• پێشەکی
کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان لە دێرزەمانەوە دابەشبونەتە سەر کۆمەڵگا جیاوازەکان لەڕووی بیرباوەڕ و ئایدۆلۆژیای سیاسی وڕچە و ڕێبازە ئابوریەکان و دابونەریت و پێکھاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، ھەریەکەشیان بەپێی سروشتی ناوچەکە و دانیشتوانەکانی و جۆری حوکمڕانیەکانیان،ئیدی ھەریەکە و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و ھوشیاری کۆمەڵگاکان و سەرکردە و خەڵکە دەستەبژێرەکەیان لە بیرمەند و فەیلەسوف و سەرکردە سیاسی و یاساییەکانیان ھەوڵیانداوە کە باشترین جۆری حوکمڕانی خاوەن بیروباوەڕێکی سیاسی دیاریکراو بگونجێنن لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا و بیکەنە سیستەمێکی جێگیر بۆ حوکمڕانیان.ئەم دابەشبوون وبیرکردنەوەجیاوازانەش وەکو ماوەی زەمەنی لەدوای سەدەکانی ناوەڕاستەوە سەریانھەڵدا و لە سەرەتای سەدەی چواردەھەمی زاینیەوە درێژەی کێشا لە ناو کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا و ئیدی سەدە دوای سەدە گەشە و ھوشیاری زیاتریان بەخۆوە دەبینی تائەوکاتەی ((سەدەی ڕابوون یان سەدەی ڕینیسانس بە ئیتالیRinascimento)) لە ئەوروپا سەریھەڵدا وەک بزوتنەوەیەکی ڕۆشنبیری کە لە ئیتالیاوە دەستیپێکرد و دواتر باڵی کێشا بەھەموو ئەوروپادا لەسەدەی پانزھەم و شانزەھەمدا((١٤٢٠ز-١٦٠٠ز)) و ئەم ڕەوت و بزوتنەوەیەش لەسەر دەستی کۆمەڵێک ھونەرمەند وبیرمەند و زانا ڕابەرایەتی دەکرا لە نمونەی ھەریەکە لە (( لیۆناردۆ دافینشی ومایکڵ ئەنجیلۆ و ڕافائیل و نیکۆلا ماکیاڤیلی و پاراسیلسۆس ومارتن دە ئەزبیلیکیتا و فرانسیس بیکۆن و گواردانو بڕۆنۆ و تۆماس کامباتیلا ونیکۆلاس کۆپەرنیکۆس و...ھتد)). لەکاتێکدا کۆمەڵگاکان و سیستەمی حوکمڕانیەکانیان بەزۆری بریتی بوە لە سیستەمی پاشایەتی ڕەھا کە سیستەمێکی چەوسێنەر و زاڵمبوە و بنەماکانی یەکسانی و برایەتی و دادپەروەری بوونیان نەبوە و مافی مرۆڤ و ڕێزی لێنەدەگیرا و نایەکسانی زاڵبوە.
دواتریش لەھەردوو سەدەکانی حەڤدە و ھەژدەشدا ((١٦٨٥ز -١٨١٥ز)) بزوتنەوەیەکی فکری فەلسەفی لە کیشوەری ئەوروپا سەریھەڵدا و ئەو سەدەیش ناونرا سەدەی ڕۆشنگەری یان لۆژیک و عەقڵ.بەھەمان شێوە ژمارەیەک لە بیرمەند و فەیلەسوف ڕابەرایەتی ئەم ڕەوت و گۆڕانکاریانەیان دەکرد لە نموونەی ھەریەکە لە (( ڤۆڵتێر و تۆماس ھۆبز و جۆن لۆک وجان جاک ڕۆسۆ و دێڤید ھیوم و... دەیانی تریش)) ،بۆئەوەی دەسەڵاتە ڕەھاکانی پاشا کەمبکەنەوە و ڕێکیبخەن بە پێی یاساکان و ئیدی گەل و کۆمەڵگاش دەنگ و ڕەنگیان ھەبێت لە بڕیاردان و چارەنوسی خۆیاندا و ببنە خاوەنی ئیڕادەیەکی ڕاستەقینە و بەھێز لەبەرامبەر دەسەڵاتە زاڵم و چەوسێنەرەکاندا.
