پێشنۆرەیی هەرە سەرەکی ئێستا، ژیانو بژێوی شکۆمەندانەی هاوڵاتیانە: لەپەراوێزی وتەکانی سەرۆکی حکوومەتدا!
ئەنوەر حەمە عەلی
2020-05-23   941
هیچ یەکێک لە کابینەکانی حکومەت نەیوتوە کە چاکاسازی ناکات و پیلانی بۆی نییە!. لە کوردستانی باشوور بەردەکە بە شێوەیەک کەوتۆتە ناو گۆمەکەوە، کە زۆر زەحمەتە بە حکومەتی حیزبەکان و نییەت پاکی بهێنرێەتە دەرەوە. ئەمە پێویستی بە بەشداری و بەرپرسیاریەتی راستەقینە و ڕاستە وخۆی هاووڵاتیان هەیە لە ڕێکخستنەوەی جومگەکانی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان. ئەمە پێویستی بە دابڕانێکی تەواوەتی هەیە لەو مێژووە سیاسیەی کە حکومەتی هەرێمی پەلکێش کردووە تا ئەم بارودۆخەی ئێستا. درێژ کردنەوەی ئەو مێژووە سیاسییە لە ناو پیلانکەنی چاکسازیدا ئەم بەردەی وا بە ئاسانی بۆدەرناهێنرێتەوە. پێشنۆرەیی هەرە سەرکی ئێستا لە هەرێمی کوردستان، گەرەنتیکردنی ژیان و بژێوی هاوڵاتییانە وەک و مافێکی هاوڵاتی بوون و دەرهێنانیانە لەو دڵەڕاوکێیەی ئێستا، کە ژیانی تاڵ کردون و بێومێدی کردوون. لە پەراوێزی ووتەکانی سەرۆکی حکومەت، دوا بەشی وتارێکی درێژم لە سەر ئافاتەکانی مووچەبازی، کە دە ڕۆژلەمەوبەر بڵاو کرایەوە، لە خوارەوە جارێکی تر دا ئەنێم.
کۆمکاری هەرەوەزی بۆ بژێوییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان: دەروازەیەک بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی "لامەرکەزی"!
خەڵکی کوردستان نە پشوویان بە درێژی ماوەتەوە و نە باوەڕی گەورەیان بەوە هەیە کە سیاسەت ژیانیان باشتر بکات. دۆخی کوردستان ئێستا ئەتوانرێت وەک و فڕۆکەیەک وێنا بکرێت کە لە بەربونەوەیەکی خێرادایە. پایلۆتەکانی لە بەر دووبەرەکی سەریان ناپەرژێتە ئاراستە کردنەوەی فڕۆکەکە و کۆمەڵێ هۆتێسیان (خزمەتکاریان) داناوە کە خەڵکی ناوفڕۆکەکە مەشگوڵ بکەن یان ئارام بکەنەوە. بەڵام فڕۆکەکە لە هەر ئان و ساتێکدابێت ڕەنگە بەر زەوی بکەوێت و بتەقێتەوە !
تەقینەوە یەکجار نەخوازراوە بۆ کوردستانی باشور و کارەساتی گەورە بە دوای خۆیدا ئەهێنێ! کوردستانی باشور تونس نابێت! کوردستانی باشور، زیاتر و خراپتر، لیبیا و سوریا ئەبێت. ڕێککەوتنیش لە گەڵ ئێراق، گەرەنتی ژیانی خەڵک ناکات چونکە دەرهاویشتەکانی قەیرانی کۆرۆنا، ڕەنگە دونیا بخەنە ناو قەیرانێکی ئابوری بێ پێشینەوە و ئێراقیش بەم بارودۆخەی ئێستاوە یەکێک ئەبێت لە بەرکەوتووە هەرە خراپەکانی ئەم قەیرانانە چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی نەوتە.
نرخی نەوت، بە وتەی پسپۆڕان نەک بازرگانانی نەوت، ناگەڕێتەوە ئاستی پێش کۆرۆنا. با ڕۆژنامەنوسانی ئێمە لەم ڕاستییە بکۆڵنەوەو خەڵکی کوردستانی بە جوانی لێ ئاگادار بکەن. ئەگەر حکومەت خۆی بۆ ئەو قەیرانە چاوڕوان کراوانە ئامادە ناکات، با خەڵک خۆی بۆ ئامادە بکات!.
