پارتی و میدیاکانی لۆمەی خەڵک دەکەن و گوایە لەسەر خواستی هاوڵاتیان ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەغدا کردوە؛ کە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
یەکەم، ڕێکەوتنی (حکومەتەکەی پارتی لەگەڵ بەغدا) لەسەر خواست و فشاری خەڵک نەبووە، بەڵکو لە ناچاریدا بووە. ئەگەرنا زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، زیاد لە ١٠ ساڵە نیگەرانن و تکا ئەکەن بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و فرۆشتنی نەوت بە شەفافانە و دابەشکردنی بە عادیلانە، بەبێ ئەوەی حکومەتەکەی پارتی و شەریکەکانیان گوێی پێبدەن. ئێستا کە (تورکیا و هەرێم) لە دادگای پاریس دۆڕاندویانە، پارتی بە ناچاری پەنای بۆ بەغدا بردوە، نەک لەبەر ویستی خەڵک.
دووهەم، (پارتی و حکومەتەکەی) پەیمانشکێنن و ئامادە نین (٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت) ڕادەستی عێراق بکەن. لەبەرامبەریشدا عێراق ئامادە نیە (مووچە) بنێرێت. ئێستا پارتی و شەریکەکانیان تەنها (٨٠ هەزار بەرمیل) تەسلیمی عێراق دەکەن و باقیەکەی بە تەنکەر لە ڕێی تورکیا و ئێرانەوە بە قاچاخ دەفرۆشن.
پارتی دەیەوێت بەشێکی زۆر لە نەوتەکە وەکو جاران، داهاتەکەی بە ناوی خەرجی وەهمیەوە ونبکات و نەیخاتە خەزێنەی حکومەتەوە. هەروەها دەیەوێت کۆمپانیای کار وەکو جاران بە ملیارەها دۆلاری دەستبکەوێت لە گواستنەوەی نەوتدا، کە لە جیهاندا ڕوینەداوە بۆری نەوت سەر بە کۆمپانیا و کەرتی تایبەت بێت.
سێهەم، (شەیتان لە وردەکاری) ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەدایە؛ کە لە تاریکیدایە و نەچۆتە بەردەستی خەڵک و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەهۆی دانوستانەکانی (هەرێم وتورکیا و عێراق)، تا ڕادەیەک ڕون بۆتەوە کە (بەدەر لەو کۆمپانیا ئەهلیانەی تورکیا کە لە دەرهێنانی نەوتی هەرێمدا کار دەکەن)، کۆمپانیای بۆتاشی حکومی تورکی (Botas) لە هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە نزیکەیی (١٧ دۆلار)ی دەستکەوتوە ( ١١ دۆلار داشکاندن + ٦ دۆلار بۆ گواستنەوە)؛ لە کاتێکدا (عێراق) بۆ هەر بەرمیلێک نەوت (١ دۆلار و ٢٠ سەنت) ئەدات بە تورکیا.
واتە تورکیا ڕاهاتووە بەو گەندەڵی و پارە زۆرەی هەرێم؛ دەیەوێت فەرهودەکەی لەگەڵ بەغداشدا بۆ بچێتە سەر. بۆیە تورکیا لە ڕێی پارتیەوە هەوڵی دروستکردنی فیتنەی تائیفی و شکستی ڕێکەوتنەکە ئەدات. بێگومان ڕێکەوتنەکە دیوی ئەمنیشی هەیە کە بریتیە لەوەی (تورکیا و پارتی) پشتوپەنای یەکبن بۆ ڕاوەدونانی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان. خۆناچەمێنین و دروشمە ساختەکانیش تەنها ئامرازێکن بۆ شاردنەوەی ئەم حەقیقەتە تاڵە.
بەشێکی دادگاکەی پاریس لەسەر ئەوەیە کە (هەرێم و تورکیا)، بۆریەکەی (عێراق)یان بەکارهێناوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی وەربگرن. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە ڕەنگە (تورکیا) بۆریەکی تازە دروست بکات بۆ ئەوەی پێویستیان بە بۆریەکەی عێراق نەبێت. پارتیش کات بکوژێت و بەقەرزیش بێت پارەی مووچە لە بەغدا بسەنێت، هەتا بۆریەکە تەواو دەبێت و دیسان سەرکێشانە بێمنەت بێتەوە بەرامبەر بەغدا.
چوارەم، حکومەتی هەرێم پێشینەی هەیە لە پەیمانشکێنیدا. ساڵی ٢٠١٥ حکومەتی هەرێم لەگەڵ عێراقدا ڕێکەوت و لە یاسای موازەنەدا جێگیرکرا کە (٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت) لەژێر سەرپەرشتی سۆمۆدا بفرۆشێت (٣٠٠ هەزاری کەرکوک و ٢٥٠ هەزاری هەرێم) و لەبەرامبەردا (١٧% ی بودجەی عێراق) بۆ هەرێم بنێرێت.
حکومەتی هەرێم ئەو ڕێکەوتنەشی پێشێل کرد و پشتی کردە عێراق و ڕویکردە تورکیا، و ئەم کارەساتەشی ناولێنا (ئابوری سەربەخۆ)؛ کە تێیدا چینێک بوون بە ملیاردێر بەسەر میللەتێکی هەژارەوە. لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بێمنەت بوون بەرامبەر بەغدا، هەتا لە ڕێی دادگای پاریسەوە، دەرگاکان بە ڕویاندا داخرا.
لەم ڕێکەوتنە ناچاریەدا، سەرۆکی حکومەت چووە بەغدا و وەکو سەرکەوتنێکی گەورەی خۆیان بە خەڵکیان فرۆشتەوە؛ بەڵام کە بە پیلانی (تورکیا و پارتی) شکستی هێنا، تاوانەکەی دەخەنە ئەستۆی بەغدا و دەبێت خەڵکی کوردستان باجەکەی بدەن. لەو پێناوەشدا (سۆزی نیشتیمانی) خەڵک دەجوڵێنن.
پێنجەم، ئەگەر مەسەلە (کوردایەتی)یە، ئەی بۆ چەندین ساڵە میللەتی کورد لە داهاتی نەوت بێبەش بووە؟! بۆ لە کاتی ڕۆشتنی نەوت و دەوڵەمەندی و خۆشیدا، تەنها خێرەکەی بۆ حیزبێک و بنەماڵەیەک و شەریکەکانیانە، بەڵام کە نەوتەکە وەستێنرا، ئیتر ئەبێت میللەت باجەکەی بدات و بە جوڵاندنی سۆزی نیشتیمانی و تەفرەدان، خەڵک بە کوشت بدرێت؟! کوردایەتیەک دەزگا هەواڵگریەکانی بێگانە بیجوڵێنن ئەبێت چ کوردایەتیەک بێت؟!
چارەسەری دروست ئەوەیە کە ڕێکەوتنەکە جێبەجێبکرێت و هەرێمی کوردستان (٤٠٠ هەزار بەرمیلەکە) لەژێر سەرپەرشتی (سۆمۆ)دا بفرۆشرێت و هیچ بیانویەک بۆ بەغدا نەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی هەموو مانگێک بودجە بێت و موچەخۆران لە کاتی خۆیدا موچە و مافی خۆیان وەرگرن. بەڵام بێگومان ئەمە دروکەوتنەوەی ئەوێت لە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی، کە بۆ پارتی ئەستەمە.