رۆژئاوای كوردستان، چیرۆكی سه‌ركه‌وتنێكی پڕ له‌هیواو نیگه‌رانی
محه‌مه‌د حسێن
2019-07-21   1287
روبه‌ری خاكی رۆژئاوا، ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌مڕۆ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌رێوه‌ی ده‌بات ٥١،٥٥٤ كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌و (٢٧.٨٤%) هه‌موو خاكی سوریا پێكدێنێت. له‌هه‌رێمی كوردستانی عێراق گه‌وره‌تره كه ٤٠،٠٠٠ كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه. هه‌روه‌ها گه‌وره‌تره له ١٢٤ وڵاتی سه‌ربه‌خۆی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌ناویاندا دانیمارك، سلۆڤاكیا، هۆڵه‌ندا، سویسرا، به‌لجیكا، لبنان، ئیسرائیل، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ین، كۆیت، تایوان، فه‌له‌ستین، سه‌نگافۆر، قوبرس‌و ته‌یموری خۆرهه‌ڵات هه‌یه.
به‌هۆی به‌شداریكردنم لهكۆڕبهندی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی داعش (كه ناوه‌ندی رۆژئاوا بۆ لێكۆڵینه‌وه ستراتیجیه‌كان له شاری عاموده سازی كردبوو) بۆ ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ك له رۆژئاوا ژیام. له نزیكه‌وه ئاشنای هه‌موو ئه‌و هیواو نیگه‌رانیانه بووم كه ئه‌زمونی سیاسی و ئیداری ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. ئه‌و خاكه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شه‌ڕڤانانی رۆژئاوادایه‌و ناوه فه‌رمیه‌كه‌ی (ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا)یه كه‌متر له ٥ ملیۆن كه‌سی تیا ده‌ژی به كورد، عه‌ره‌ب، ئه‌رمه‌نی، چه‌ركه‌سی، چیچانی، و توركمانه‌وه.
ئه‌مانه نزیكه‌ی ٢٠%ی دانیشتوانی سوریا پێكدێنن به‌ڵام خاكه‌كه‌یان زیاد له ٧٥%ی سه‌رچاوه ئابوری و سروشتیه‌كانی سوریای له خۆگرتووه وه‌ك نه‌وت و گازی سروشتی و ئاو و زه‌وی به پیت بۆ كشتوكاڵ، هه‌ربۆیه ئه‌مڕۆ رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د چاوی له‌وه‌یه سه‌ركردایه‌تی رۆژئاوا به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كان و ئاوی له‌گه‌ڵدا دابه‌شبكات نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
ئاستی بژێوی تاكه‌كان له رۆژئاوا هێنده جیاواز‌و باشتره له ناوچه‌كانی تری سوریا وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو وڵاتی ته‌واو جیاوز بن؛ ئه‌مه له كاتێكدایه رۆژئاوا هیچ دانپیانانێكی فه‌رمی و نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی رۆژانه‌و به‌رده‌وامی دوژمنهكانیدایه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د شه‌رعیه‌تی ناوخۆیی و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و هه‌زاران میلیشیای ئێرانی، عێراقی و لبنانی و سوپای روسه‌كان شه‌ری بۆ ئه‌كه‌ن.
هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كان
رۆژئاوا له‌هه‌رچوارلاوه به دراوسێی خراپ و دووژمن ئابڵوقه‌دراوه. هه‌رێمی كوردستانی عێراق (كه ئه‌وان به باشور ناوی ده‌به‌ن و وه‌ك ماڵی برایه‌كی دراوسێ ده‌یبینن) دراوسێ خراپه‌كه‌یه. توركیا، رژێمی ئه‌سه‌د، گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه توركیا‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریا دووژمنهكانن. سوپای توركیا له پێگه‌كانی خۆیه‌وه له‌سه‌ر سنوره‌وه نزیكه‌ی ٢٠٠ مه‌تر دوره له ناوه‌ندی شاری قامیشلۆ. له‌ناو ده‌زگای په‌یوه‌ندیه دیپلۆماسیه‌كانی رۆژئاواوه ئاڵای توركیا دیاره‌و ده‌شتوانیت ده‌موو چاوی هه‌ر سه‌ربازێكی تورك بناسیته‌وه كه له بن ئاڵاكه‌دا ده‌وه‌ستێت. هیچ چیا‌و روبارو دۆڵ و بیابانێك نیه له نێوان سوپای توركیا‌و ناوه‌ندی شاره سه‌ره‌كیه‌كانی رۆژئاوا.
