ئەردەڵان عەبدوڵڵا
خەڵاتی نۆبڵ یەکێکە لە خەڵاتە ناسراوەکانی جیهان، ماوەی 113 ساڵە، ئەم خەڵاتە دابەش دەکرێت، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەشی کە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە، رۆڵیان لە بواری سیاسی و ئەدەبی و زانستیدا هەبووە. بەڵام مەرجیش نییە هەموو ئەو کەسانەی کە لیژنەی خەڵاتەکە دیاریی دەکات، باشترین نووسەر یان زانا و ئەکادیمی و سیاسی جیهان بن. زۆرجار ئەکادیمیای سویدی بەر رەخنە دەکەوێت لەبەرئەوەی زۆرجار ئەو کەسانەی کە بۆ خەڵاتەکە هەڵدەبژێرێن، شایستەی ئەو خەڵاتە نین یان خەڵکانی تر لەوان باشتر هەیە بۆئەوەی خەڵاتەکەیان پێ ببەخشرێت.
خەڵاتی نۆبڵ کە لەلایەن ئەکادیمیای سویدییەوە دیاریی دەکرێت و دەبەخشرێت، بڕی ئەم خەڵاتەش 8 ملیۆن کرۆنی سویدیە واتە نزیکەی 1.1 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بۆ چەند بوارێکە لەوانە: سیاسیی و ئەدەبی و زانستی، من لەم وتارەدا زیاتر قسە لەبارەی ئەدەبەوە دەکەم.
ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەبی جیهانی بکەین، خۆمان لەبەردەم کۆمەڵێک نووسەری مەزنی جیهان دەبینینەوە کە ئەو خەڵاتەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە تەواوی جیهاندا هەتاوەکو ئەمڕۆش بە یەکێک لە باشترین نووسەری جیهان دادەنرێت، لێرە من تەنها باس هەندێکیان دەکەم لەپێش هەموویانەوە (تۆڵستۆی، ئێمیل زۆلا، مارک توین، ڤێرجینا ڤۆڵڤ) هەرچەندە زۆری تریش هەن کە نووسەری ناسراو و دیاری جیهان بوون، بەڵام خەڵاتەکەیان وەرنەگرتووە.
تۆڵستۆی
نووسەری ناوداری روسیا و جیهان (لیۆ تۆڵستۆی) کە ساڵی 1828 لەدایک بووەو ساڵی 1910 کۆچی دواییکردووە. بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری نیوزویک، لە لیستی باشترین 100 نووسەری جیهان دادەنرێت. خاوەنی کۆمەڵێک رۆمانی مەزنە لە پێش هەموویانەوە (جەنگ و ئاشتی، ئانا کارنینا). جگە لەوەش لە بواری رێبازی هومانیستیدا بە یەکێک لە مامۆستاکانی بواری فیکری هومانیستی دادەنرێت. کاتێک ساڵی 1901 لیژنەی ئەکادیمی سویدی ئەویان خستە ناو ئەو لیستەی کە بۆ خەڵاتەکە هەڵبژێرێت، بەڵام دواجار ئەویان هەڵنەبژارد و خەڵاتەکەیان دا بە نووسەری فەرەنسی رینێ سولی برودهۆم. ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی نووسەرانی جیهان. لە هەمووی سەیر تر هەڵوێستی تۆڵستۆی خۆی بوو، لە جیاتی ئەوەی پێی ناخۆش بێت کە خەڵاتەکەی وەرنەگرتووە کەچی پێی خۆش بوو، تەنانەت وتویەتی: ئەمە باشترین شانس بوو بۆ من، چونکە نەمدەزانی چی لەو پارەیە بکەم کە خەڵاتەکە پێی دەبەخشیم.