ئەوەبوو لەو سەردەمەوە ئیدی فکر و ڕچە و ڕێبازی ئایدیای جیاواز سەریانھەڵدا و ھەموانیشیان پێکەوە داواکاری چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و برایەتی و کاری پێکەوەیی و پاراستنی ئازادیەکان و نەمانی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە و نەمانی چینایەتی و قەتیسکردنی ھەژموونی دەسەڵاتی کەنیسە و ئاین و پیاوانی ئاینی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دونیایی لەدەسەڵاتی ئاینی و دامەزراندنی دەوڵەتی ھاوڵاتی بەشێوەیەک ئازادیە گشتی و تاکەکەسیەکان ڕێزیان لێبگیرێت و مافەکانیان پێشێلنەکرێت و مافی دەنگدان و ھەڵبژاردنیان ھەبێت و سیستەمێکی حوکڕانی دیموکراتی چێبکەن لەجیاتی سیستەمە حوکمڕانیە کۆن و کلاسیکیەکانی پاشایی ڕەھا و ئەرستۆکراتی و خانەدانەکان کە چەندین سەدە کۆمەڵگاکانیان دەچەوساندنەوە.
ھەربۆیە لێرەوەڕا چەندین فکر و ئایدیای سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی نوێ سەریانھەڵدا و ھەریەکە لە جوغز و جوگرافیای جیاوازدا کەوتنە خۆ بۆ ڕێکخستن و دامەزراندنی سیستەم و حوکمڕانیەک کە بگونجێت لەگەڵ سروشت و دابونەریتی کۆمەڵگاکانیاندا و لەگەڵ ڕەوت و پێشکەوتنە پیشەسازی و کشتوکاڵی و تەکنەلۆجیاکاندا بگونجێت و قۆناغە تاریک و تونەکانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی وەلابنێت و بەرەو قۆناغی پیشەسازی و سەرمایەداری و شیوعیەت و سۆسیالیستی ھەنگاوبنێن،ھەربۆیە ھەریەکە لەو قۆناغ و سەردەم و ئایدیا و فکرە جیاوازانە چەندین زانا و بیرمەند بونە داڕێژەری تێوریی و بیروباوەڕەکان و ڕچە و ڕێبازەکان ھەریەکە بە بۆچوون و دیدگای خۆی کە لەکۆتادا مەبەستیان زامنکردنی دادپەروەری و ڕێزگرتنە لەخواستەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا مرۆڤایتیەکان بوە،جا ھەندێکیان سەرکەوتوو و ھەندێکیشیان شکستخواردبوون لە قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکاندا،بەڵام ھەمیشە لە ململانێدابوون لەگەڵ یەکتریدا بۆ زاڵبوون و چەسپاندنی بیروڕاکانیان.لەو ئایدیا باوانەی بریتی بوون لە ڕێبازی (( پارێزگاران و کرێکاران و دواتر چەپ و مارکسیزم و سۆسیالیست و سۆشیال دیموکراتی و لیبڕاڵیزم بە کلاسیکی ونوێکانیەوە و ڕادیکاڵی و فاشی و نازی و نەتەوەپەرستی و ئیسلامی و ئاینی توندڕەو و...ھتد.))،ھەموو ئەمانەش دابەشبوونە سەر دوو سیستەمی سەرمایەداری و شیوعیەت و دواتریش سۆشیال دیموکراتەکان وەکو سیستەمێکی مامناوەنجی لەنێوان ئەو دوو سیستەمە سەرەکیەدا.ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بەکورتی باسیان لێوەبکەین ھەریەکە لە ئایدۆلۆژیای مارکسیزم و لیبَڕالیزمە.
• ئایدۆلۆژیای مارکسیزم
گرنگترین پێشەنگەکانی بریتی بوون لە کارل مارکسی ئەڵمانی، فریدریش ئەنگڵس (ھاوڕێی مارکس لە دەرکردنی جاڕنامەی کۆمۆنیستی ناسراو بە مانیفێست لە ساڵی ١٨٤٧ز) و لینین، سەرکردەی شۆڕشی کۆمۆنیستی (بۆلشەڤیزم لە ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ز).
مارکسیزم فەلسەفەیەکی ماتریالیستییە کە لەو پێشمەرجە سەرھەڵدەدات کە جگە لە ماددە و جیھانی ماددی بەرجەستە ھیچ حەقیقەتێک بوونی نییە و دان بە جیھانی ڕۆحیدا نانێت و ھەر بۆیەش فەلسەفەیەکی بێدینیشە.
