه چانسی راسته‌قینه‌ی خسته به‌رده‌م ئه‌مه‌ریكا بۆ هێنانه‌دیی ژماره‌یه‌ك ئامانجی بهیهكداچو كه ئه‌وانیش بریتین له: چاودێریكردن و به‌دواداچون بۆ خواست و ئامانجه‌كانی ئێران و توركیا، له‌گه‌ڵ دانوستان له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری قۆناغی دوای شه‌ڕ له‌گه‌ڵ روسیا. له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سوریا، زۆرێك له‌و ئامانجانه چیتر قابیلی به‌دیهێنان نین.
له‌ئێستادا پێویسته واشنتۆن روانینه‌كانی خۆی كه‌م بكاته‌وه. پێویسته تیشك بخاته سه‌ر پارێزگاری له ته‌نها دو له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له سوریا كه ئه‌وانیش بریتین له: رێگرتن له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و راگرتنی ئێران له بنیاتنانی هێزێكی سه‌ربازی جێگیر له سوریا كه ره‌نگه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئیسرائیل. به‌بێ بونی هێز له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، گه‌یشتن به‌و ده‌ره‌نجامانه پێویستی به سازشی قورس و به‌ئازار هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و به‌دیله‌ی كه تیایدا ئه‌مه‌ریكا پێی وایه هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه و شكست ده‌هێنێت له به‌دیهێنانی ته‌نانه‌ت ئه‌و ئامانجانه ئاسانانه و زیاتر ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی متمانه و راستگۆیی خۆی له پڕۆسه‌كه‌دا، زۆر خراپتره. ئه‌مه ئه‌و ژه‌هره تاڵه‌یه كه ده‌بێ بخورێت پاش به‌ره‌وپێشچون به‌درێژایی چوار ساڵی رابردو. به‌ڵام به‌ده‌ر له بژارده‌كانی دیكه، ئه‌مه‌ریكا ده‌بێ ئه‌و ژه‌هره بخوات.
تێكشكانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش
له ئه‌یلولی (2014)دا داعش له بهرهوپێشوندا بو. ئه‌و گروپه روبه‌ری نزیكه‌ی (40) هه‌زار میل دوجا له خاكی سوریا و عێراقیان كۆنترۆڵ كرد كه ئه‌وه‌ش روبه‌رێك بو به نزیكه‌یی هاوتای روبه‌ری ویلایه‌تی ئیندیانا ده‌بو، تیایدا نزیكه‌ی (8) ملیۆن كه‌س ده‌ژیا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵانه زیاتر له یه‌ك ملیار دۆلار داهاتیان هه‌بو، گروپه‌كه خه‌لافه‌ته‌كه‌ی خۆیان به‌كارده‌هێنا وه‌ك بنكه‌یه‌ك بۆ پلاندانان و ئه‌نجامدانی هێرشه تیرۆریستییه‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌وروپا و داواشی له لایه‌نگرانی خۆی ده‌كرد كه هه‌مان ئه‌و هێرشانه له ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بده‌ن. له‌و ناوچانه‌ی كه نزیكتر بون له پێگه‌ی سه‌ره‌كیی گروپه‌كه‌وه، داعش خه‌ڵكی ده‌كوشت و دهیڕفاندن و هه‌مو ئه‌وانه‌شی ده‌كرده كۆیله كه پێی وابو كافرن، وه‌ك مه‌سیحییه‌كان و كورد و شیعه و ئێزدییه‌كان و به‌هه‌مان شێوه ئه‌و سوننه مه‌زهه‌بانه‌ش كه له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆجیای گروپه‌كه‌دا ناكۆك بون. سه‌ره‌ڕای ئه‌و وه‌حشیگه‌رێتییه، گروپه‌كه هه‌وڵی به‌هێزی گرته‌به‌ر بۆ راكێشانی خه‌ڵكی. له‌نێوان ساڵانی (2013) بۆ (2017) زیاتر له (40) هه‌زار كه‌س له زیاتر له (100) وڵاتی جیهانه‌وه گه‌یشتنه سوریا و په‌یوه‌ندییان به داعش و گروپه تیرۆریستییه‌كانی دیكه‌وه كرد كه به شه‌ڕی ناوخۆی سوریاوه سه‌رقاڵبون.
من له هاوینی (2014) له عێراق بوم له‌و كاته‌ی كه داعش موسڵی داگیر كرد و دواتریش به‌ره‌و به‌غدا پێشڕه‌ویی كرد. هه‌رچه‌نده باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی كرد به كشانه‌وه‌ی ستافه‌كه‌ی وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك به‌رله‌وه‌ی دۆخه‌كه خراپتر بێت، دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان خۆیان ئاماده ده‌كرد بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش. به‌درێژایی چه‌ند مانگ دواتر، ئێمه هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیمان پێكهێنا له نێوان چه‌ندین حكومه‌ت كه هاوهه‌ڵوێست بون دژبه داعش. پلانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه بریتی بو له یه‌كخستنی پڕۆسه سه‌ربازییه‌كان دژبه داعش له‌گه‌ڵ ده‌ستپێشخه‌ریی مرۆیی و سه‌قامگیری كه ئامانج لێی بۆ دڵنیایی بو له‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌هۆی داعشه‌وه ئاواره بون بتوانن شوێنی داڵده‌دانیان بۆ دابین بكرێت و بگه‌ڕێنه‌وه خاكی خۆیان پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕ.
له سه‌ره‌تادا، دیپلۆماتكاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یان به ئاشكرا ده‌رخست كه ئه‌مه نابێته كه‌مپه‌ینێك بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تان یاخود ریكخستنهوهی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئامانجه‌كه بریتی بو له تێكشكانی داعش و یارمه‌تیدانی خه‌ڵكانی ناوخۆ له رێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌كانیان دوای تێكشكانی گروپه‌كه. له‌م روه‌وه كه‌مپه‌ینه‌كه سه‌ركه‌وتو بو. به‌درێژای چوار ساڵی دواتر، داعش نزیكه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ستدا. زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و گروپه كوژران. له عێراق، چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان كه پێشتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیر كرابون، رێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بێوێنه بو له‌دوای هه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك كه پێشتر رویدابو. ساڵی رابردو عێراق هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌نجامدا و حكومه‌تی نوێی پێكهێنا كه له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی به‌تواناو لایه‌نگری رۆژئاواوه به‌ڕێوه ده‌برێ كه تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر یه‌كخستنی زیاتری وڵات. له سوریا، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) وه‌ده‌رنانی ته‌واوه‌تیی داعشیان له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا رایگه‌یاند، پرۆگرامه‌كانی تایبه‌ت به سه‌قامگیركردن به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیی سورییه‌كانی دا له گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان. له ره‌قه، كه پایته‌ختی پێشوی داعش بو، (150) هه‌زار هاوڵاتیی مه‌ده‌نی له كۆی زیاتر له (200) هه‌زار ئاواره له كۆتایی ساڵی (2018) گه‌ڕانه‌وه.
به كورتی، كه‌مپه‌ینی ئه‌مه‌ریكا دژبه داعش، هه‌رگیز شه‌ڕێكی بێكۆتا نه‌بوه و نابێت به‌و جۆره‌ی كه تره‌مپ له مانگی كانونی دوه‌می (2019)دا له لێدوانه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به توندی دژی وه‌ستایه‌وه. ئه‌و كه‌مپه‌ینه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بۆ ئه‌وه پێكهێنرا كه ئه‌مه‌ریكا بهێڵێته‌وه و بیپارێزێت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر پێكدادانێكی گرانبه‌ها كه تره‌مپ به ئاشكرا ئیدانه‌ی ده‌كات. خودی عێراقی و سورییه‌كان، نه‌ك ئه‌مه‌ریكییه‌كان، زۆرینه‌ی شه‌ڕه‌كانیان كرد. هاوپه‌یمانێتیی دژبه داعش، نه‌ك به ته‌نها واشنتۆن، پاره‌ی شه‌ڕه‌كه‌یان به كۆمه‌ڵی دابین ده‌كرد. هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌ی پڕۆسه‌ی رزگاریی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا له (2003)، ئه‌م كه‌مپه‌ینه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان پشتیوانیی نێوخۆیی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌بو.
له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی كۆتایی (2018)، كه‌مپه‌ینی شه‌ڕی دژبه داعش نزیك ده‌بوه‌وه له خاڵی گۆڕانكاری. خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش نزیك بو له شكستهێنان و هاوپه‌یمانیی دژبه داعش‌یش ئه‌ركه‌كه‌ی گۆڕابو بۆ شه‌ڕی دژبه سه‌رهه‌ڵدان و یاخیبونهوهی شانه نهێنییه‌كانی داعش. هه‌رچه‌نده بڕیاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا پلانیان داڕشتبو بۆ ئه‌م گۆڕانكارییه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا گفتوگۆ هه‌بو له‌نێو حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تا كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سوریا بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئامانجی كۆتا له سوریا ده‌بێت چی بێت. هه‌ندێ له به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پنتاگۆن، تیشكیان ده‌خسته سه‌ر ته‌واوكردنی ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه‌كه كه بریتی بو له شكستهێنانی هه‌تاهه‌تایی داعش. ئه‌و ئامانجه له سوریا به‌و مانایه هات كه پێویسته خه‌لافه‌تی داعش تێكبشكێنرێت و دواتر بۆ مانه‌وه له‌و وڵاته بۆ ماوه‌یه‌ك له‌پێناو یارمه‌تیدانی (هه‌سه‌ده) له زامنكردنی ناوچه‌كانی ژیر كۆنترۆڵی خۆی و رێگرتن له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش. هێشتا هه‌ندێ له به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌تایبه‌ت جۆن بۆڵتۆنی راوێژكاری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، پێی وایه كه پێویسته سوپای ئه‌مه‌ریكا له سوریا بمێنێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئێران ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته و تا ئه‌و كاته‌ی به ته‌واوه‌تی شه‌ڕی ناوخۆی سوریا كۆتایی پێ دێت. ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ به‌رفراوانكردنی به‌رچاوی ئه‌ركه‌كه و له‌هه‌مان كاتدا پێویستی به پابه‌ندبونی دیارینه‌كراوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، كه ئه‌وه‌ش شتێكه تره‌مپ دژیه‌تی.
هیچ یه‌كێك له ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌جددی گفتوگۆی نه‌كردوه له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌كاتێكی نزیكدا، بۆچونه‌كه ئه‌وه‌یه كه واشنتۆن به ئاسانی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا راده‌گه‌یه‌نێت و دواتر سوریا جێده‌هێڵێت. له (11)ی كانونی یه‌كه‌می (2018)دا، من له‌سه‌ر سه‌كۆی پنتاگۆن وه‌ستابوم و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكام له‌باره‌ی سوریاوه رونكرده‌وه و وتم: "كارێكی له‌به‌رچاونه‌گیراوه ئه‌گه‌ر ته‌نها بڵێین خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش ده‌ڕوخێت و دواتر ده‌توانین راسته‌وخۆ سوریا جێبهێڵین." (8) رۆژ دواتر تره‌مپ له‌ڕێی تویته‌ره‌وه رایگه‌یاند كه "ئێمه شه‌ڕمان له‌دژی داعش برده‌وه و كوڕه‌كانمان و گه‌نج و ژنه‌كانمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، له‌ئێستادا ده‌گه‌ڕێنه‌وه."
ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه كه‌مپه‌ینی شه‌ڕی دژبه داعشی خسته نێو پشێوی و هاوپه‌یمانه‌كانی واشنتۆنیشی خسته نێو بێمتمانه‌ییه‌وه. به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، به‌منیشه‌وه، پهشۆكاین له رونكردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه كتوپڕه بۆ هاوبه‌شه‌كانمان. دوای چوار ساڵ له یارمه‌تی بۆ رابه‌رایه‌تیكردنی هاوپه‌یمانێتی شه‌ڕی دژبه داعش، بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌سته‌مه بتوانم به‌شێوه‌یه‌كی كارا فه‌رمان و رێنماییهكانم جێبه‌جێ بكه‌م و له (22)ی كانونی یه‌كه‌م ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه.
سه‌ره‌تای كۆتایی
له‌و كاته‌دا كه تره‌مپ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، خه‌لافه‌تی داعش ته‌نها له دوایین شاری سوریادا خۆی بینییه‌وه و نزمترین ئاستی توندوتیژیی به‌خۆوه بینی له‌و كاته‌وه‌ی كه شه‌ڕی ناوخۆی سوریا سهریههڵدابو له (2011). وڵات گه‌یشته ئه‌و قۆناغه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا ناوی لێنا (دۆخی كۆتایی كاتی) و به‌شێوه‌ی كاتیش سوریا دابه‌ش بو بۆ سێ ناوچه‌ی ژێر هه‌ژمونی وڵاتانی زلهێز.
یه‌كه‌م ناوچه كه گه‌وره‌ترین ناوچه بو له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی سوریادا بو. ئه‌م ناوچه‌یه نزیكه‌ی دو له‌سه‌ر سێی خاكی وڵاتی له‌خۆ گرتبو كه نزیكه‌ی (70%)ی دانیشتوانی سوریای تێدا ده‌ژیا و زۆرینه‌ی شاره گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی له‌خۆ گرتبو وه‌ك دیمه‌شق و حه‌ڵه‌ب. ناوچه‌كه پشتیوانی دارایی و سه‌ربازیی زۆری پێ ده‌گات له یه‌كێك له زلهێزه‌كان كه ئه‌ویش روسیایه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له وڵاتانی هه‌رێمی كه ئه‌ویش ئێرانه. دوه‌م ناوچه بریتییه له ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆڵی چه‌كداره ئۆپۆزسیۆنه‌كان له باكوری رۆژئاوای سوریا. زۆرینه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه له‌ئێستادا له‌ژێر كۆنترۆڵی رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی لقی سوریادایه (هیئه تحریر الشام) و هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی دیكه‌ش له‌ژێر كۆنترۆڵی گروپه چه‌كداره ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سه‌ربه توركیان. سوپای توركیا پارێزگاری له هێڵی ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن كه ئه‌نقه‌ره به دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران و روسیا پێكی هێناوه و سنوره‌كانی رۆژئاوای توركیای له ناوچه‌كانی دیكه جیا كردوه‌ته‌وه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ددان.
سێه‌م ناوچه له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)دایه و له‌لایه‌ن واشنتۆن و هاوپه‌یمانانه‌وه پشتیوانی لێ ده‌كرێت. ئه‌م ناوچه‌یه نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی سوریا له‌خۆ ده‌گرێت و یه‌ده‌گێكی زۆری سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی تێدایه و خاكێكی به‌پیتی كشتوكاڵی هه‌یه و نزیكه‌ی چوار ملیۆن خه‌ڵكی تێدا ده‌ژی. فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا، سه‌رجه‌میان هێزی تایبه‌تیان له‌م ناوچه‌یه هه‌یه و هاوپه‌یمانێتییه‌كی به‌رفراوانتر یارمه‌تییان ده‌دات له پارێزگاری له سنوری ئاسمانی ئه‌و ناوچه‌یه و به‌شدارن له هێنانه‌كایه‌ی سه‌قامگیری. ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێك له گروپه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا كۆنترۆڵی بنكه‌ی ته‌نفیان كردوه كه پێشتر شارێكی سه‌ربازیی داعش بو.
له‌و كاته‌ی كه توندوتیژییه‌كان له سوریا به‌درێژایی (2018) كه‌میان كرد، سنوره‌كانی نێوان ئه‌م سێ ناوچه‌یه پێگه‌یان به‌هێز بو، ئه‌مه‌ش وایكرد گفتوگۆی دیپلۆماسی له‌نێوان زلهێزه‌كان بێته كایه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئه‌مه‌ریكا به فیعلی هێزی سه‌ربازیی هه‌بو و هه‌ژمونی به‌سه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر سێی وڵات‌دا هه‌بو، ئیداره‌ی واشنتۆن هه‌ڵوێستی وابو كه رۆڵێكی گرنگ ببینێت له دوباره بنیاتنانه‌وه‌ی سوریای دوای قۆناغی شه‌ڕ.
