لای زۆرمان ئاشکرایە کە بەشێکی زۆری ئەو چەکە کیمیاییانەی کە لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە بەکارهێنراوە، بەرهەمی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیایە. هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم وڵاتە بەردەوامە لە فرۆشتنی چەک بە تورکیا، کە هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات. منیش وەکو هەموو کوردێک کە لە ئەڵمانیا دەژیام، ئەمە بووبوە مایەی نارەحەتیم و دەمویست کارێک بکەم، لە دژی ئەم کۆمپانیاییانە. تازە گەیشتبوومە ئەڵمانیا، وامدەزانی کە دادگاکانی ئەم وڵاتە لە پرسێکی وا ئینسانیدا، دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت دادگاییەکی عادیلانەی ئەو کۆمپانیایانە بکەن، ئەمەش چ لە رووی ماددیی و چ لە رووی مۆڕاڵیی و سیاسیشەوە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگ بوو، بەڵام دوایی بە تەجروبە بۆم دەرکەوت ئەم هەوڵەی من خەونێکی ئەستەمە.
بەهەرحاڵ من لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کورتەیەک باسی ئەو هەوڵانە بکەم کە ئەوکاتە لەگەڵ هاوڕێیانی رێکخراوی چاک، لە ئەڵمانیا و ئەوروپا دامان بۆئەوەی بتوانین ئەو کۆمپانیایانە دادگایی بکەین. ئەم ئەزموونەی من، لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا، هەرچەندە کەم و سەرکەوتووش نەبووم، بەڵام لەوانەبێت سوودی هەبێت بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت کارێکی لەم جۆرە بکەن، لەرووی مێژووییشەوە، لاپەڕەیەک لە مێژووی رێکخراوی چاک باس دەکەم، کە خۆم بەشداربووم تێیدا.
سەرەتاکانی هەوڵەکان
لەکۆتایی ساڵانی نەوەدەکان، ئەم مەسەلەیەم لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست و هاوڕێم لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا باس کرد، دەمانویست دەستبکەین بە پڕۆسەکە، بەڵام دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆج ئالانی سەرۆکی پارتی کرێکاران هاتە ئاراوە، ئیتر زۆربەی چالاکییەکانمان وازلێهێنا، ئەوکاتە بەشێکی زۆری کوردانی ئەوروپا،دژی ئەم دەستگیرکردنە بوون و کەوتبوونە جووڵە و خۆپیشاندان و چالاکی سیاسی.
ئەم مەسەلەیە هەر وا مایەوە، تا پاش ماوەیەکی تر، کاتێک لە هۆڵەندا دەستکرا بە دادگاییکردنی بازرگانێکی چەک " فرانس ئەنرانت" دووبارە ئەم پڕۆسەیە لەناو مێشکمدا سەریهەڵدایەوە.
ساڵی 2006 حکومەتی هۆڵەندا بە تۆمەتی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە رژێمی سەدام، بازرگانێکی چەکی هۆڵەندی بەناوی " فرانس ئەنرانت" دەستگیر کرد. ئەمەش لە میدیای کوردیی و جیهانیشدا دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە، لەوکاتەدا رێکخراوی چاک، بووبوە داینەمۆی کارو چالاکییەکان لەدژی ئەم بازرگانە و کۆمەڵێک کاری باشیان کرد. منیش لێرەوە دووبارە بیرۆکەی دادگاییکردنی کۆمپانیاکان لەناو مێشكمدا زیندوو بوویەوە. لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە قسەم لەگەڵ کاک عەلی مەحمود کرد، کە ئەوکاتە سەرۆکی رێکخراوی چاک بوو، ئەویش زۆری پێ باشبوو. من ئەوکاتە ئەندامی چاک نەبووم، لەسەر داوای ئەوان، بووم بە ئەندامی رێکخراوەکە و دواتریش بەرپرسیارێتی کۆمیتەی ئەڵمانیام وەرگرت، جگە لە بەرپرسی دۆسێی دادگاییکردنی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا.
