پارێزبەندی پەرلەمانيی

لوقمان مصطفی صالح
  2020-05-05     901

هەرچەندە مەسەلەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئێستادا بووەتە رۆژەڤ و  هەندێک کەس بە پێشهاتێکی ترسناکی دادەنێن بۆ سەر مەسەلەی دیموکراسی و رای جیاواز لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە واقعدا ئەو كارە حاڵەتێكی ئاسایی‌ و یاسایی كاری پەرلەمانییە‌ ، بەو مەرجەی  رەهەندی سیاسی لە پشتەوە نەبێت و یاسا لەسەر هەموان‌ وەک یەک و بێ جیاوازی جێبەجێبکرێ. هەڵبەتە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان كە ئەركی چاودێریكردنیان لە ئەستۆدایە، بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران بەرەنجامێكی خراپی دەبێت، بەو پێیەی لە هەندێك كاتدا هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە پەیوەندی بە كەیسەكانی گەندەڵی و كەیسەكانی تاوانەوە نییە و دەچێتە خانەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسی و تایبەتییەكانەوە.نمونەی سکاڵاکەی سەرۆکی ئەنجومونی وەزیران لە دژی  (سۆران عومەر) پەرلەمانتار لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی.

بەپێی یاسا لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران مانای كۆتاهاتنی ئەندامیەتیان نییە وەك لە خولی پێشوو لە بەرانبەر سەلیم جبووری هاتە ئەنجامدان و دوای دەركەوتنی بێتاوانی گەڕایەوە ناو پەرلەمان، بەڵكو یەكەم هەنگاوە بۆ دادگاییكردنی كە بەهۆی ئەو پارێزبەندییەی ئێستەیان لە پەرلەمان ناتوانرێت لە رووی یاساییەوە داگایی بكرێن. ئەوەش یەكەم بڕیاری لەو جۆرەیە لە خولی چوارەمی یاسادانانی عێراق.

تارق حەرب شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق دان بە یاسایی لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لەكاتی پشووی یاسادانان دەنێت ئەگەر لەسەر داوای دادگا بێت و داواكە لە كاتی پشوودا پێشكەش كرابێت، بۆیە مادەی 63 لە دەستووری عێراق رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان دەدات بۆ لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتار بێ گەڕانەوە بۆ دەنگدانی ناو پەرلەمان بەو مەرجەی داوای دادگا و لابردنەكە لە ماوەی پشووی یاسادانان بووبێت. 

پارێزبەندی پەرلەمانی/ ((حەسانەی پەرلەمانی، بریتییە لە شێوازێک لە پاراستنی یاسایی کە دەستور دەیبەخشێت بە نوێنەرانی میللەت لە پەرلەمان، وەک جۆرێک لە حیمایەی سیاسی و یاسایی، تا ئەو نوێنەرانە بتوانن ئەرکە دەستورییەکانیان- وەک دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن- بە باشی بەرێوەبەرن)). هەر وەک چۆن حەصانە بە دەقی دەستوری و حوكمی یاسا ڕێكخراوە , وەك لە خاڵی دووەم لە ماددەی 63 لە دەستوری كۆماری عێڕاق ساڵی 2005 هاتوە , و لە ماددەی 20 لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێكخراوە .هەروەها لە ماددەی 39و40 لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و ماددەی 24 بە هەر هەشت بڕگەكەیەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان –عێراق ساڵی 2018 ڕێكخراوە.

 کەواتە..لێ سەندنەوەی پارێز بەندی پەرلەمانتار،لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی مافێکی یاسایی و دەستوریە،بەڵام لە ئێستادا  وورووژاندنی ئەو پرسە بۆ دوو مە بەستە: یەكلاكردنەوەی ململانێی  هێزە سیاسییەكانە، واتە رەهەندی سیاسی لە پشتەوەیە،هەر وەها بۆ چاوترساندنی خودی پەرلەمانتارە کە نە توانێت جارێکیتر لە هێڵی سوور نزیک بێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×