دیپلۆماسیه‌تی زلهێزه‌كان
ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كیی دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكا بریتی بو له گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك له‌گه‌ڵ ته‌نها یه‌ك زلهێزی دیكه له سوریا كه ئه‌ویش روسیا بو، چاره‌سه‌ره‌كه‌ش تایبه‌ت بو به رێكخستنه‌وه‌ی كۆتایی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه له ژێر هه‌ژمونی ئه‌مه‌ریكادا بو. له‌سه‌ره‌تای ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازییانه‌ی روسیا له سوریا له (2015)، واشنتۆن دانیشتنی دوقۆڵیی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ئه‌نجامدا. ئامانج له‌و دانیشتنه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ رێگرتن به له پێكدادانی له‌ناكاو له‌نێوان هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و روسیا. به‌تێپه‌ڕبونی كات، ئه‌و گفتوگۆیانه بونه مه‌یدانێك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سنوره رون و ئاشكراكانی خۆی بكێشێت و ئه‌و ناوچانه جیا بكاته‌وه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی روسیا و هێزه‌كانی سوریا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێرانه‌وه بون. ئه‌م پلانه كاری خۆی كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خوازیار بو كه بتوانێ ئه‌و سنورانه بسه‌پێنێت: له مانگی ئایاری (2017) فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆردومانی میلیشیاكانی سه‌ربه ئێرانیان كرد له‌و كاته‌ی كه ئه‌وان نزیك ده‌بونه‌وه له پێگه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا له ته‌نف، مانگی دواتر فڕۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كان فڕۆكه‌یه‌كی سوریا خسته خواره‌وه له‌و كاته‌ی كه فڕۆكه‌كه نزیك ده‌بوه‌وه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا كه نزیك بو له بنكه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه. له مانگی كانونی دوه‌می (2018) هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گروپێك له به‌كرێگیراوی روسییان له‌ناوبرد كه هه‌وڵیاندابو كۆنترۆڵی كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی بكه‌ن كه له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابو.
له‌گه‌ڵ پایزی (2018)دا ئه‌مه‌ریكا خۆی ئاماده ده‌كرد بۆ دانوستانی چڕ‌وپڕ له‌گه‌ڵ روسیا به‌دو شێوازی یه‌ك له‌دوای یه‌ك. له‌یه‌كه‌م رێگادا واشنتۆن هه‌وڵی ده‌دا روسییه‌كان هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی رژێمی سوریا ناچار بكه‌ن هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ دانوستانه‌كانی ژنێف كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه پشتیوانی ده‌كرا. ئه‌و پڕۆسه‌ی دانوستانه له (2012)وه ئه‌نجام ده‌درا و من گومانم زیاتر ده‌بو له‌وه‌ی كه ئه‌و دانوستانانه ئه‌نجامیان هه‌بێت. به‌ڵام بۆ یه‌كه‌م جار له ماوه‌ی چه‌ندین ساڵدا، چه‌ند به‌ره‌وپێشچونێكی باش هاتنه كایه‌وه: كه‌مبونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان له‌ناوخۆی سوریا و بونی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع و به‌هێزكردنی كه‌ناڵی دیپلۆماسیی ئه‌مه‌ریكا و روسیا، ئه‌مانه وایانكرد چانسێك بده‌نه پڕۆسه‌كه كه لانی كه‌م چه‌ند سه‌ركه‌وتنێك به‌خۆوه ببینێت.
ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كانی ژنێف هیچ به‌ره‌وپێشچونێكی نه‌هێنایه‌ته كایه‌وه، ئه‌وا دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان خۆیان شێوازی دوه‌میان ئاماده ده‌كرد بۆ دانوستانی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ روسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری رێككه‌وتنێك بكه‌ن له‌نێوان هه‌سه‌ده و رژێمی سوریا. ئه‌م رێككه‌وتنه تاڕادده‌یه‌ك ده‌بوه هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی سوریا وه‌كو كردنه‌وه‌ی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌دا بون، كه ئه‌وه‌ش پرسێكی حه‌تمی بو، به‌وپێیه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی خوازیار نه‌بون بۆ هێنانه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی بچوك له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا مافی سیاسی‌یان زامن كردبو بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه. به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌یان به‌م ده‌ره‌نجامه ده‌كرد وه‌ك "گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی رژێم". هه‌ر رێككه‌وتنێك رێگه‌ی ده‌دا به ئه‌مه‌ریكا بۆ گه‌یشتن به سنوری ئاسمانی و گه‌یشتن به مۆڵگه سه‌ربازییه بچوكه‌كان له‌م ناوچه‌یه له‌پێناو مانه‌وه‌ی فشاره‌كان له‌سه‌ر داعش و رێگرتن له دوباره گه‌ڕانه‌وه‌ی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گروپه.
هه‌ر رێكارێك هیوای هه‌بو بۆ سورییه‌كان كه هاوشانی هاوپه‌یمانێتیی شه‌ڕی دژبه داعش ده‌جه‌نگان و هه‌روه‌ها ده‌بوه هۆی زامنكردنمی سه‌لامه‌تیی ئه‌وان. رێككه‌وتنه‌كه به‌هه‌مان شێوه بوه هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان بۆ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و یارمه‌تیی دانیشتوانی ناوخۆی ئه‌و ناوچانه‌ی دا و بوه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی یاخیبونی چه‌كداری دژبه هه‌سه‌ده و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. روسیا، زۆر له‌وه زیاتر ده‌ستی كرد به قبوڵكردنی ئه‌وه‌ی كه بونی ئه‌مه‌ریكا له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه تا كاتی "شكستهێنانی كۆتایی" به داعش. ئه‌وه‌ش قۆناغێك بو كه له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان تره‌مپ و پوتن له كۆتایی (2017) به‌ده‌ركه‌وت. روسیا دركی به‌وه كرد كه چاره‌سه‌رێكی سه‌قامگیر بۆ قۆناغی دوای شه‌ڕ پێویستیی به سازشی دیمه‌شق و هه‌سه‌ده هه‌یه. له كۆتایی (2018) ئاماژه‌كانی رێكارێكی ناته‌واو به‌ڵام قبوڵكراو ورده ورده ده‌ركه‌وت.
به‌ندكردنی ئێران
ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به تاران زۆر نه‌یار و دژ بو. بونی سه‌ربازیی ئێران له ناو خاكی ژێر كۆنترۆڵی رژێمی سوریا زۆر رون و به‌رچاو بو. ئه‌گه‌ر درێژ ببوایه‌ته‌وه، ئه‌وا ده‌بوه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئیسرائیل و ئوردن كه دو هاوپه‌یمانی گرنگی ئه‌مه‌ریكان. تاران تموحی فراوانبونی هه‌یه له سوریا: هێزه به‌كرێگیراوه‌كانی هه‌وڵیانداوه بچنه ناو ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆڵی ئه‌مه‌ریكاوه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ی چوارده‌وری بنكه‌ی ته‌نفیان داوه كه بوه‌ته رێڕه‌وێكی سه‌ره‌كی له‌نێوان دیمه‌شق و به‌سره له باشوری عێراق. ئه‌وان ته‌نها به‌هۆی بونی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكاوه به‌رپه‌رچ دراونه‌ته‌وه و له ناوچه‌ی نزیك له تهنفیش به زه‌بری هێز به‌رپه‌رچیان دراوه‌ته‌وه.
راگه‌یاندنه‌كه‌ی بۆڵتۆن كه وتی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سوریا ده‌مێننه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م هێزه ئێرانییه‌كان ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، هه‌رگیز واقعی نه‌بو. ئه‌مه‌ریكا خوازیار نابێت به ده‌ركردنی ته‌واوه‌تی هێزه ئێرانییه‌كان له سوریا. هاوبه‌شی سه‌ربازیی ئێران له‌گه‌ڵ سوریا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان. تاران وا سه‌یری سوریا ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی كه یه‌كێك بێت له گرنگترین هاوپه‌یمانه‌كانی و خوازیاره باجێكی گه‌وره بدات له‌پێناو پاراستنی شوێنپێی خۆی له‌و وڵاته. شه‌ڕكردن له مه‌یدانێكی چۆڵدا ته‌نها خزمه‌ت به لاوازكردنی متمانه و راستگۆیی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و سه‌رنج له‌سه‌ر ئامانجه واقعییه‌كان دور ده‌خاته‌وه: زاڵبون به‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئێران له سوریا، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ سه‌ر ئیسرائیل و به‌كارهێنانی دیپلۆماسی له‌پێناو تێكشكانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاران و مۆسكۆ.