بەداخەوە لەوکاتەدا رێکخراوی چاک، تووشی لێکترازان و کێشەی ناوخۆیی بوبۆوە، هەرچەندە کێشەکە بەرگێكی فیکریی و ئیداری هەبوو، بەڵام زیاتر مەسەلەکە پەیوەندیی بە ململانێی شەخسییەوە هەبوو. من لێرەدا نامەوێت باسی ئەو کێشانە بکەم ،چونکە پەیوەندیی بە باسەکەمانەوە نییە.
ئەوکاتە کۆمیتەی ئەڵمانیا، یەکێک بوو لە لقە گەورەکانی چاک، بەداخەوە بەهۆی کێشەو ململانێکان، بەشێکی زۆری ئەندامانی وازیان هێنابوو یان چووبونە بەشەکەی تری چاک. بەڵام لەگەڵ کۆمەڵێک برادەری ئازیز و خۆشەویست، کارمان بۆ سەرخستنی رێکخراوی چاک و دۆسێی دادگاییکردنی کۆمپانیاکان کرد، لەوکاتەدا کاک ئارێز داراپوور لە هانۆڤەر، کاک عەلی قادر و رووناک خانی هاوسەری لە کۆڵن، ئەندامی چالاکی چاک بوون، پێکەوە کۆمەڵێک چالاکی باشمان کرد.
من پێشتر ژنە پارێزەرێکی ئەڵمانیم دەناسی کە لە بواری پەنابەراندا کاری دەکرد، ژنێکی زۆر زیرەک و چالاک بوو، دۆستی گەلی کوردیش بوو. لە شاری مانهایم و هایدلبێرگ، کاری زۆری بۆ پەنابەرانی کورد کردبوو. کاتێک باسی ئەوەم بۆ کرد، کە دەمانەوێت کارێکی وا بکەین، ئەو سەرەتا پێی وتم ئەمە کارێکی زۆر مرۆڤانەیە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە کاری تێدا دەکەم، بەڵام پێشی وتم: ئەمە کارێکی ئاسان نییە چونکە ئەو کۆمپانیایانەی کە چەکو کەلووپەلی کیمیاییان بە رژێمی سەدام فرۆشتووە، رۆڵی گەورەیان لە ژیانی سیاسی و ئابووری ئەڵمانیادا هەیە و لۆبی گەورەیان لەناو دەسەڵاتدا هەیە.
بەهەرحاڵ ئێمە هەر سووربوین لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکەمان. هەر زوو دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنت، لەهەمانکاتیشدا پارەی پێویستیمان بۆ پارێزەرەکەش پەیدا کرد.
لێرەدا پێمخۆشە ئەوەش بڵێم، جگە لە پارێزەکەمان، بە رێکەوتێکی سەیر،کوڕێکی ئەڵمانیم ناسی، کە کاتی خۆی باوکی لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی کیمیایی کاری کردبوو، ئەو کوڕە باوکی زانیاریی زۆری پێدابوو لەبارەی چەکی کیمیایی و سەوداو مامەڵەی ئەو کۆمپانیایانەی ئەڵمانیا لەگەڵ رژێمی سەدام. هەروەها وەسیەتیشی بۆ کردبوو، کە دژی ئەم کۆمپانیایانە کار بکات و دۆستی کورد بێت. ئەم کوڕە تاکە ئەڵمانی بوو کە من بینیبێتم، هەستی بەتاوانی وڵاتەکەی دەکرد بەرامبەر بەگەلی کورد و دەنگی ویژدانی ئازاری دەدا و هاوکاریی زۆریشی کردین.