به‌ته‌نیشت ئه‌و جاده‌یه‌ی ئێمه له قامیشلۆوه ده‌چوین بۆ عامودا شۆفڵ و حه‌فاره كاریان ده‌كرد و خه‌نده‌قیان لێده‌دا. له‌ناو شاری قامیشلۆش هه‌ر دیسان خهندهقلێدانم بینی و هاوڕێیه‌كی خه‌ڵكی شاره‌كه پێی وتم كه تۆڕێكی به‌رفراوانی تونێل و خه‌نده‌قی ژێرزه‌مینی له‌ژێر شاره‌كه‌دایه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و ئاماده‌كاریانه‌ی شه‌ڕڤانانی رۆژئاوا له دژی دوژمنه‌كانیان ده‌یكه‌ن. یه‌كێك له‌و دیپلۆماتكارانه‌ی رۆژئاوا كه به درێژایی رۆژانی كۆڕبهندیهكه هاوڕێ و رێنیشانده‌ری گروپه‌كه‌ی ئێمه بوو پێی وتم، “ ئێمه‌ش حه‌زمان ده‌كرد ئه‌و ره‌نج و پاره‌یه‌ی له‌م خهندهقلێدانهدا خه‌رجی ده‌كه‌ین بۆ ڕێگاوبان و قوتابخانه‌و خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌كان بێت، به‌ڵام چی بكه‌ین؟”
ئابوری رۆژئاوا
رۆژئاوا له روی ماده خۆراكیه سهرهكیهكانهوه، وه‌ك گه‌نم، جۆ، رۆن، گۆشت و هه‌ندێك به‌روبومی كشتوكاڵی تر توانای پشتبه‌خۆبه‌ستنی هه‌یه، به‌ڵام كێشه‌ی نه‌بوونی بازاڕی هه‌یه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی به‌روبومه‌كانی كه له ئاستی پێداویستی ناوخۆ زیاتره. بڕێكی كه‌می نه‌وته‌كه‌یان به چواریه‌كی نرخی بازاڕه جیهانیه‌كان له ڕێگای هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌فرۆشن، به‌ڵام رێگه‌یان پێ‌نادرێت به‌روبومه كشتوكاڵیه‌كانیان هه‌نارده‌ی هه‌رێم بكرێت. توركیا‌و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هه‌موو ده‌رگاكانیان به ڕودا داخستوون.
به‌ڵام به گشتی دۆخی ئابوری رۆژئاوا به‌راورد به ناوچه‌كانی تری سوریا زۆر باشه، ئه‌م جیاوازیه‌ش له هه‌ندێك حاڵه‌تدا گه‌وره‌تره له‌و جیاوازایانهی له‌ێوان دوو كیشوه‌ری جیاوازدا هه‌ستی پێده‌كرێت.
موچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستایه‌ك له شاری دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا به‌لای زۆره‌وه ده‌گاته ٣٨٠٠٠ لیره، به‌ڵام له رۆژئاوا ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه له لایه‌ن ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریاوه دامه‌زراون، كه‌مترین موچه‌یان له ٦٠،٠٠٠ لیره‌وه ده‌ست پێده‌كات. موچه‌ی ئه‌فسه‌رێك به پله‌ی ره‌قیب (وه‌ك ئه‌فسه‌ری یاریده‌ده‌ر) له سوپاكه‌ی ئه‌سه‌د ٥٣،٠٠٠ لیره‌یه، به‌ڵام له‌ناو سوپاكه‌ی رۆژئاوادا١٣٠،٠٠٠ لیره وه‌رده‌گرێت.
