لەدەستدانی متمانەی سیاسی
لوقمان مصطفی صالح
2019-03-03   1948
متمانەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە فاکتەرەکانی بەخشینی متمانەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا لە نێوان خودی نوخبەی سیاسی و نوخبە و دامەزراوە سیاسییەکاندا لەئێستادا جیاوازی نیە. واتە ھەمان فاکتەر بۆ دووهێزی سیاسی یان زیاتر ھەمان رۆڵی هەیە لە هەڵکشان داکشانی متمانەی سیاسی.ھەروەھا بەپیی توێژەران و چاودێرانی سیاسی دەردەکەوێت لە ھەرێمی کوردستاندا متمانە بە کۆی سیستەمی سیاسی لە نزمترین ئاستدایە. متمانەش بە سیستەم لە ھەرێم وابەستەیە بە متمانە بە نوخبەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان. چونکە بە بڕوای شارەزایان، لەدەستدانی متمانە بە گشتی و لە دەستدانی متمانەی سیاسی بە شێوەیەکی تایبەتی، هەر بەسرووشتی خۆی زۆر خێراتر لە دەست دەچێت، بەڵام بۆ بەدەستهێنانەوەی كاتێكی زۆرتریی پێویستە تا دەبیتەوە جێی بڕواو متمانە.
یەكێك لە مەترسییە گەورەكانی داهاتوی حیزبی سیاسی، بریتییە لە دەستدانی متمانەی سیاسیی گەل. بەپێی بۆچوونی شارەزایانی متمانەی سیاسییش، كاتێك پارتێكی سیاسی بەهۆی سكانداڵ یان هەر كارێكی نەشیاو جەماوەریی روو لە لێژی بكات، تا ماوەیەكی زۆر درێژ و بە ئەستەم، دەتوانێ جارێكی تر بێتەوە گۆڕەپانی سیاسی و متمانەی سیاسی بەدەست بێنێتەوە.
هەر بۆیە کاتێک خەڵکی متمانەی بە حیزبە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت نامێنێت هەر لە خۆڕا نیە.! لەبەر ئەوەی پێیان وایە پارتە سیاسیەکان وکەسایەتی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و کاردەکەن ئەوەندە بۆبەرژەوەندی وخۆشگوزەرانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان هەوڵ نادەن،ئەوەندەی حیزبە سیاسیەکان خەریکی ناشیرنکردنی سیاسەت و خراپ بە کارھێنانی سیاسەتن، تا کار گەیشتووهتە ئەوەی بەشێوەیەک ژینگەی سیاسیان شێواندووە،بە جۆرێک زانستی سیاسیان شەرمەزارکردووە.!
هەر بۆیە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی وپسپۆرانی ئەوبوارە پێیان وایە سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان،هیچ خەسڵەتێکی زانستی سیاسی تیانابینن، بۆیە دەرهاویشتەکانی کێشەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە.
هەرچی خەڵکە گشتیەکەشە پێیان وایە سیسەتکردن بەوشێوەیەی کە ئێستا دەگوزەرێت تەنها ئاولەژێرپێ کردنە و درۆیەکی شاخدارە،ئامانجەکەی قازانجێکی بازرگانیەوهیچی تر، ئاخر کە دەبینن هێزە سیاسیەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چۆن وادەو بەڵێن دەدەن و پاشان پاشگەز دەبنەوە دەبینن چۆن گاڵتە بە هەستیان دەکرێت،کاتێک بەڵێن بە خەڵکی دەدەن وپاشان لێی پەشیمان دەبنەوەو ھیچ ئەنجامێکی نابینن ئیدی چۆن متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی دەمێنێت.!!
ئێ خۆلە سیاسەتیشدا ئەگەر رەوشت وەک پێویست نەبوو ئیتر دەسەڵاتداران بە ئارەزوی خۆیان بەڵێن دەدەن و جێبەجێی ناکەن، دەشبێت بزانین کە بۆچی ڕەوشتی سیاسی پێویستیەکی حەتمیە و دەبێت ئەخلاق وەک ھۆکارێک سەیربکەین،چونکە ئەگەر رەوشت لەهەرکایەیەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی ...هتد ھەبووئەوا دەسەڵاتداران بەڵێنێک نادەن کە جێبەجێی نەکەن،ئەوکات خەڵکیش لەگەڵ یەکتردا زیاتر راستگۆدەبن و ئەو کاتەش متمانە بە یەکترو بەو دەسەڵاتەش زیاتر دەبێت.لە هەلومەرجێکی واهەستیاری ئەمڕۆی کوردستاندا پێویستمان بە نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک هەیە بەسەرجەم دەسەڵاتەکانی پەرلەمان وحکومەت وبە دەزگای دادوەریشەوە، بۆ دوبارە دروستکردنەوەی متمانە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگاو وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وسەروەری یاسا و دابینکردنی پێداویستییەکانی گوزەرانی خەڵک دەکەوێتە ئەستۆی ئەوحکومەتەی کە دەسەڵاتی سیای درووستی کردووە، لە هەمان کاتیشدا پاراستنی ئاسایشی گشتی ئەرکێکی کۆمەڵگاییەو بەرپرسیارێتی گشتی خەڵکە. فراوان بوونی ئازادی سیاسی و دیموراسی لە کۆمەڵدا و فراوان کردنی سەرجەم وبوارەکانی ئازادی ڕادەڕبڕین بە شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسیانە، ئەو زەمینەیە وئەو پێداویستییانە دەخوڵقێنن بۆ ئەوی دەسەڵات ئەرکی خۆی بەئەنجام بگەیەنێ وبیسەلمێنێ کە جێی بڕواو متمانەیانە.