کۆمەڵێک بەڵگەی گرنگ
ئەو پارێزەرە ئەڵمانییە زۆر سوودمان لێ بینی، سەرەتا ئێمە واماندەزانی کارەکە ئاسانە، هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئەم جۆرە پڕۆسانەوە نەبوو، ئەو زۆر بە ووردی بۆی شیکردینەوە کە دەبێت چی بکەین. گرنگترین کاریشمان کۆکردنەوەی بەڵگەی یاسایی بوو. لەوکاتەدا من خۆم کۆمەڵێک راپۆرت و وتاری رۆژنامە و گۆڤارە ئەڵمانییەکانم دەستکەوت، کە لەبارەی رۆڵی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە هاوکارییکردنی رژێمی سەدام، نووسرا بوو، بەڵام ئەمانە زۆر گرنگ نەبوون.
باشترین بەڵگە کە ئێمە دەستمان کەوت، راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، راپۆرتێکی زۆر وورد و گشتگیر بوو، تێیدا ناوی کۆمپانیاکان، وڵاتەکانیان، جۆری کیمیایی، بڕەکەی، پارەکەشی هەموو نووسرابوو.
ئەم بەڵگەیە زۆر گرنگ بوو لە دوو لاوە، یەکەمیان: سەرچاوەی راپۆرتەکە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنێکی شەرعیی و ناسراوی جیهانە. دووەمیان: ووردەکاریی و زانیاریی زۆر باشی تێدابوو لەبارەی چەکی کیمیایی و ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە چەک و کەلووپەلی کیمیایان بە سەدام فرۆشتووە.
ئەمە بووە باشترین و سەرەکیترین بەڵگەی دەستمان، جگەلەوەش دوو راپۆرتی ترشیمان دەستکەوت. لەهەمانکاتیشدا دۆسێی فرانس ئەنراتیش لە هۆڵەندا، سوودی هەبوو بۆمان، چونکە لەو دۆسێیەدا، دانی بەوەدا نابوو کە ماددەی کیمیایی لە چەند کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کڕیوەو پاشتر بە رژێمی سەدامی فرۆشتووە، ئەمەش لەرووی یاسایییەوە سەلماندنێکی باشی تاوانی ئەو کۆمپانیایانە بوو.
لەهەمووشی گرنگتر زانیمان پێش ئێمەش، رێکخراوێکی ئەڵمانی، هەوڵی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانەی داوە، بەڵام شکستی هێناوە، ئەویش رێکخراوی مێدیکۆ بوون.
رێکخراوی مێدیکۆی ئەڵمانیی و دادگاییکردنی کۆمپانیاکان
رێکخراوی مێدیکۆ یەکێکە لە رێکخراوە مرۆییەکانی ئەڵمانیا، ئەم رێکخراوە لە ساڵی 1968 لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری چەپی ئەڵمانییەوە دروستکراوە، سەرەتا بۆ هاوکاری گەلی ڤێتنامی دروستکراوە، دواتر لەتەواوی جیهاندا کاری مرۆیان کردووە. ئەم رێکخراوە یەکەمین رێکخراوی مرۆییە کە لە کوردستانی عیراقدا کاری کردووە، لەگەڵ دەستپێکی هێرشی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، ئەم رێکخراوە هاتۆتە کوردستان و هاوکاری خەڵکی لێقەوماوی کوردی کردووە. تاماوەیەکی زۆریش لە کوردستاندا کاریان دەکرد، هەتا لە کاتی جەنگی ناوخۆدا ساڵی 1995 دا بەیانێکیان لەدژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد، چونکە ئابڵووقەی ئابووریی خستبووە سەر شارەکانی هەولێر و سلێمانیی و نەیدەهێشت ئازووقە و خۆراک بێت بۆ ئەم دوو شارە. ئەوانیش ئەم کارەیان بەتاوانی جەنگ ناساندبوو، لەسەرئەوە پارتی لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی دەریکردن، دواتریش لە 31 ئابی 1996 دا لەگەڵ داگیرکردنی هەولێر لەلایەن رژێمی سەدام و پارتییەوە، بەتەواوەتی لە کوردستاندا نەمان.