كرێی ده‌ستی رۆژانه‌ی كرێكارێك له دیمه‌شق له ٥٠٠ لیره تێپه‌ڕناكات، به‌ڵام له شاری قامیشلۆ له ١٥٠٠ لیره كه‌متر نیه. له قامیشلۆ خه‌ڵكی شار‌و ناوچه‌كانی تر ده‌بینیت بۆ كاركردن هاتوون و كێشه‌ی بێكاریی نیه، به‌ڵام له دیمه‌شق بێكاری ئێستا یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی كۆچكردنی خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی ئه‌و كوردانه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه له‌وێ ده‌ژین.
یه‌ك لیتر به‌نزین له دیمه‌شق ١٦٠٠ لیره‌یه، به‌ڵام له قامیشلی ٤١٠ لیره‌یه.
یه‌ك بتڵ غاز له دیمه‌شق ٢٠،٠٠٠ لیره‌یه، به ڵام له قامیشلۆ ٢٠٠٠ لیره‌یه.
یه‌ك كلیلۆ نانی ئاماده‌كراو له دیمه‌شق ٧٠ لیره‌یه، به‌ڵام له قامیشلۆ ٢٠ لیره‌یه.
له دیمه‌شق، به‌رزترین مۆدێلی ئۆتۆمبیله‌كانیان ٢٠٠٩ یه، به‌ده‌گمه‌ن ئۆتۆمبیلێمی له‌وه تازه‌تر ده‌بینرێت، به‌ڵام له قامیشلۆ ئۆتۆمبیلی ٢٠١٩یش هه‌یه. نرخی ئۆتۆمبیل سێ به‌رامبه‌ر گرانتره له به‌شه‌كانی تری سوریا به‌راورد به رۆژئاوا به هۆی سیاسه‌تی گومركی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه.
دیموكراسیه‌ته‌كه‌ی رۆژئاوا
له‌رۆژئاوا دیمۆكراسیهتێكی ساوای پڕ ئاله‌نگاری له‌دایك بووه. له شاری قامیشلۆ سه‌ردانی ده‌زگایه‌كمان كرد ناوی ته‌ڤده‌م بوو نوێنه‌ری نزیكه‌ی ٥٥ حیزبی سیاسی بوو. ئه‌م ژماره‌یه جۆرێك له پاشاگه‌ردانی سیاسی ده‌رئه‌خات، به‌ڵام هێزه سیاسیه كاریگهرو خاوه‌ن نفوزه‌كان ژماره‌یان له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕناكات و هه‌موشیان دابه‌شده‌بنه سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ره‌ی ئه‌نه‌كه‌سه كه ئه‌و حیزب ولایه‌نانه له خۆ ده‌گرێت كه پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریان ده‌كات و ئۆپۆزسیۆنی ئیداره‌ی رۆژئاوان، به‌ره‌ی په‌یه‌ده‌و هاوپه‌یمانه‌كانی كه دامه‌زرێنه‌ری ئیدارهكهن.
سه‌ركرده سیاسیه‌كانی رۆژئاوا جلی برانده گرانبه‌هاكان و ئۆتۆمبیلی مۆدێل به‌رزیان پێ نیه. ناسنامه‌و پاسپۆرتی ئه‌وروپاو ئه‌مریكایان له گیرفاندا نیه. بۆ قوماركردن منداڵه‌كانیشیان ناچن بۆ لاسڤێگاس. له‌راستیدا ئاستی بژێویان زۆر جیاواز نیه له چینی ناوه‌ڕاستی قامیشلۆ و به‌رزترین موچه‌ی وه‌زیرو سه‌ركرده‌كانیان له ٢٧٠ دۆلار (نزیكه‌ی ١٦٥٠٠٠ لیره) تێناپه‌ڕێت به وته‌ی به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندیه دیپلۆماسیه‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره. هه‌ندێك جار وه‌رگێڕێك یان فیكسهرێكی كه‌ناڵه بیانیه‌كان موچه‌كه‌ی سێ جار زیاتره له موچه‌ی وه‌زیرێكی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا.