له به‌هاری (2018)دا پوتن به ئاشكرا رایگه‌یاند كه روسیا ده‌یه‌وێ سه‌رجه‌م هێزه سه‌ربازییه بیانییه‌كان (هێزه‌كانی ئێران و توركیا و ئه‌مه‌ریكا) سوریا جێبهێڵن پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته. دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ستیان كرد به قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م كرانه‌وه‌یه و داوایان كرد روسیا بیسه‌لمێنێت كه ده‌توانێ ئێرانییه‌كان دور بخاته‌وه له ناوچه سه‌ره‌كییه‌كانی سوریا، به‌وپێیه‌ی كه ناوچه‌كه سنوری له‌گه‌ڵ ئوردن و ئیسرائیل هه‌یه. وه‌ك به‌شێك له‌م دانوستانانه، روسییه‌كان رایانگه‌یاند كه ده‌توانن هێزه سه‌ربازییه‌كانی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی‌یان ده‌كرێت لانی كه‌م بخه‌نه دوریی (50) میل له به‌رزاییه‌كانی جۆلانه‌وه و ره‌زامه‌ندیش بون به‌وه‌ی كه رێگه به هێزی ئاشتیپارێزی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بده‌ن چاودێریی ئه‌و ناوچه ئارام و بێچهكه بكه‌ن. ئه‌گه‌ر روسییه‌كان بیاتوانیایه ئه‌مه جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ رازیكردنی ئیسرائیلییه‌كان، واشنتۆن ده‌یوت ره‌نگه خوازیار بێ بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه‌كانی له هه‌ندێ له‌و ناوچانه.
ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه له رێكاره هاوبه‌شه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، كه له (2017)وه ده‌ستیانكردوه به بۆردومانی ئاسمانی له‌دژی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له سوریا كه به‌لای ئه‌وانه‌وه وه‌ك هه‌ڕه‌شه وایه. واشنتۆن ده‌سه‌ڵاتی یاسایی نیه بۆ به‌ئامانجگرتنی هێزه ئێرانییه‌كان له‌ناوخۆی سوریا ته‌نها له حاڵه‌ته‌كانی به‌رگریكردن له خۆ نه‌بێت، به‌ڵام ئیسرائیل هه‌مو مافێكی هه‌یه بۆ رێگرتن له ئێران له به‌كارهێنانی خاكی سوریا بۆ سیستمه موشه‌كییه‌كه‌ی و ته‌كنه‌لۆجیا سه‌ربازییه‌كانی دیكه‌ی. تێكه‌ڵبونی هێزی قورسی ئیسرائیل و دیپلۆماسیه‌تی ئه‌مه‌ریكا و بونی سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كارتێكی مساوه‌مه‌ی به‌هێزی داوه‌ته واشنتۆن له به‌رامبه‌ر روسییه‌كاندا. پوتن وای ده‌بینێت په‌یوه‌ندیی سوریا و ئیسرائیل خاڵێكی جه‌وهه‌رییه له ستراتیژی خۆی به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز نه‌یویستوه هه‌مو ئێرانییه‌كان دور بخاته‌وه له سوریا. به‌ڵام له‌ڕێی كاركردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیلییه‌كان و سه‌پاندنی هه‌ژمونی خۆی له سوریا، ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ روسییه‌كان زامن بكات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی فراوانبونهكانی ئێران.
خه‌ونی عوسمانییه‌كان
بونی ئه‌مه‌ریكا له سوریا به‌هه‌مان شێوه گرنگه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، كه له سه‌ره‌تای شه‌ڕی دژبه داعشه‌وه بوه‌ته شه‌ریكێكی پڕكێشه بۆ ئه‌مه‌ریكا. له (2014) و (2015)دا، ئۆباما به به‌رده‌وامی داوای له ئه‌ردۆغان ده‌كرد كۆنترۆڵی سنوره‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ سوریا بكات كه له‌و سنورانه‌وه چه‌كدارانی داعش و چه‌ك و كه‌ره‌سته‌كانیان به ئازادانه هاتوچۆیان پێ ده‌كرا. ئه‌ردۆغان هیچ هه‌نگاوێكی نه‌گرته‌به‌ر. له كۆتایی (2014)دا توركیا پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه داعش وه‌ستایه‌وه له رزگاركردنی شاری كۆبانێ له‌هێرشی گه‌وره‌ی داعش. شه‌ش مانگ دواتر، توركیا داواكارییه‌كانی هاوپه‌یمانیی ره‌تكرده‌وه بۆ داخستنی سنوره‌كانی له‌و شارانه‌ی كه بوبونه بنكه‌ی لۆجیستی بۆ داعش، وه‌ك گرێ سپی_ هه‌رچه‌نده دواتر دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان به توركه‌كانیان وت كه ئه‌گه‌ر بێت‌و سنوره‌كانیان كۆنترۆڵ نه‌كه‌ن، ئه‌وا شكستهێنان به داعش ئه‌سته‌م ده‌بێت.
وه‌ك روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك بۆ نكۆڵییهكانی توركیا، ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی كرد به نزیكبونه‌وه‌ی زۆر زیاتر له شه‌ڕڤانانی كورد له سوریا كه به یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) ناسرابون و به‌رگرییان له كۆبانێ كرد. یه‌په‌گه یه‌كه‌م روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ داعش له سوریا ئه‌نجامدا و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا لێهاتویی خۆی سه‌لماند له پێگه‌یاندنی ده‌یان هه‌زار شه‌ڕڤان له عه‌ره‌ب له چوارچێوه‌ی هێزێكدا كه دواتر بونه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده).
توركیا دژی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بو بۆ هه‌سه‌ده. ئه‌نقه‌ره پێی وابو كه پێكهاته كوردییه‌كه‌ی ناو ئه‌و گروپه له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)وه كۆنترۆڵ كراوه كه گروپێكی جوداخوازی كوردییه و بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی (40) ساڵه به‌رده‌وام له شه‌ڕدایه له‌دژی توركیا. (ئه‌مه‌ریكا له (1997)ه‌وه په‌كه‌كه‌ی وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندوه). هه‌رچه‌نده واشنتۆن هه‌گیز ئه‌وه‌ی به‌دی نه‌كردوه كه ئه‌ندامانی یه‌په‌گه سنوره‌كان ببه‌زێنن بۆ شه‌ڕ له‌دژی توركیا، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش نیه كه په‌كه‌كه كۆنترۆڵی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كردبێت به‌سه‌ر هه‌سه‌ده یان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش نیه كه چه‌ك و كه‌ره‌سته سه‌ربازییه ئه‌مه‌ریكییه‌كانی كه به‌ده‌ست هه‌سه‌ده‌وه‌ن گه‌یشتبێتنه توركیا، به‌ڵام سیاسهتبهدهستانی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵیاندا چاره‌سه‌رێك بۆ نیگه‌رانییه‌كانی توركیا بدۆزنه‌وه. ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان پشتیوانییه سه‌ربازییه‌كانی خۆیی بۆ هه‌سه‌ده سنوردار كرد، له ده‌ره‌نجامدا، شه‌ڕڤانانی ئه‌و گروپه چونه ناو شه‌ڕه‌وه به‌بێ قه‌ڵغان (درع) و خوده و ته‌نها كه‌ره‌سته‌ی دژهمینیان پێ بو. (له یه‌كێك له سه‌ردانه‌كانم بۆ ره‌قه، تێگه‌یشتم له‌وه‌ی كه شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده رانهمهڕیان به‌كارده‌هێنا بۆ دۆزینه‌وه و تهفاندنهوهی مینه چێنراوه‌كانی داعش.) بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی دا ئه‌ردۆغان رازی بكات له‌ڕێی دواخستنی ئۆپه‌راسیۆنه به‌په‌له‌كانی هه‌سه‌ده وه‌ك هه‌ڵمه‌تێك بۆ وه‌ده‌رنانی داعش له شاری مه‌نبه‌جی سوریا، كه ئه‌و گروپه ئه‌و شاره‌یان وه‌ك ناوه‌ندێك به‌كارده‌هێنا بۆ پلاندانان و ئه‌نجامدانی هێرش بۆ سه‌ر ئه‌وروپا. ته‌نانه‌ت واشنتۆن باشترین كه‌سانی ستراتیژیی سه‌ربازیی خۆی ره‌وانه كرد بۆ ئه‌نقه‌ره كه له‌وێ هه‌وڵی داڕشتنی پلانێكیان دانا بۆ ئازادكردنی ره‌قه شانبه‌شانی چه‌كدارانی گروپه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سه‌ربه توركیا. له كۆتاییدا، ئه‌وه رون و ئاشكرا بو كه پلانێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا پێویستی به نزیكه‌ی (20) هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع. هه‌ریه‌ك له ئۆبا و تره‌مپ ئه‌و بژارده‌یه‌یان ره‌تكرده‌وه و له مانگی ئایاری (2017) تره‌مپ بڕیاریدا راسته‌وخۆ یه‌په‌گه پڕچه‌ك بكات بۆ دڵنیابون له‌وه‌ی ئه‌و گروپه بتوانێت ره‌قه له چنگی داعش ئازاد بكات.
دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان توانیان ئیداره‌ی گرژی و ئاڵۆزیه بهرههمهاتوهكان له‌گه‌ڵ توركیا بده‌ن به‌هۆی بونی سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سوریا. ئه‌گه‌ر توركیا بیوتایه كێشه هه‌یه له سنوره‌كان، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دڵنیاییان ده‌دا له‌وه‌ی كه سنوره‌كان به ئارامی ماونه‌ته‌وه و سه‌قامگیرن. (ئه‌مه‌ریكا به به‌رده‌وامی به‌رپرسانی توركیای بانگهێشت ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بێنه باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه به چاوی خۆیان ببینن، ئه‌وانیش به ئاشكرا ره‌تیان ده‌كرده‌وه.) كاتێك توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی كرد بۆ هێرشكردنی سه‌ر كورد له‌سه‌ر سنوره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه زۆر جار ده‌یكرد، واشنتۆن ئه‌وه‌ی به‌بیر ئه‌نقه‌ره ده‌هێنایه‌وه كه هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌سه‌ر زه‌مینن له‌ناوچه‌كه. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا ئه‌ردۆغانی دڵنیا كرده‌وه له‌وه‌ی كه ئه‌و به‌رپه‌رچی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ سه‌ر توركیا ده‌داته‌وه كه له سوریاوه بكرێت. تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بونیان هه‌بو، هیچ هۆكارێك نه‌بو بۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازییانه‌ی توركیا، ئه‌نقه‌ره‌ش بۆی ده‌ركه‌وت كه هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ره‌نجامی مه‌ترسیداری ده‌بێت بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ واشنتۆن.
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌م رێگرییه له‌به‌رده‌م توركیا ناهێڵێت. ئێستا مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه كه توركیا بتوانێ هێرش بكاته سه‌ر باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا هاوشێوه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌نجامی دا له مانگی شوباتی (2018) بۆ سه‌ر عه‌فرین كه شارێكی كوردییه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه به‌رگریی لێ نه‌كرا. له عه‌فرین، سوپای توركیا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئیسلامییه‌كانی كه له‌ناو گروپه چه‌كداره ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریادان، هێرشیان كرده سه‌ر یه‌په‌گه و زیاتر له (150) هه‌زار هاوڵاتیی كوردیان ئاواره كرد (نزیكه‌ی نیوه‌ی دانیشتوانی عه‌فرین)، هه‌روه‌ها شاره‌كه‌یان پڕكرده‌وه به هاوڵاتی عه‌ره‌ب و توركی هه‌ر شوێنێكی تر له سوریا. ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه كاردانه‌وه‌یه‌ك نه‌بو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه، به‌ڵكو به‌رهه‌می تموح (چاوچنۆكی)ی ئه‌ردۆغان بو بۆ به‌رفراوانكردنی سنوره‌كانی توركیا كه پێی وابو به‌شێوه‌یه‌كی نادادپه‌روه‌رانه له په‌یماننامه‌ی لۆزان له(1923)دا نه‌خشه‌یان بۆ كێشراوه. من دانیشبوم له كۆبونهوهكانمدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و گوێم له‌و بو كه باسی له نزیكه‌ی (400) میل ده‌كرد له‌نێوان حه‌ڵه‌ب و موسڵ وه‌ك "ناوچه‌ی ئارامی توركی" و كرده‌وه‌كانیشی پشتیوانی‌یان له‌و قسانه‌ی ده‌كرد. له (2016)دا، توركیا هێزه سه‌ربازیه‌كانی بڵاوه‌پێكرد له باكوری موسڵ به‌بێ مۆڵه‌تی حكومه‌تی عێراق یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه، بڵاوه‌پێكردنی زیاتری هێزی توركی ته‌نها به‌هۆی بونی هێزی مارێنزی ئه‌مه‌ریكییه‌وه رێگری لێكرا. ئه‌ردۆغان ئێستا خوازیاره ئۆپه‌راسینی هاوشێوه‌ی عه‌فرین دوباره بكاته‌وه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا. ئه‌مه‌ش پێویست به‌وه ده‌كات هێزه‌كانی توركیا به دوریی (20) میل ره‌وانه بكات بۆ ناو سوریا و یه‌په‌گه وه‌ده‌ر بنێت (له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی دانیشتوانه كورده‌كه) و دواتر ناوچه‌یه‌كی ئارام به وته‌ی خۆی بنیات بنێت.
بونی سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كاتی كڕییه‌وه بۆ دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكا له‌پێناو زامنكردنی چه‌ندین رێكاری درێژخایه‌ن كه به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی توركیا رازی بكه‌ن و له هه‌مان كاتیش‌دا به‌رپرچی تموحهكانی ئه‌ردۆغان بده‌نه‌وه و پارێزگاریش له هه‌سه‌ده و شه‌ڕڤانه كورده‌كانی بكه‌ن. كشانه‌وه به‌رله جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێكاره مه‌ترسیی ماڵوێرانكه‌ر دێنێته ئاراوه، ئه‌ویش مه‌ترسیی داگیركاری توركیایه كه ده‌بێته هۆی ئاواره‌بونی به‌لێشاوی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و تێكشكانی هه‌سه‌ده و دروستكردنی كه‌لێنێك كه تێیدا گروپه توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك داعش بتوانن ببوژێنه‌وه.
رێگای عه‌ره‌ب به‌ره‌و دیمه‌شق
بونی سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سوریا به‌هه‌مان شێوه گرنگ بو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی واشنتۆن له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی. مۆته‌كه‌ی سێ هێزی ئیمپریالیستی پێش‌و (ئێران و روسیا و توركیا) چاره‌نوسی سوریا دیاری ده‌كه‌ن كه ده‌وڵه‌تێكی زۆرینه عه‌ره‌به و به‌شێوه‌یه‌كی ناكتوپڕ كاردانه‌وه‌ی عه‌ره‌بیی به‌دوای خۆیدا هێنا به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن میسر و ئوردن و سعودیه و ئیمارات. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆینه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا له ئێستادا چ ئه‌وانه‌ی له‌ژێر هه‌ژمونی ئیسلامییه‌كاندان یان ئه‌وانه‌ی به‌كرێگیراوی توركیان، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه هه‌وڵه‌كانی خۆیان ده‌ستپێكردوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دیمه‌شق بۆ ناو دۆسیه‌ی عه‌ره‌بی.
ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان دژی هه‌وڵی هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانی وه‌ستایه‌وه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و هه‌نگاوه ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كان له‌سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا له به‌شداریكردنی له دانوستانه‌كانی ژنێف. تا ئه‌و كاته‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له خاكی سوریا بون و سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی دژبه داعشیان ده‌كرد، دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌یانتوانی به‌وپه‌ڕی تواناوه قسه بكه‌ن كاتێك داوایان له هاوبه‌شه عه‌ره‌به‌كانیان ده‌كرد ده‌ستبه‌رداری رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان بن له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د: بونی ئه‌مه‌ریكا چاودێرییه‌كی دابین كردبو له‌دژی هه‌وڵه پاوانخوازییه‌كانی ئێران و توركیا كه ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب لێی ده‌ترسان. له‌م دواییانه‌دا و له مانگی كانونی یه‌كه‌می (2018)، واشنتۆن هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانی خۆی دڵنیا كرده‌وه له‌وه‌ی كه هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له سه‌ر خاكی سوریا ده‌مێننه‌وه تا ماوه‌یه‌كی زۆر. ئه‌و دڵناییدانه یارمه‌تیده‌ر بو بۆ زامنی وه‌به‌رهێنانی گه‌وره و زه‌به‌لاح له‌لایه‌ن سعودیه و ئیماراته‌وه له پشتیوانیكردنی هه‌وڵه‌كانی هێنانه‌كایه‌ی سه‌قامگیری له‌و ناوچانه‌ی سه‌رده‌مانێك له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بون له‌نێویشیاندا شاری ره‌قه.
پلانی كشانه‌وه‌ی تره‌مپ كه به‌ڵێنی داب‌و، هه‌مو ئه‌و دۆخه‌ی پێچه‌وانه كرده‌وه. ئه‌مه‌ریكا له‌ئێستادا له‌هه‌وڵدایه هاوپه‌یمانه عهرهبكانی به‌وه قایل بكات كه ئه‌و گهمهرێكی پابهندبو (ملتزم)ه له سوریا. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێران و توركیا ئه‌جێنداكانی خۆیان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن له سوریا كه به‌وه‌ش به راده‌یه‌كی به‌رچاو دور ده‌كه‌ونه‌وه به‌و ئه‌جێندایه‌ی له‌و وڵاته عه‌ره‌بیانه هه‌یانه، بۆیه زۆر قورس و گران ده‌بێت بۆ دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه به هاوبه‌شه عه‌ره‌به‌كانیان بڵێن دوای ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبهتانهتان مه‌كه‌ون كه پێتان باشه، له‌نێویشیاندا كاركردن له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا. (واشنتۆن ده‌توانێ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزا بكات به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی له‌و جۆره نیشانه‌ی لاوازییه كاتێك له‌به‌رامبه‌ر دۆسته‌كان به‌كار بهێنرێت.) كارێكی نامۆ نه‌بو كاتێك رسته‌وخۆ دوای راگه‌یاندنی پلانی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سوریا، ئیمارات رایگه‌یاند كه باڵیۆزخانه‌ی خۆی له دیمه‌شق ده‌كاته‌وه. ده‌كرێ پێشبینی ئه‌وه بكرێت كه وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیش هه‌مان هه‌نگاو بگرنه به‌ر.
راستییه قورسه‌كان
بڵاوه‌پێكردنی سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سوریا وایكرد كه ئه‌مه‌ریكا بتوانێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ روسیا كار بكه‌ن بۆ له‌قاودانی ئێران و دامركاندنه‌وه و سه‌ركوتكردنی توركیا و رێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش. فه‌رمانه‌كه‌ی یه‌كه‌می تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له سوریا، هه‌مو ئه‌و ئامانجانه‌ی ونكرد. هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی یه‌كه‌مجاری كه رێگه‌ی دا به مانه‌وه‌ی (200) سه‌رباز له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و (200) سه‌ربازی دیكه له بنكه‌ی ته‌نف به‌و هیوایه‌ی كه هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه له كۆتاییدا هاوسه‌نگییه‌ك بێننه كایه‌وه، وا ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت بابهتهكان زۆر ئاڵۆزتر و خراپتر بن.
پلانه نوێیه‌كه‌ی تره‌مپ فه‌رمانی كشانه‌وه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی رانه‌گرت. به‌درێژایی چه‌ند مانگی داهاتو ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئاستی هێزه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه له سوریا به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت كه ئاخۆ هاوپه‌یمانان هێزی جێگره‌وه ره‌وانه ده‌كه‌ن یاخود نا، كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پلانه‌كان قورس و ئاڵۆز بن و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێته هۆی زیادبونی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و هێزه‌ی كه له سوریا ده‌مێنێته‌وه. له‌وه‌ش زیاتر، هێزه‌كانی دیكه‌ی ناو هاوپه‌یمانێتی شه‌ڕی دژبه داعش، پێناچێت هێزی ته‌واو و پێویست له‌ڕوی ژماره‌وه بڵاوه پێ بكه‌ن. له عێراق، هاوپه‌یمانێتی (22) شه‌ریكی سه‌ربازیی به‌شداربوی هه‌یه، له سوریا، سێ به‌شدار هه‌یه كه ئه‌وانیش فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكان. بڵاوه‌پێكردنی سه‌ربازییانه‌ی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به ئاستێكی كه‌م و بچوكه، هه‌روه‌ها به‌هۆی فشاره سیاسییه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و دو وڵاته‌وه، ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان له سوریا زیاتر ناكه‌ن له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا. بابهتهكان زۆر ئاڵۆز تر ده‌بن، چونكه ئه‌ركی ئه‌و (200) سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌ی له سوریا ده‌مێننه ته‌نها بریتی نابێت له شه‌ڕی دژبه داعش، به‌ڵكو بریتی ده‌بێت له مانه‌وه و پارێزگاریكردن له ناوچه‌ی ئارام له‌سه‌ر سنوره‌كانی توركیا، له‌گه‌ڵ به‌رگریكردن له ناوچه‌ی ئه‌مه‌ریكا دژبه دزه‌كردنی ئێرانی، روسی، یاخود سورییه‌كان. ئه‌مه ئه‌ركێكی زۆر قورسه بۆ (200) سه‌رباز كه بتوانن جێبه‌جێی بكه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌ركه بۆ (2000) سه‌ربازیش قورس ده‌بێت. داواكردن له هێزێكی بچوك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركێكی گه‌وره و به‌رفراوانی له‌و جۆره، مه‌ترسیی زۆر گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه به‌جۆرێك كه ره‌نگه پلانێكی له‌و جۆره وه‌لا بنرێت و پشتگوێ بخرێت ئه‌ویش له‌ڕێی مانه‌وه‌ی بونی سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌م جۆره‌ی ئێستای.
باشترین شت كه ره‌نگه تره‌مپ بتوانێ بیكات، بریتی ده‌بێت له پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی فه‌رمانی كشانه‌وه‌كه‌ی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كات، ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت باس له‌وه بكات كه له‌ڕێی مانه‌وه‌ی به‌شێكی بچوك له هێزه‌كان له سوریاوه، ده‌توانێت پێویستیی دوباره بیركردنه‌وه و پێداچونه‌وه به ستراتیژه‌كه‌ی خۆی وه‌لا بنێت. پێویسته واشنتۆن هه‌ندێ له راستییه قورسه‌كان قبوڵ بكات. یه‌كه‌م راستی ئه‌وه‌یه كه ئه‌سه‌د بۆ هیچ كوێیه‌ك ناڕوات. ئه‌و تاوانكارێكی بهكۆمهڵكوژه و تاونباری جه‌نگه، به‌ڵام له‌م قۆناغی كۆتاییه‌دا هیچ چانسێك نیه كه ئه‌مه‌ریكا یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه لای به‌رێت له ده‌سه‌ڵات. واشنتۆن پێویست ناكات ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د قبوڵ بكات یان له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌ی پێكبێته‌وه، به‌ڵام چیتر ناكرێت له راستگۆیی و متمانه‌یی گه‌وره‌یی ئه‌مه‌ریكا كه‌م بكاته‌وه به‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێ ده‌بێ ئه‌سه‌د بڕوات یان ده‌بێ رژێمه‌كه‌ی چاك بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی بونی هه‌بێت له دانوستانه‌كانی ژنێف. ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له فشاره‌كانی بۆ سه‌ر دیمه‌شق له‌رێی سزاكانه‌وه، ئه‌وه‌ش مه‌ینه‌تییه‌كی ئابورییه كه ده‌كرێت ببێته دو هێنده به به‌راورد به‌و دۆخه‌ی رژێمه‌كه له‌ئێستادا به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت. له (2011)وه، سوریا خراپترین و توندترین داڕمانی كۆی داهاتی ناوخۆی به‌خۆوه بینیوه كه هیچ وڵاتێك به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه له‌دوای داڕمانی ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن له‌كۆتایی جه‌نگی جیهانی دوه‌مه‌وه. واشنتۆن پێویسته چه‌ند سزایه‌ك به‌كاربهێنێت بۆ به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو، وه‌ك دڵنیابون له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سورییه‌كان له لوبنان و ئوردن و هه‌روه‌ها بۆ دڵنیابون له‌وه‌ی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان رێگای پێ بدرێت كاره‌كانی بكات له سه‌رانسه‌ری وڵات به‌و ناوچانه‌شه‌وه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌دان له باكوری رۆژهه‌ڵات. به‌كارهێنانی سزاكان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه بهدینههاتوهكانه وه‌ك لابردنی ئه‌سه‌د، ته‌نها بازاڕێكی ره‌ش دروست ده‌كات كه له به‌رژه‌وه‌ندیی توندڕه‌وه‌كاندایه و ده‌بێته هۆی زیادبونی مه‌ینه‌تییه‌كانی هاوڵاتیانی ئاسایی سوریا.