ئەم رێکخراوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا، هەوڵیدابوو دادگایی ئەو کۆمپانیایانە بکات، کە چەکو کەلوپەلی کیمیایان بە رژێمی بەعس فرۆشتووە. پڕۆسەکەش نزیکەی 4 ساڵی خایاندبوو، دواجاریش لەجیاتی کۆمپانیاکان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، کەچی دادگای ئەڵمانی، ئەمانی سزا داوە.
ئەو کۆمپانیایانە لە دادگا سکاڵایان لە رێکخراوی مێدیکۆ کردووە، کە لە میدیاکاندا ناوبانگیانی خراپ کردوون. هەربۆیە دواتر ئەمانیش وازیان لە پڕۆسەکە هێناوە. من چەندجارێک پەیوەندییم پێوەکردن کە بەڵکو هاوکارییمان بکەن، تاوەکو ئەم پڕۆسەیە بکەین، بەڵام ئەوان هیچ ئامادە نەبوون هاوکارییمان بکەن. بەڵام رێکخراوێکی ترمان دۆزیەوە، کەمێک هاوکاریی کردین ئەویش رێکخراوی وادی بوو.
رێکخراوی وادی
جگە لە رێکخراوی میدیکۆ، رێکخراوی " وادی" یش زانیاریی زۆریان لەبارەی کۆمپانیاکانەوە هەبوو. ئەم رێکخراوە لەساڵی 1991 دامەزراوەو لە کوردستانی عیراقدا کاری مرۆیی زۆریکردووە. کاتێک پەیوەندییم پێوەکردن، هاوکارییان کردین و کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاری باشیان پێداین.
کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە
لێرەدا پێمخۆشە باسی ئەو رێگرییە یاساییانە بکەم، کەئێمە رووبەڕومان بوونەوە لەکاتی پڕۆسەکەدا. گەورەترین رێگر لە دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانە ئەوەیە، ئەوان دەڵێن: راستە ئێمە ئەو ماددە کیمیاوییەمان بە رژێمی سەدام فرۆشتووە، بەڵام ئێمە بۆ کوشتنی خەڵکی سیڤیل پێمان نەفرۆشتووە بەڵکو بۆ کاری کشتوکاڵیی و دەرمانسازی پێمان فرۆشتووە. جگەلەوەش بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا هیچ بڕگەیەک یان یاسایەک نییە کە سەوداو مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رژێمی سەدام قەدەغە بکات، هەتاوەکو ساڵی 1991 کە گەمارۆی ئابووری بەسەر رژێمی سەدامدا سەپێنرا، چونکە کوێتی داگیرکردووە.
هەرچەندە بە پێی مادەیەکی دەستووری ئەڵمانیا، نابێت حکومەت چەک بەو وڵاتانە بفرۆشێت کە جەنگی تێدا روو دەدات. سەرەتا ئێمە دەمانویست سوود لەم ماددە دەستوورییە وەربگرین، بەڵام پاشان پارێزەرەکەمان پێی وتین، هەمیشە حکومەت دەتوانێت بیانویی وا بدۆزێتەوە کە خۆی لەم ماددە دستووریە رزگار بکات. راستیشی دەکرد، ئەوەتا ماوەی چەندین ساڵە ئەڵمانیا چەک بە تورکیا دەفرۆشێت، زۆرباشیش دەزانێت کە کوردی پێدەکوژێت. لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا چەکی زۆری بە سعودیە فرۆشت، لەکاتێکدا پەلاماری یەمەنی داوەو گەورەترین کارەساتی مرۆیشی رووبەڕوی ئەم وڵاتە کردۆتەوە. ئەوەتا ئێستاش بە ئاشكرا چەک بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.