ئێمیل زۆلا
ئێمیل زۆلا یەکێکە لە نووسەرە مەزنەکانی جیهان و خاوەنی کۆمەڵێک رۆمانی ناسراوە لە پێش هەموویانەوە( نانا، گێرمیناڵ...هتد) زۆلا ساڵی 1840 لەدایکبووە و ساڵی 1902 کۆچی دواییکردووە. جگە لەوەش داهێنەری قوتابخانەیەکی ئەدەبی و هونەری گرنگە کە ئەویش سروشتگەراییە. هەتاوەکو ئەمڕۆش لە لیستی نووسەرە باشەکانی جیهان دادەنرێت. بەڵام ئەمیش خەڵاتی نۆبڵی پێ نەبەخشرا، هەندێک مێژوونوس هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی زۆلا کە لەو ماوەیەدا بەهۆی داکۆییکردنی لە ئەفسەرێکی جوو بە ناوی دریفوس، دژی حکومەتی فەرەنسا وەستایەوە ناچاریش وڵاتی بەجێهێشت، لەوکاتەشدا حکومەتی سوید نەیویستووە دژی حکومەتی فەرەنسا بوەستێتەوە.
ڤێرجینا وۆڵف
ژنە نووسەری ئینگلیزی ڤێرجینا ڤۆڵڤ ساڵی 1882 لەدایکبووەو ساڵی 1940 کۆچی دوایی کردووە، کە باسی ئەدەبی ژنان بکەین، ناتوانین باسی ئەم ژنە نووسەرە نەکەین، لە بواری داهێنانی رۆمانی نوێی ئینگلیزییدا، رۆڵی بەرچاوی هەبووە. هەروەها لە بواری بزوتنەوەی ژنانیشدا چالاکوانێکی زۆر دیار بووە و خاوەنی کۆمەڵێک رۆمانی مەزنە لەوانە (شەو رۆژ، ژوورەکەی یاکوب...هتد) هەرچەندە ڤێرجینا یەکێک بووە لە ناوە ناسراوەکانی ئەدەبی جیهانی بە گشتی ژنان بەتایبەتی، بەڵام ئەکادیمیای سویدیش، ئەمیشی نەخستە ناو لیستی وەرگرانی خەڵاتەکەوە.
مارک توین
زۆرجار مارک توین بە باوکی ئەدەبی ئەمریکی دەناسرێت، ساڵی 1835 لەدایکبووەو ساڵی 1910 کۆچی دواییکردووە، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆکی مەزنە، لەپێش هەموویانەوە:(سەرکێشییەکانی تۆم سویری، هۆکلبێری فین) جگە لەوەش خاوەنی شێوازیکی تایبەتی نووسین بووە. مارک توین رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی رۆمان و چیرۆک و کورتە چیرۆکی ئەمریکی، کەچی سەیر دەکەین ئەمیش لە لایەن ئەکادیمیای سویدییەوە خەڵاتەکەی پێ نەبەخشراوە. لەکاتێکدا هەتاوەکو ئەمڕۆ، کتێبەکانی بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێراوە.
دەرەنجام
بەدڵنییاییەوە مەرج نییە ئەو نووسەرەی خەڵاتی نۆبڵی پێ نەبەخشرابێت، ئیتر نووسەری باش نییە یان خاوەنی داهێنان نییە، ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەبی جیهانی بکەین، زۆر ناوی گەورە دەبینین کە ئەم خەڵاتەیان وەرنەگرتووە . جگە لەمانەی سەرەوە کۆمەڵێک نووسەر و رۆمانننووسی ناوداری جیهان خەڵاتەکەیان وەرنەگرتووە لە پێش هەموویانەوە: (مارسێل برۆست، لویس بۆرخیست، نیکۆلاس کازانتزاکی، جیمس جویس)کۆمەڵێکی تر.
هەروەها زۆرجاریش هەڵنەبژاردنی ئەو نووسەرانە، پەیوەندی بە هەڵوێستی سیاسیی ئەو کەسانە یان حکومەتی سویدییەوە هەبووە. بۆ نموونە نیکۆڵ کازانتزاکی نووسەری ناسراوی یۆنانی، بەهۆی نزیکی لە حزبە چەپەکانەوە هەڵنەبژێرا. ئەگەر سەیری لیستی ناوی ئەو کەسانەش بکەین کە خەڵاتەکەیان پێ بەخشراوە، زیاتر ئەوروپین، رێژەی نووسەرانی ئاسیاویی و ئەفریقایی زۆر کەمە، لەکاتێکدا چ لە ئاسیا یان ئەفریقا، نووسەری ئێجگار مەزنی تێدابووە.
سەرچاوە:
أدباء و شعراء و مٶلفون عظماء لم یحصلوا علی جائزة نوبل
www.albawaba.com/ar