دوه‌م راستیی په‌یوه‌ندیدار ئه‌وه‌یه كه وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ئێستادا دوباره خۆیان رێك ده‌خه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق. روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م رێچكه‌یه له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه ته‌نها وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان دواده‌خات له به‌ره‌وپێشچونیان و هه‌روه‌ها هانیان ده‌دات بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كاره دیپلۆماسییه‌كانیان له‌پشتی واشنتۆنه‌وه. رێگایه‌كی باشتر بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه كار بكات له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه عهرهبیهكانیدا بۆ داڕشتنی ئه‌جێندایه‌كی واقعی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، بۆ نمونه له‌ڕێی هاندانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بییه‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوریا نوێ بكه‌نه‌وه به مه‌رجی ئه‌وه‌ی كه رێوشوێنی بنیاتانهوهی متمانه له‌لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه بگیرێته‌به‌ر، وه‌ك ده‌ركردنی لێبوردنی گشتی بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی ته‌مه‌نی سه‌ربازییان هه‌یه و له وڵات هه‌ڵاتون یاخود په‌یوه‌ندییان به گروپه ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه كردوه و له‌ئێستادا ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنتروڵی رژێمدان. به‌دیاریكراوی كرانه‌وه‌ی مه‌رجداری وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ڕوی دیمه‌شقدا ره‌نگه ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی قۆرخكاریی ئێران و روسیا له سوریا.
ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌مان ده‌بێت ئه‌وه قبوڵ بكات كه توركیا، هه‌رچه‌نده هاوپه‌یمانی خۆیه‌تی له ناتۆ، چیتر هاوبه‌شێكی كاریگه‌ر و به‌هێز نیه. دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌رده‌وام به‌هیوان بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ توركیا له‌باره‌ی سوریاوه، ئه‌وان ده‌توانن ئه‌و لادانه‌ی توركیا به‌ره‌و دیكتاتۆری بشكێنن له‌گه‌ڵ ئه‌و لادانه له سیاسیه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا كه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه. توركیا هاوپه‌یمانێكی بهكێشهیه به‌رله هه‌ر ناڕازیبونێكی له‌باره‌ی سوریاوه. به‌درێژای ماوه‌ی (10) ساڵی رابردو، ئه‌نقه‌ره یارمه‌تیی ئێرانی داوه له وه‌لانانی كاریگه‌ریی سزا ئه‌مه‌ریكییه‌كان و به بارمته‌گرتنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان و به‌كارهێنانی دیارده‌ی كۆچ وه‌ك ئامرازێكی هه‌ڕه‌شه له ئه‌وروپا. له‌وه‌ش زیاتر، توركیا ده‌ستی كردوه به كڕینی سیسته‌می به‌رگریی دژه‌فڕۆكه سه‌ره‌ڕای رێگرییه‌كانی ناتۆ، هه‌روه‌ها هاوشانی روسیا و چین و ئێران، زۆر چالاكانه به‌رگری ده‌كات له رژێمی دیكتاتۆریی نیكۆلاس مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا. توركیا پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكای ده‌وێ بۆ پڕۆژه‌كه‌ی خۆی له درێژكردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی به قوڵایی (20) میل به‌ره‌و باشوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ره‌تیكردوه‌ته‌وه كه هیچ هه‌نگاوێك بگرێته‌به‌ر له‌باره‌ی شوێنپێقایمبونی قاعیده له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا.
پێویسته واشنتۆن نه‌بێته به‌شێك له‌م ئه‌جێندا گاڵته‌جاڕییه. ئه‌بێ واشنتۆن به رونی و ئاشكرایی به ئه‌نقه‌ره بڵێت كه هێرشی توركیا بۆ سه‌ر هه‌سه‌ده (ته‌نانه‌ت دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش) ده‌ره‌نجامی زۆر مه‌ترسیداری ده‌بێت بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا.
له كۆتاییدا، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان ده‌بێ ئه‌وه بزانێت كه روسیا له ئێستادا گهمهكهری سه‌ره‌كیه له سوریا. واشنتۆن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نیه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق یان تاران، بۆیه ده‌بێ له‌گه‌ڵ مۆسكۆ كار بكات بۆ بۆ ته‌واوكردنی هه‌ر شتێك. روسیا و ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندیی بهیهكداچویان هه‌یه له سوریا: هه‌ردولا ده‌یانه‌وێ ئه‌و وڵاته پارێزگاری له یه‌كێتیی خاكه‌كه‌ی بكات و نایانه‌وێت ببێ به ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ داعش و قاعیده، هه‌روه‌ها هه‌ردولا په‌یوه‌ندیی نزیكیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. قه‌یرانی سوریا ناكرێت چاره‌سه‌ر ببێ به‌بێ به‌شداربونی راسته‌وخۆی مۆسكۆ و واشنتۆن، ئه‌مه‌ریكاش ئه‌بێ كێشه‌ی سوریا جیا بكاته‌وه له په‌یوه‌ندییه پشێو و دوژمنكارییه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیا.
گه‌ڕانه‌وه بۆ واقع
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م راستییه قورسانه، ئه‌مه‌ریكا شكست ده‌هێنێت ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌رده‌وام بێت له به‌دواداچون بۆ ئه‌مانجه گه‌وره‌كان له سوریا. له‌بری ئه‌وه، پێویسته واشنتۆن كۆتاییهاتنی خۆی رێكبخاته‌وه له شێوازی نوێی دیاریكراو. ده‌بێ له‌ئێستادا تیشك بخاته‌سه‌ر دو به‌رژه‌وه‌ندی:
_رێگریكردن له بونی جێگیری سه‌ربازییانه كه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئیسرائیل.
_رێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش.
رێگرتن له بونی جێگیری سه‌ربازیانه ئێران ئامانجێكی زۆر ئاسانتره له‌و ئامانجانه‌ی له‌لایه‌ن بۆڵتۆن و مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه ئاماژه‌یان پێكرا. به‌رله‌وه‌ی تره‌مپ فه‌رمانی كشانه‌وه‌ی بڵاوبكاته‌وه، بۆڵتۆن رایگه‌یاندبو كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سوریا ده‌مێننه‌وه "تا ئه‌و كاته‌ی مه‌ترسیی ئێران له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وام بێت."