هه‌ر له‌ناو دهزگاحكومیهكانیشدا كارمه‌ندی ته‌كنیكی واهه‌یه كه موچه‌كه‌ی زیاتره له موچه‌ی وه‌زیره‌كانیان. له‌وانه‌یه ئێره ته‌نها شوێنێك بێت له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا كه وه‌زیره‌كانی ده‌وڵه‌ت له خه‌ڵكه پیشه‌وه‌ره ئاساییه‌كه كه‌متر وه‌رده‌گرن، یان هه‌ر له‌هه‌مان ئاستدا بن. ئامانج له‌م موچهكهمییهی سیاسیه‌كان رێگرتنه له‌گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵاوسانی بازاڕ ئه‌گینا رۆژئاوا هێنده درامه‌تی هه‌یه تا بتوانێت وه‌زیره‌كانی به باشی بژیه‌نێت، ئه‌م سیاسه‌ته گرفتی ئابوری و دارایی خۆی هه‌یه كه ئێره شوێنی باسكردنی نیه.
ئه‌و جیاكاریه جێنده‌رییه‌ی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه، له‌رۆژئاوا تا راده‌یه‌كی زۆر كاڵكراوهتهوه. ئاستی به‌شداریكردنی ئافره‌تان له‌داموده‌زگا سیاسیی، ئیداریی، سه‌ربازیی، ئهمنییو روناكبیریهكانی ئه‌م وڵاته‌دا ئه‌وه‌ت نیشانده‌دات كه رۆژئاوا به‌ستانداردی ئه‌وروپاو ئه‌مریكاش زۆر هه‌نگاوی جدی ناوه به‌ره‌و كه‌مكرنه‌وه‌ی نایه‌كسانیه جێنده‌ریه‌كان. هه‌رچه‌نده ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و رۆشبنیری كۆمه‌ڵگای كوردی و عه‌ره‌بی و كه‌مایه‌تیه‌كانی ناوچه‌كه هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئه‌م به‌شداریه چالاكه‌ی ئافره‌تانی لێبكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئایدۆلۆجیای ڕێكخراوه سیاسیه‌كانی كاریگه‌ر به بیروباوه‌ڕه‌كانی ئاپۆ ( عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان- PKK) ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ی دروست كردووه.
هیواو نیگه‌رانیه‌كانی رۆژئاوا
كه ده‌چیته رۆژئاوا هه‌ست ده‌كه‌یت له‌م وڵاته‌دا هیچ خاوه‌نماڵ و سه‌ركرده‌یه‌ك نیه جگه له ئاپۆ، ته‌واوی ئه‌زمونه سیاسیه‌كه‌ی ئه‌وێ له‌سه‌ر بیر‌و باوه‌ڕه‌كانی ئاپۆ دروستكراوه. له‌وێ سیسته‌مێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری لۆكاڵی هه‌یه‌و له‌خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كان شه‌رعیه‌ت و شێوه‌و فۆرم وه‌رده‌گرن و هیچ مه‌ركه‌زیه‌تێكی سه‌رتاپاگیر به‌دیناكرێت.
ئه‌م سیسته‌مه ناهێڵێت دیكتاتۆر‌و مافیای ئابوری و بنه‌ماڵه‌یی دروست ببێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا هه‌یه. هه‌میشه ده‌رفه‌تی به‌شداری كه‌مینه‌كان و گروپه جیاوازه‌كان به كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه. به‌ڵام پێئه‌چێت هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه لامه‌ركه‌زیه نه‌هێڵێت داموده‌زگای به‌هێزو سه‌قامگیری نیشتمانی دروست ببێت. له‌پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیدا (Nation-State Craft ) بوونی داموو ده‌زگای نیشتمانی سه‌روی حیزبه سیاسیه‌كان و یه‌كه ئیداریه لۆكاڵیه‌كان پێویسته. هه‌رچه‌نده ئه‌وان له خه‌می دروستكردنی مۆدێلێكی جیاواز له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یین، به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه ئه‌م لامهركهزیهتهیان ده‌رفه‌ت به دروستكردنی ده‌زگای نیشتمانی به‌هێز نه‌دات.