کاتێک متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا دێتە کایەوە کە دەسەڵات لە ڕێگای دامودەزگاکانییەوە لە هەوڵی ئەوەدابێت باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان پێشکەش بکات و خواست و ئاوات و پێویستییەکانیان دابین بکات و هاوڵاتی هەست بە جیاوازی و نادادپەروەری نەکات و مافی هاوڵاتیبوونی پارێزاراو بێت و دەنگی بیستراوبێت و مافی ڕادەربڕین و دەنگدانی بە ئازادی و بەبێ ترس و هەڕەشە و نانبڕینی نەبێت.
ئەوەی دەبێتە مایهی لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە، کاتێک بەرپرسان و سیاسەتمەداران بەڵێن و پەیمان دەدەن و دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بە بێ هێنانەدی بەڵێنەکانیان. بۆ نموونە باس لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی ئازاد و سەروەری یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکەن و پەیمان بە هاوڵاتیان دەدەن کە دیموکراسی پەیڕەو بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو بەڵێنانە بوونی نییە و هاوڵاتی هەست بەوە دەکات ئەو بەڵینانە تەنیا خوڵکردنەچاو زیاتر هیچیتر نییە، کە دەبینرێت دەزگاکانی حکومەت و میدیا و داهاتی نیشتمانی لەلایەن حیزبەوە قۆرخ دەکرێت و خزمخزمێنە و تەزکییەی حیزب دەخرێتە پێش توانا و لێهاتووییەوە بۆ دامەزراندن لە دەزگا فەرمییەکاندا،ئەوا بێگوومان دەسەڵات متمانەی خۆی لەدەست دەدات وهاوڵاتیش بیرلەڕێگا چارەی دیکە دەکاتەوە کە مافێکی سروشتی خۆیەتی.
دەسەڵات کاتێک دەتوانێت متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بێنێت کە وەڵام بە داواکاری و دەنگی ناڕەزایەتییان بداتەوە و بەکردەوە نەک تەنیا بە بەڵێن و وتاری بریقەدار و رازاندنەوەی مانشێتی رۆژنامەکان..
اوڵاتی کە متمانەی بەدەسەڵاتی سیاسی نەما، ئامادە نابێت گوێ رایەڵی فەرمان و داواکارییەکانی دەسەڵات بێت، لە بری هاوکاریکردن زۆر جار پەنا دەباتە بهر سەرپێچکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین، بە ڕهخنەگرتن و میتینگ وخۆپیشاندان. بۆیە دەتوانین بڵێین متمانەی هاوڵاتییان بە دەسەڵات شەرعییەتدانە بەو دەسەڵاتە، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییان متمانەیان بە دەسەڵات نامێنێت، ئەو دەسەڵات لە لایەن هاوڵاتییانەوە بە دەسەڵاتێکی سەپێنراو و ناشەرعی دیکتاتۆر دەناسرێتەوە.
نەهێشتنی قەیرانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات وحزبە سیاسییەکانەوە، دەبێ لە ڕێگای بایەخدانی حزبی سیاسی بەو بەرنامەیەی کە لە هەڵبژاردندا ڕایدەگەیەنێ، وکارکردنی نوێنەرانی لە پەرلەمان ودامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا لە سەر ڕۆشنایی ئەو بەرنامەیەوە بێت.
شایەنی ئاماژە پێکردنە متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتی سیاسی لایەنێکی گرنگی سەرمایەی کۆمەڵایەتییە لە پاڵ بەها و مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە کاریگەری هەیە لەسەر گرێدانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا.
بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بایەخ و گرنگی تەواو بدات بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک سەرمایە جۆراوجۆرەکانی تری وڵات.لانی کەم بۆ ئەوەی ڕووی بێت بۆ جارێکیتر بتوانێ داوی دەنگیان لێبکات وببێتەوە جێی متمانەوگرنگی پێدانیان.
پێویسته ههوڵی ئهوه بدرێت دیالۆگی راستەقینە دروست بێت له نێوان حکومهت و جهماوهر له رێگهی دهسهڵاتی پهرلهمانهوه که زوبان حاڵی چین وتوێژهکانی ئهو خهڵکهن ، ههڵبهته ئهمه رێگهی دهربڕینێکی شارستانی و دروسته له بری توند و تیژیی،کە بێشک توندوتیژی بهر له ههموو شتێک ماڵ وێرانیی بهدواوهیه.
بۆ نەهێشتنی وبنەبڕکردنی قەیرانی متمانەی نێوان خەڵک ودەسەڵاتی سیاسی نۆژەن کردنەوەی پردی پەیوەندی نێوانیانە،بەرلەهەرشتێک داوای لێبوردن لە کۆمەڵانی خەڵک بکرێت،داننان بەهەڵەوکەموکوڕی وکارە دزێوو نەشیاوەکانیان،کەچۆن بونەتە هۆکاری سستبوونی دامەزراوە شەرعیەکان،هەروەها نەبوونی شەفافیەت لە سێکتەرە ئابوری وداراییەکاندا، بەتایبەت کۆمپانیانەوتیەکان وژێرخانە ئابوریەکانی تری ووڵات،ڕێزگرتن لەیاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی نەک بە پێچەوانەوە دەستێوەردان وتێکدان....هتد.