تەنها دوو کۆمپانیا دادگایی کراون، ئەوانیش بەتۆمەتی ئەوەی کە خۆیان لە باج دزیوەتەوە، واتە تاوانەکەیان پەیوەندیی بە کۆمەڵکوژیییەوە نییە. لەلایەکی تریشەوە کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیا، خۆیان بەشێوەی راستەوخۆ کەلوپەل و ماددەی کیمیاویان بە رژێمی سەدام نەفرۆشتووە، بەڵکو لەرێگەی کۆمەڵێک بازرگان و کۆمپانیای بچووکەوە بووە. هەرچەندە پێشتر چ لە بەریتانیا و ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، بەپێی یاسا رێگە نەدراوە کە بە رژێمی سەدام ماددەو کەلوپەلی کیمیایی پێ بفرۆشرێت، بەڵام ئەمە لە ئەڵمانیادا بەو شێوەیە نەبووە، بۆیە رژێمی سەدامیش زۆرترین ماددەی کیمیایی لە ئەڵمانیا کڕیوە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان هیچ رێگرییەکی یاساییی و سیاسی لەدژی نەبووە. دووەمیان: بەرهەمی ئەڵمانی لە چاو وڵاتانی تر باشتر بووە( خەڵکی زیاتر کوشتووە!.)
لەلایەکی تریشەوە ئێمە کاتێک لە رێگەی پارێزەرەکەمانەوە هەوڵماندا، چاومان بە دۆسێی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانە بکەوێت، کەپێشتر رێکخراوی مێدیکۆ هەوڵی دادگاییکردنی داون، رێگەیان نەداین.
قووربانی کارەساتی کیمیاویی لە جیهاندا
دیارە لە جیهاندا پێش هەڵەبجەش چەکی کیمیاویی لە جەنگەکاندا بەکارهێنراوە، لەجەنگی یەکەمی جیهانییەوە بۆ جەنگی ڤێتنام، ئەم چەکە بەکارهێنراوە. بەتایبەتی لە جەنگی ڤێتنامدا، ئەمریکا لە زۆر شوێندا ئەم چەکەی بەکارهێناوە.
لە ساڵانی هەشتاکاندا چەند کارەساتێکی گەورەی کیمیاویی و ئەتۆمی روویاندا ، کە لێرەدا پێمخۆش ئاماژەیان پی بددەم. یەکەمیان : کارەساتی تەقینەوەی کارگەی بوپالی هیندوستان ساڵی 1984. دووەمیان: تەقینەوەی وێزگەی ئەتۆمی چێرنۆبیل 1986.
کارەساتی بوپالی هیندوستان یەکێکە لە گەورەترین کارەساتی کیمیاویی لە مێژوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس کوژران، 500 هەزار کەسیش بەرکەوتەی کیمیاویی بوون، نزیکەی 10 هەزار کەسیش پاش چەند ساڵێک بەهۆی ژەهراوی بوونەوە گیانیان لەدەستدا. ئەم کارەساتە لە مێژوودا زۆر باس دەکرێت، قووربانیانی ئەم کارگەیە کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی و هیندی Union Carbide Corporation (UCC بوو، ماوەی چەندین ساڵ خەریکی پڕۆسەی دادگاییکردن بوون. هەتا ساڵی 1989 دادگای باڵای هیندوستان سزای بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاند و داوای قەرەبووی 470 ملیۆن دۆلاری لێکرد، هەرچەندە کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەتاوەکو ئەمڕۆش دان بە تاوانی بەشداربوون لەم کارەساتە ناکات و دەڵێت هیچ پەیوەندی بەم کارەساتەوە نییە بگرە دەکەوێتە ئەستۆی بەشە هیندییەکە و ئەوان ئیهمالیان کردووە لە بواری بەکارهێنانی کەرەستەی خۆپارێزییدا.
هەرچەندە جیاوازیی زۆر لەنێوان کیمیابارانی هەڵەبجە و کارەساتی پوباڵدا هەیە، بەڵام کاتێک سەیری وێنەی قووربانیان دەکەیت، هەمان وێنەی هەڵەبجەمان بیردەهێنێتەوە، لەهەمووشی گرنگتر پڕۆسەی دادگاییکردن و قەرەبووکردنەوەی قووربانیانی ئەم کارەساتە بەلای منەوە زۆر گرنگ بوو، زانیاریی زۆریشم لەبارەوە کۆکردبۆوە.