بۆ نمونه ئێستا ئیداره‌ی رۆژئاوا سێ كانتۆنهو له‌وانه‌یه ٢ كانتۆنی تریش زیادبكرێت به‌هۆی ناوچه عه‌ره‌بیه‌كانی ره‌ققه و دێره‌زوره‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كی نیشتمانی یاسادانان نه‌بێت هه‌موو ئه‌و كانتۆنانه كۆبكاته‌وه‌و چاودێرییان بكات ئه‌و پێنج ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریهی هه‌یانه ده‌سه‌ڵات و هه‌یبه‌تی ئه‌وه‌یان نابێت وه‌ك ده‌زگای نیشتمانی گشتگیر مامه‌ڵه‌بكه‌ن. بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و سیاسی بوونی ده‌زگای به‌هێزی له‌مجۆره له ئۆكسجین پێویست تره.
لایه‌نێكی تری سه‌رنجڕاكێشی ژیانی سیاسی رۆژئاوا هه‌بوونی خه‌ڵكانێكی زۆری خۆبه‌خشه كه بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م ئه‌زموونه سیاسیه له‌وێن. له كاتی كۆڕبهندیهكهدا كجێكی گه‌نجی توركم ناسی كه ئه‌ندامی رێكخراوێكی كۆمۆنیستی توركیابوو به‌ڵام بۆ خزمه‌تكردن هاتبووه ئه‌وێ. كه له قامیشلۆ بوین دوو پیاوی ته‌مه‌ن مامناوه‌ندی وریا‌و خوێنده‌وار هاتن بۆ لامان و داوایان لێكردین هاوكاری زانینگای رۆژئاوا بكه‌ین (كه زانكۆیه‌كی تازه دامه‌زراوی كوردیه له قامیشلۆ)، ئه‌وانیش خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون. له‌وێ خه‌ڵكی ئه‌رمینیا و هه‌رێمی كوردستانی عێراق و فه‌ره‌نسام بینی كه بۆ خزمه‌تكردنی خۆبه‌خشانه هاتبوون. له‌پشت هه‌موو ئه‌م گیانی فیداكاریه‌وه ته‌نها یه‌ك نهێنی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه كراوه‌و له خۆگره (Inclusive)هیه كه له بیروباوه‌ڕه‌كانی ئاپۆوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. به پێی ستاندارده سیاسی و مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كانی خۆرئاوای ئه‌وروپاو ئه‌مریكا، رۆژئاوا تا ئێستا به باشی هێناویه‌تی و له هه‌ربوارێكدا كاریان كردبێت وێنه‌ی دیمۆكراسیهته ساواكه‌یان دره‌وشاوه‌تر كردووه.
به‌ته‌نیشت ئه‌م گیانی خهباتكردنهی خۆبه‌خشه‌كانه‌وه، هێشتا بڕێكی زۆری دانیشتوانی رۆژئاوا ئاواره‌و په‌ناهه‌نده‌ن و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌ژین. متمانه‌یان به‌و دۆخه نیه كه له‌وێ دروست بووه. "كه شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد، پێش هه‌موو كه‌س خوێنده‌وارو شاره‌زاو ته‌كنۆكراته‌كان هه‌ڵهاتن و جێیانهێشت” ئه‌مه وته‌ی یه‌كێك له‌و پیاوه رۆژهه‌ڵاتیانه بوو كه به په‌رۆشه‌وه ده‌یانویست زانینگای رۆژئاوا پێشبخه‌ن.
له ئێستادا رۆژئاوا وێنه‌ی دورگه‌یه‌كی دیموكراسی، له‌ناو جه‌نگه‌ڵێكی پڕ له‌شه‌ڕو كاولكاریدا، بۆ خۆی دروستكردووه. ئه‌م وێنه‌یه تا راده‌یه‌كی زۆر یارمه‌تی به‌رده‌وامی ئه‌و پشتیوانیه نێوده‌وڵه‌تیه ئه‌دات ئه‌مڕۆ رۆژئاوا هه‌یه‌تی. به‌ڵام دیموكراسیه‌ته‌كه‌ی رۆژئاوا پێویستی به كرانه‌وه‌ی سیاسی زیاتر هه‌یه. پێویستی به‌وه‌یه زیندانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی له‌وڵات بهدهرنراوی نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌یبێت وه‌ك رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دی لێدێت و یه‌كه‌مین ده‌ره‌نجامیشی دۆڕانی دۆست و پشتیوانیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ده‌بێت.