مارکسیستەکان پێیان وایە مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی خەباتە بۆ خاوەندارێتی لە ئامڕازەکانی بەرھەمھێنان، ململانێیەک کە لە ھەموو کات و شوێنێکدا لە نێوان چینە ئیستغلالکارەکان (خاوەنەکان) و چینە ئیستغلالکراوەکان (زەحمەتکێشان) ڕوودەدات و دەسەڵاتی سیاسی و (دەوڵەت) دیاردەیەکی کاتی و بەڕێکەوتە کە چینی ئیستغلالکار بۆ سەرکوتکردنی چینی زەحمەتکێش دروستی کردووە و موڵک و ماڵی تایبەتی خۆی لێی بپارێزێت و بەمجۆرە دەسەڵاتی سیاسی دیاردەیەکی کاتی و بەڕێکەوتە کە لە بوون و نەبوونیدا بەستراوەتەوە بە موڵک و ماڵی تایبەتەوە.
مارکس چاوەڕێی ئەوە بوو کە ململانێی نێوان بۆرژوازی (خاوەنەکان) و پرۆلیتاریا (زەحمەتکێشان یان کرێکاران و جووتیاران) بە ناچاری بە سەرکەوتنی پرۆلیتاریا و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە چنگی بۆرژوازی ئیستغلالکار تەواو ببێت، پاشان دامەزراندنی دیکتاتۆریەت کۆتایی پێبێت بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا وەک قۆناغێکی ئینتقالی و ڕاگوزەر کە لەم ماوەیەدا دەسەڵاتی سیاسی بەکاردەھێنرا بۆ تەسفیەکردنی چینە ئیستغلالکراوەکان، و کۆمەڵگا دەگەیەنێتە قۆناغی کۆمۆنیزم، کە کۆمەڵگەیەکە تەنھا یەک چین بوونی ھەیە کە ئەویش چینی (پرۆلیتاریا)یە، کە موڵک و ماڵی تایبەت نامێنێت و موڵک و ماڵی گشتی جێگەی دەگرێتەوە،ئیدی بەم شێوەیە پێویستی بە دەسەڵاتی سیاسی نامێنێت، بەو پێیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆخۆی بچووک و لاواز ودواتریش دەمرێت.
جا جێبەجێکردنی ئەو بیروباوەڕە مارکسیستە لەسەر زەمینەی واقیع و لەناو کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا یەکەمین جار لە ڕووسیا دوای شۆڕشی کۆمۆنیستی (بۆلشەفیکی) بوو بە سەرۆکایەتی لینین لە ساڵی ١٩١٧زدا، جێگای سەرنجە کە ڕووسیا لە دەستووری ساڵی ١٩٢٤ەوە بە یەکێتی سۆڤیەت ناسراوە، پاشان دوای ھەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت گەڕایەوە سەر ناوە کۆنەکەی کۆماری ڕووسیای فیدڕاڵی لە ساڵی ١٩٩١دا.جێبەجێکردنی کردارەکی مارکسیزم لەسەر بنەمای کاراکردنی باڵادەستی چینی پرۆلیتاریا و حزبەکەی (پارتی شیوعی) لە ھەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگادا بوو، بەم شێوەیە:
• لە کایەی سیاسیدا :سیستەمی مارکسیستی لەسەر یەک ئایدۆلۆژیا (مارکسیزم)، یەک حیزب (حیزبی شیوعی)، یەک پیاو (سەرۆکی حیزب) و میدیا و دەربڕینی ئاڕاستەکراو کە حزبی شیوعی ئاڕاستە و زاڵ بوو کاریدەکرد.
• لە بواری ئابووریدا: جێبەجێکردنەکەی گرێدرابوو بە کۆمۆنیزمەوە، کە خاوەندارێتی گشتی (خاوەنی دەوڵەت)ھەبوو،قۆرخکاری دەوڵەت بەسەر پرۆسەی بەرھەمھێنان و دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا ھەبوو و دروشمی بەناوبانگی مارکسیزم زاڵ بوو (لە ھەریەکەوە بەپێی توانا و بۆ ھەریەکەش بەپێی پێویستی خۆی).
• لە کایەی کۆمەڵایەتیدا: مارکسیزم پەیوەستە بە کۆمەڵگایەکی بێ چینایەتی، کۆمەڵگەیەکی تاک چینایەتی (چینی پرۆلیتاریا) و جێگای سەرنجە کە لە دەستووری سۆڤیەتدا مەرجی ئەوەی ھەبووە کە یەکێتی سۆڤیەت دەوڵەتی کرێکاران و جووتیارانە.