مانگی كانونی دوه‌می رابردو، له لێدوانێكیدا بۆ ئاماده‌بوان له قاهیره، پۆمپیۆ رایگه‌یاند كه ئه‌مه‌ریكا "سه‌رجه‌م دوا شوێنپێكانی ئێران ده‌سڕێته‌وه" له سوریا. ئه‌م لێدوانه ماوه‌یه‌كی كورت بو دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ رایگه‌یاند كه دوا سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له سوریا ده‌كشێته‌وه. ئه‌مانه ئامانجی واقعی نه‌بون به‌رله بڕیاری كشانه‌وه‌كه‌ی تره‌مپ، له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌شه‌وه ئه‌مانه زیاتر ئامانجی پوچه‌ڵن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ و ده‌بێ بیكات ئه‌وه‌یه كه پشتیوانیی دیپلۆماسی له ئیسرائیل بكات به‌و پێیه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كه‌ی ئیسرائیل رێگری له تواناكانی ئێران ده‌كات بۆ به‌كارهێنانی سوریا وه‌ك بنكه‌یه‌كی هه‌ڵدانی موشه‌ك له‌دژی ئیسرائیل. ئه‌مه ئه‌و ئامانجه‌یه كه روسیاش به‌شداره تیایدا كه دودڵه له پارێزگاریكردن له مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیسرائیل و ده‌یه‌وێت رێگری بكات له‌وه‌ی سوریا ببێته مه‌یدانی شه‌ڕ له‌نێوان له‌نێوان ئیسرائیل و ئێران. ئامانجی سه‌ركوتكردنی سه‌ربازییانه‌ی ئێران له سوریا ده‌كرێ ببێته بنه‌مای په‌یوه‌ندییه سێقۆڵییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و روسیا و ئه‌مه‌ریكا. ئه‌گه‌ر زیره‌كانه به‌دواداچونی بۆ بكرێت، دیپلۆماسیه‌تێكی له‌و جۆره ره‌نگه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ دروستكردنی كه‌لێنێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان روسیا و ئێران سه‌باره‌ت به سوریا.
زۆر قورس ده‌بێت بۆ ئه‌مه‌ریكا كه رێگری له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش بكات. هه‌سه‌ده ئێستا خاكی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی پێشوی داعشی كۆنترۆڵ كردوه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی زۆر لاوازن. هه‌سه‌ده روبه‌ڕوی هێرشی دوژمنكارانه‌ی توركیا ده‌بێته‌وه له باكور، له باشوریشه‌وه روبه‌ڕوی هه‌ردو رژێمی نه‌یاری ئێران و سوریا ده‌بێته‌وه، به ملیۆنان خه‌ڵكی ماندوش له‌و ناوچانه‌ن كه له ژێر كۆنترۆڵی ئه‌ودان. هه‌سه‌ده به هه‌مان شێوه به‌هه‌زاران چه‌كداری ده‌ستگیركراوی داعشی لای هۆی هێشتوه‌ته‌وه له‌نێویشیاندا (1000) چه‌كداری بیانی كه ئه‌گه‌ر بێت‌و ئازاد بكرێن، ره‌نگه ببنه پێكهاته‌ی بوژانه‌وه‌ی داعش. هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێگه‌یان هه‌یه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و توانای بێوێنه‌یان هه‌یه له بواری لۆجیستی و هه‌واڵگری، وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی پشتیوانیی هه‌سه‌ده ده‌كات و رێگای پێ ده‌دات وه‌ك هێزێكی یه‌كگرتو كار بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكشێته‌وه یاخود بونی سه‌ربازییانه‌ی خۆی كه‌م بكاته‌وه، ئه‌و هه‌سه‌ده ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسیی زیاتر له‌و ناوچانه‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی سنورهكهیهوهن. كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌مان شێوه ئه‌و مه‌ترسییه زیاد ده‌كات كه پێكهاته جیاوازه‌كانی ناو هه‌سه‌ده تێكبشكێن یاخود هاوپه‌یمانی نوێ بدۆزنه‌وه، به‌نمونه ئێران و رژێمی سوریا بۆ هه‌ندێكیان و توركیاش بۆ ئه‌وانی دیكه. هه‌رچه‌نده داعش لاواز بوه به راده‌یه‌كی زۆر، به‌ڵام هێشتا ئه‌كته‌رێكی توند و به دیسپلینه. ئه‌و گروپه زۆر به‌خێرایی جموجۆڵ ده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنێك كه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا جێ ده‌مێنێت.
له‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا سوریا جێده‌هێڵێت، هه‌سه‌ده پێویستی به به‌خشه‌رێكی نوێ ده‌بێت كه بتوانێ یارمه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی وه‌ك خۆی بمێننه‌وه له كۆنترۆڵكردنی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و پارێزگاریكردن لێی له دژی ئێران و توركیا. به‌داخه‌وه، تاكه كاندیدێكی كاریگه‌ر بۆ ئه‌و ئه‌ركه روسیایه. مۆسكۆ ده‌توانێ بڕێك له یارمه‌تیی سه‌ربازی و دیپلۆماسی بخاته به‌رده‌م هه‌سه‌ده و یارمه‌تیی بدات له ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا كه ره‌نگه دواتر هه‌سه‌ده بخرێته ناو سوپای سوریا و مافی سیاسی بۆ دانیشتوانی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا زامن بكرێت. هه‌سه‌ده پێشتر ئه‌و ئۆفه‌ره‌ی خراوه‌ته به‌رده‌م كه ببێته به‌شێك له سوپای سوریا له به‌رامبه‌ر هه‌ندێك له دانپێدانانی سیاسی بۆ ئه‌نجومه‌نه ناوخۆییه‌كانی. ده‌ره‌نجامێكی له‌و جۆره پێشوازی لێ نه‌كراوه. به‌ڵام ره‌نگه ئه‌وه تاكه رێگه بێت بۆ پاراستنی سه‌قامگیری له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و مانه‌وه‌ی داعش له پشته‌وه. ئیداره‌دانێكی له‌و جۆره نابێته شتێك كه پێشتر نه‌كرابێت: گروپه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كه پێشتر دژی رژێم بون دانیان پێدا نرا و رێكخرانه‌وه له‌ژێر شه‌رپه‌رشتیی لیوای (5)ی روسی و له ئێستادا له باشوری سوریا ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ن. بۆ ئه‌م شهڕڤانانهش، هه‌روه‌ها بۆ وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش كه پشتوانییان ده‌كه‌ن، ئه‌مه بژارده‌یه‌كی باشتر بو وه‌ك له شكستپێهێنانی سه‌ربازی یاخود ملكه‌چكردن بۆ ئێران. (سوریا خاكی بژارده خراپه‌كانه.) ئه‌مه‌ریكا هێشتا ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ر بێت له هێنانه‌كایه‌ی رێككه‌وتنێك له‌وباره‌یه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت زو ئه‌وه بكات چونكه هه‌ژمونی خۆی له چه‌ند مانگی داهاتودا كه‌م ده‌بێت.
ئامانجه نوێیه‌كان ئاسانترینن. ئه‌و ئامانجانه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و راستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ن كه تره‌مپ سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مه‌ریكای له‌ده‌ستداوه له ساته یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی كه‌مپه‌ینی شه‌ڕی دژبه داعش له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران و روسیا و توركیا. سیاسهتبهدهستانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت ئه‌وه قبوڵ بكه‌ن كه هه‌ژمونی ئه‌مه‌ریكا له سوریا له لاوازیدایه و به‌وپێیه‌ش ده‌بێ دوباره بیر له ئامانجه‌كانیان بكه‌نه‌وه. باشترین رێگه بۆ رزگاركردنی دۆخه‌كه ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده ئه‌مه‌ریكییه‌كان كۆتاییهاتنی خۆیان رێكبخه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها رێگه‌كان و ئامرازه‌كان رێكبخه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ گرنگیدان به‌وه‌ی چی به راستی گرنگه به‌لای واشنتۆنه‌وه_رێگریكردنی سوریا له‌وه‌ی ببێته سه‌كۆیه‌ك بۆ هێرش له‌دژی ئه‌مه‌ریكا یاخود هاوپه‌یمانه‌كانی. ئه‌مه ئامانجێكی گرنگه و ده‌كرێ بهێنرێته‌دی. كۆسپی سه‌ره‌كی له‌به‌رده‌م هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه بریتییه له رهتكردهوهی ئامانجه‌كه.
نوسینی: برێت مه‌كگۆرك
له‌ئینگلیزییه‌وه: فەلاح حەسەن
سه‌رچاوه: سایتی فۆڕن ئه‌فه‌یرس