پێویسته سیسته‌مێكی سیاسی له‌خۆگرو كراوه (inclusive)ی هه‌بێت كه جێگای ئه‌نه‌كه‌سه و هه‌موو ئه‌و حیزب و لایه‌نه سیاسیانه‌ی تریشی تیا بێته‌وه كه دیدێكی سیاسی جیاوازیان له (PYD) هه‌یه. سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانیه ئه‌منیه‌كانیان و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی دووژمنه‌كانیان، هه‌رگیز نابێت دوودڵی بكه‌ن له فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و ژینگه سیاسیه‌ی دهنگوڕهنگه جیاوازه‌كانی رۆژئاوا ئازادیه‌كانی خۆیانی تیا ئه‌دۆزنه‌وه.
هه‌بوونی رۆژئاوا ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه بۆ كورد‌و هه‌موو ئه‌و میلله‌تانه‌ی تر كه ئێستا له سایه‌یدا ده‌ژین. ئه‌م ده‌ستكه‌وته مه‌زنه به ره‌نج و خوێن و عاره‌قی ده‌یان هه‌زار جه‌نگاوه‌رو شه‌هید و برینداری ناوچه‌كه‌و جیهان بونیاتنراوه. بێگومان جێپه‌نجه‌ی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (PYD) و رێكخراوه‌كانی نزیك له (PKK) دیاره به هه‌موو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌وه. هه‌ركه به‌هاری عه‌ره‌بی و شۆڕشی گه‌لانی سوریا ده‌ستی پێكرد، ئه‌م ڕێكخراوه سیاسیانه هاتن شوێنی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دیان گرته‌وه‌و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تیان گرته‌ده‌ست و حكومه‌تی لۆكاڵیان پێ دروستكرد‌و زیره‌كانه‌ش خۆیان له‌شه‌ڕی ئه‌سه‌د به‌دوور گرت. دواتر بوو به‌م رۆژئاوایه‌ی كه ئه‌مڕۆ هه‌یه.
له راپه‌ڕینه‌كه‌ی به‌هاری ١٩٩١ی هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا، هه‌موو ده‌زگا حكومیه‌كان تاڵانكرا هه‌ركه ده‌ستی شۆڕشگێڕه‌كانی پێگه‌یشت. دواتر سه‌ركرده حیزبیه‌كان به شێنه‌یی كه‌ره‌سته گرانبه‌هاكانی ده‌وڵه‌تیان دزی و له ئێران فرۆشتیان. ئه‌م دوو ده‌ستپێكردنه جیاوازه‌ی هه‌رێم و رۆژئاوا ئه‌وه نیشان ده‌دات كه رۆڵی سه‌ركردایه‌تی و رێكخراوی سیاسی خاوه‌ن روئیا چه‌ند گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه له ئیداره‌دانی سه‌ركه‌وتن و قه‌یرانه‌كاندا.
تێبینی: هه‌موو ئه‌و زانیاری و ژمارانه‌ی له‌م باسه‌دا هاتووه له ده‌زگاو ئاماری فه‌رمیه‌وه وه‌رنه‌گیراون، به‌ڵكو راسته‌وخۆ له‌خه‌ڵكی ئاسایی قامیشلۆ و عامودا وه‌رگیراون، له‌گه‌ڵ چه‌ند ئاواره‌یه‌كی شاری دیمه‌شق كه ئێستا له رۆژئاوا ده‌ژین. هه‌ركه‌سێ ژماره‌و داتای جیاواز (یان ناكۆك له‌وه‌ی منی هه‌بێت، زۆر سوپاسیهكهم له‌رێگای ئه‌م ئیمه‌یڵه‌وه (mohammed.tarkhani@barcelonagse.eu) هه‌ڵه‌كانم بۆ راست بكاته‌وه.