• لە کایەی نێودەوڵەتیدا: مارکسیزم ھەوڵدەدات بیرۆکەی ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاریا جێبەجێ بکات، واتە بۆ ئەوەی جیھان ببێتە یەک دەوڵەت، دەوڵەتی کرێکاران و جووتیاران (زەحمەتکێشان)، لەژێر دروشمی “کرێکارانی جیھان، یەکبگرن.
• ئایدۆلۆژیای لیبڕالیزم:
دەتوانرێت بەم شێوەیە پێناسە بکرێت: سیستەمێکە لە کۆمەڵێک بیرۆکەی مەزھەبی تەواو کە ئامانجیان ڕێکخستنی کۆمەڵگایە لە ھەموو سێکتەرە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەشەکانی تردا و ھەروەھا دیدێکی تایبەت بۆ جیھان دەخاتە ڕوو.
لیبرالیزم: بە واتای فرەیی دێت و گرنگترین پێشەنگەکانی بریتین لە ((جۆن لۆک و مۆنتسکیۆ و جۆن ستوارت میل)).
• لە بواری سیاسیدا: لیبڕالیزم بەستراوەتەوە بە وتەیەکی سەرەکییەوە کە دەڵێت: (فرەیی بۆچوونەکان ڕەوایە، فرەیی بەرژەوەندییەکان ڕەوایە، فرەیی ڕێکخراوەکانیش کە گوزارشت لەو بۆچوون و بەرژەوەندییانە دەکەن، ڕەوایە). بەم شێوەیە لیبڕالیزم لە کایەی سیاسیدا لەسەر بنەمای ئازادی بیروڕا، ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی بیروباوەڕ (ئاینی یان سیاسی)، ئازادی ڕادەربڕین (وەک مافی خۆپیشاندان و مانگرتن)، ئازادی ڕێکخستن (فرە حزبی و سەندیکایی) و میدیای ئازاد (بینراو، دەنگی و نووسراو) دامەزراوە.
• لە بواری ئابووریدا: لیبڕالیزم پەیوەستە بە سەرمایەداری، پیرۆزکردنی موڵکی تایبەت، کێبڕکێی ئابووری، ئابووریی بازاڕ (ئابوورییەکی ئازاد لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕوو) و بیرۆکەی دەوڵەت وەک پاسەوانێکی شەوانە، واتە کەسێک کە ڕۆڵی خۆی سنووردارە بە دابینکردنی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاساکان و ئەنجامدانی کاری ژێرخانی بەبێ دەستوەردان لە چالاکییە ئابوورییەکان. لیبڕالیزم لەسەر دروشمی بەناوبانگی (با کار بکات، با تێپەڕێت) دامەزراوە.
• لە بواری کۆمەڵایەتیدا: لیبڕالیزم پەیوەستە بە کۆمەڵگەی چینایەتییەوە، واتە کۆمەڵگەیەک کە لە سێ چین پێکدێت (چینی دەوڵەمەند - چینی ناوەڕاست - چینی ھەژار).
• لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا: لیبڕالیزم جیھانێکی فرە دەوڵەتی بە چەندین نەتەوەوە پێشبینی دەکات.
لە کۆتاییدا،چارەنوس و قەدەری کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان دابەشبونەتە سەر ئەو بیروباوەڕ و فکر و ئایدیا جیاوازانەدا،کەھەریەکەیان لایەنی باش و خراپی خۆیان ھەبوە و نەیانتوانیوە تەواوی خواستو ویست و داخوازیەکانی تاک و کۆمەڵگاکانیان وەدیبێنن لە ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و سەروەری یاسا، ھەربۆیەش کۆمەڵگای فرە چین و توێژ و نایەکسانی و پڕ ململانێی چینایەتی و دواتریش ھەڵایسانی جەنگ و ململانێ خوێناویەکان و شۆڕش و ڕاپەرینە جەماوەریەکان و کودەتا سەربازیەکان و دواتریش ڕەوت و فکرە توندڕەوە ئاینی و مەزھەبیەکانی لێکەوتۆتەوە و بە ئێستاشەوە بێت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەتلێتەوە بە کاریگەریە خراپەکانی ئەو ئایدۆلۆژیایانەوە.بەوھیوایەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بتوانێت ململانێ ناڕەوا و خوێناویەکان تێبپەڕێنێت و ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی باڵ بکێشێت بەسەر تەواوی گۆی زەویدا.
سەرچاوە:
.١ https://www.google.com
.٢https://ar.wikipedia.org
.٣https://www.islamweb.net