کاتێک مرۆڤ دەگاتە پەنچا ساڵ، یەکسەر دوو هەستی دژبەیەک ڕووبەڕوی دەبێتەوە، لەلایەکەوە هەست دەکەیت کە پەنجا ساڵی تەمەنی رۆیشتووە، ئەو پەنجا ساڵەش بریتین لە باشترین و خۆشترین ساتەکانی تەمەنی، تەمەنی منداڵی، هەرەزەکاری، گەنجێتی. لەدەستدانی ئەم قۆناغەش خۆی لەخۆیدا جۆرە هەستێکی حەزین لای مرۆڤ دروست دەکات. هەستی دووەمیش، تاڕادەیەک هەستێکە جۆرە باوەڕبەخۆبوون، کامڵ بوون و پێگەیشتن دەگەیەنێت. بەڵام لەگەل ئەوەشدا دەبێت چاوەڕێی ساڵانی سەختر بکەیت، چونکە چیتر مرۆڤ ئەو هێز و توانایەی جارانی نامانێت، ئۆرگانەکانی لەشیشی ووردە ووردە بەرەو لاوازی و نەخۆشی دەچن، لەبەرئەوە دەبێت، بۆ هەموو ئەگەرێکی ناخۆش خۆت ئامادە بکەیت. هەربۆیە مرۆڤ دۆشدادەمێنێت، ئاخۆ دڵی بە پەنچا ساڵی تەمەنی خۆشبێت یان نیگەران و دڵتەنگ بێت؟!
من کاتێک سەیری لاپەڕەکانی ژیانم دەکەم، ئەو پەنچا ساڵەی تەمەنم، لەرووی مەعریفەوە، کتێبێکی زۆرم خویندۆتەوە، هەرچەندە ئەو کتێبانەی من خوێندومەتەوە، دڵۆپێک ئاوە لە دەریایەکی گەورەی مەعریفەدا، هێشتا هەزار کتێبی جوان و گرنگ ماون، کە نەمخوێندۆتەوە. لەرووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشەوە، پێدەچێت من لە ژیانمدا خەڵکانێکی زۆرم ناسیبێت، هەر لە خزم و کەسوکار و گەڕەک و قوتابخانە، هەتاوەکو قۆناغی زانکۆ، دواتر بۆ ناوبازاڕ، لێرەش چەندین کەسانی بازرگان و کاسبم ناسیوە. پاشان بۆ ئەوروپا، لەوێش بەدڵنیاییەوە خەڵکانێکی زۆرم ناسیووە. لەژیانمدا خەڵکانێکم ناسیووە، کە زۆر ئازاریان داوم، ناخیان بریندار کردووم، یادەوەریی تاڵ و ناخۆشم لەگەڵیاندا هەیە، هەندێکیشیان زۆر ئاسوودەیان کردووم، یادەوەریی خۆشم لەگەڵیاندا هەیە، لەمەدا من بە قسەی لیۆ تۆڵستۆی نووسەری ناسراوی روسیا دەکەم کاتێک دەڵێت: یادەوەرییە خۆشەکان لە لای خۆت بهێڵەوەو زوو زوو بیری خۆتی بهێننەوە تاوەکو ئاسوودەگیت پێ ببەخشێت، هەوڵیش بددە یادەوەرییە ناخۆشەکان لەبیربکەیت تاوەکو دووبارە برینەکات نەکولێننەوە ئازارت نەددەن.
بەدڵنییاوە مرۆڤ بێ یادەوەری ناژیی، مرۆڤ رۆژانە چرکە و سەعاتەکانی ژیانی تێدەپەڕێت، لەم ماوەیەشدا بەشێکی بۆ کار، بۆ خواردن و ئیسراحەت بەکاردەهێنێت. من لە ژیانی خۆمدا دەتوانم شانازی بەوەوە بکەم کە لە ماوەی پەنچا ساڵی تەمەنمدا، لەبواری ئەدەبیی و فکریی و سیاسییدا 26 کتێبم چاپ کردووە، هەندێکیان وەرگێڕان بووە و هەندێکیشی نووسینی خۆم بووە. لەوانەبێت ئەنامە تاکە شتێک بن کە هیوایەکی گەورەم پێببەخشن و لە دوای خۆم بمێنێتەوە. ئاخر وەکو فەیلەسوفی ئیسرائیلی یوڤال نوح حەراری دەڵێت: ئامانج و مەبەستی داهێنانی نووسین لەلایەن مرۆڤەوە بۆ ئەوەبوو، کە وەکو گەنجینەیەک شتەکانی خۆی تێدا خەزن بکات و بیهێڵێتەوە. منیش لەرێگەی کتێبەکانەوە، توانیوومە، کەمێک تێگەیشتن و تێڕوانینە ئەدەبیی و فکریی و سیاسییەکانی خۆم لەرێگەی کتێبەوە بهێڵمەوە، لەوانەبێت نەوەی ئێستا و داهاتووش حەز بە خوێندنەوەیە بکەن، بەهەرحاڵ ئەمانە دەبنە مێژوو.
مرۆڤ لەژیانییدا کۆمەڵێک ئاوات و ئامانج و هیوای هەیە، بەدڵنیاییەوە لەژیانیدا ناتوانێت هەموو ئەوانەی دەستبکەوێت کە خەونی پێوە دەبینێت، بەڵام بەلایەنی کەمەوە هەندێکیان دەستدەکەوێت، منیش لەژیانمدا زۆر هیوا و ئامانجم هەبووە، بەشێکیانم بەدەستهێناوە، بەشێکی زۆریشیان هێشتا نەهاتوونەدی. بەڵام بە بڕاوی من کاتێک مرۆڤ تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەڕوات، باشترین هیوای ئەوەیە کە لەشساخ بێت، چونکە لەشساخیش نیعمەتێکی گەورەیە.
وەکو هەموو کوردێکیش بەدڵنیاییەوە منیش خەونم بە وڵاتێکی ئازادی کوردییەوە بینیوە، تارادەیەکیش کارم بۆ کردووە. بەداخەوە رەوشی ئێستای کورد زۆرباش نییە، لە رۆژئاوا هەڕەشەی تورکیا، لە هەرێمی کوردستانیش، نەبوونی حوکمڕانییەکی ئازاد و دیموکرات، بۆتە هۆی دروستبوونی حوکمڕانییەکی خراپ، کە بەشێکی زۆری خەڵكی لێی بێزارن، ئەم بێزارییەش مەترسیی زۆری هەیە بۆسەر ئەم قەوارەیە، کە ئەویش بەرهەمی ڕاپەرین و کۆڕەوی خەڵكی کوردستان بوو.