کوڕێکی هیندی براردەم بوو، خوێندکاربوو لە زانکۆی مانهایم، قسەوباسی زۆرمان لەمبارەیەوە دەکرد، هەر لەرێگەی ئەویشەوە توانیم پەیوندیی بەو رێکخراوەوە بکەم کە هەوڵی دادگاییکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکەیان دەدا. لەوێش پارێزەرێکی زۆر زیرەکم ناسی، زانیاریی زۆری لەبارەی کورد و کارەساتی هەڵەبجەشەوە هەبوو. تاماوەیەکی زۆر پەیوەندییم مابوو لەگەڵیدا. سوودی زۆریشم لەم پارێزەرە هیندییە بینی.
دەرەنجام
لەکۆتاییدا پاش دوو ساڵ گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە واز لە دۆسێیەکە بهێنم، لەبەرئەوەی لەرووی سیستمی دادوەری ئەڵمانییەوە، زۆر زەحمەت بوو، پڕۆسەکە بکرێت، چونکە ئەو کۆمپانیایانە، رۆڵێکی گەورەیان لە ژیانی ئابووریی و سیاسی ئەڵمانیادا هەیە و لۆبییەکی باشیان لەناو سیستمی سیاسی و دادەوەریشدا هەیە. دواتریش ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە حکومەتی ئەڵمانیاش نایەوێت پڕۆسەکە سەربگرێت، چونکە لە حاڵەتی سەرکەوتنی پڕۆسەیەکی دادوەری بەو جۆرە، دەبووە مایەی ئابڕووچونی ئەڵمانیا کە بەشداربووە لە تاوانەکانی رژێمی سەدام دا، لەرووی داراییشەوە ترسیان لە مەسەلەی قەرەبووکردنەوەی قووربانیانی چەکی کیمیایی بوو.
من هەموو ئەمانەم بە برادەرانی دەستەی بەرێوبەری رێکخراوی چاک وت، ئەوەشم بۆ ڕوونکردنەوە کە جیاوازی گەورە هەبوو لە نێوان دۆسێی فرانس ئەنرات و دۆسێکەی ئێمەدا، چونکە ئەوەی فرانس ئەنرات، حکومەتی هۆڵەندی خۆی کابرای دەستگیرکردبوو، دادگایی کرد. بەڵام لە ئەڵمانیا حکومەت خۆی نەک کارێکی وا ناکات، بگرە دژی ئەو جۆرە کارانەشە. بەشێک لە برادەرانی دەستەی بەڕێوبەر پێیان باشبوو کە ئێمە هەر بەردەوام بین لە کارەکەمان.
بەڵام من گەیشتبوومە ئەو قەناعەتەی کە دۆسێکە سەرکەوتوو نابێت، هەروەها لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، تاقەتی کارکردنم لە چاک نەمابوو، بۆیە لەپاش دوو ساڵ لە کارکردن لەم دۆسێیە، وازم لە رێکخراوی چاک هێنا، دوای منیش نازانم برادەرانی تر چییان کرد.
هەرچەندە دوای ئێمە کۆمەڵێک هەوڵی تر درا، بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەو هەوڵانە سەری نەگرتووە، چونکە وەکو وتم حکومەتی ئەڵمانیا نایەوێت ئەو کارە بکرێت، لەبەرئەوەی زەرەری خۆی تێدایە.
هیوادارین رۆژێک لە رۆژان هەموو ئەو کۆمپانیایانە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، کەبەشداربوون و لە تاوانەکانی رژێمی سەدامدا.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە، ریسوایی بۆ هەموو ئەوانەی کە بەشداربوون لەم تاوانە گەورەیەدا.