دوای قەیرانی ئابووری دونیایی ساڵی ١٩٢٩، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا توشی پشێوییەکی ناوخۆیی مەترسیداربوون لەتاوی بێکاری و برسێتیدا (بڕوانە مێژووی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە دوای ئەم ساڵانەدا). لەم تەجەرەبەیەوە، ئەم وڵاتانە لەوە تێگەیشتن "کە سفرەی پڕ ئاشتی ماڵە". سیستمی بیمەی بێکاری و سۆشیالیان، بەرەبەرە، دروست کرد و ڕێک خست تا قەیرانە ئابوریەکانی داهاتو، ئاشتی ناوخۆیان نە خاتە مەترسییەوە. من لەو بڕوایەدام، کە پێشنۆرەیی هەرە سەرەکی ئێستا لە کوردستان، بژێوی خەڵکە، ئامادەکردنی سیستمێکە کە ژیانی خەڵک گەرەنتی بکات لە گریمانەی قەیرانە ئابورییەکانی دوونیای دوای کۆرۆنادا.
شێرپەنجەی سەرەکی کوردستان مووچەبازییە و لە سەرەوە ئاماژەم بە مشتێکی دا. پێش نۆرەیی بۆ ستراتیژێکە کە دەست ببات بۆ داڕماندنی سترەکچەری مووچەبازی و هۆکارەکانی. پێش نۆرەیی "لامەرکەزی" ئەبێت بۆ گەرەنتیکردنی بژێوییە سەرتاییەکانی خەڵک بێت و گێڕانەوی هەستی هاووڵاتی بوون و وابستەیی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.
ئەکرێت دەزگایەک بۆ ئەم مەبەستە دروست بکرێت، دەزگایەک نەک بۆ ئاشکرا کردنی ناوی بندیوار، حکومەت و سوپا خانە نشینکراوەکان و ئەوانی تر لە ژێر ناوی جیاجیادا. ئەمە ئاسنی سارد کوتانە. وەک و لە شوێنی دی ئاماژەم پێدا، ئەبێ دەست بۆ ئەوجیۆ پۆلیتیکە و ئەو مێژووە سیاسییە ببرێت کە ئافاتی مووچەبازی و ئەمانەی دروست کردووە.
لە ئێستادا ئەکرێت کۆمکارێک یان بەڕێوە بەرایەتییەکی سەربەخۆ بۆ بژێوی سەرتایی خەڵکی کوردستان پێک بهێنرێت. بندیوارەکانی پارتە سیاسییەکان و ئەوانی تر لە ژێر هەرناوێکدا بندیوار کراون بخرێنە سەر ئەم کۆمکارە. ئەم کۆمکارە پێداچونەوەیان بۆ بکات و ئەو خێزانانەی کە پێویستیان بە داهاتێکە بۆ بژێوی سەرەتایی ژیانیان، لە ژێر ئەم ناوەدا مووچەکەیان بۆ بۆڕێک بخرێتەوە و خەڵکی کوردستان، پارتە سیاسیەکان و حکومەت لەم بەڵایە ڕزگار بکرێن. ئەوانەشی داهاتی تریان هەیەو پێویستیان بەمە نییە بۆ بژێوی سەرەتاییان، پێیان بوترێت هەتا ئێستا خواردوتانە و بڕۆن ئێستا. بە سەردیواری، خزمەتی فکر و پارتی سیاسی خۆتان بکەن. پارتە سیاسیەکان ئەبێت ئەم بەهەدەر دانەی سامانی گشتی وەک و قەرز بدەنەوە بە خەڵکی کوردستان لە ڕێی ئەم کۆمکارەوە. ئەم کۆمکارە ئەکرێت سیستمێکی هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆی هەبێت و وەک و مەرج، خەڵکی بێلایەن بەڕێوەی بەرن. باجێکی تایبەت بەم کۆمکارە بخرێتە سەر کۆمپانیاکان و بەشێک لە بووجەی ناوخۆی بۆ دیاری بکرێت. هەمو ئەو هاوکاریانەی لە لایەن خەڵکی تایبەتەوە، ڕێکخراو و دەوڵەتەکان بۆ بژێوی خەڵکی کوردستان ئەدرێت، ئەم ڕێکخرواە بەرپرسیار بێ لێی نەک حکومەت، پارتی سیاسی و ڕێکخراوی بندیواری ئەم پارتانە.
ئەم بەڕیوە بەرایەتییە ئەتوانێ لق و وۆرک شۆپ بۆ سازدانەوە وبەکارهێنانەوەوەی ئەو کەرەستانەی، کە خەڵکانێک پێویستی پێیان نامێنێ ، بنیات بنێ و بە بە نرخێکی ڕەمزی بە خێزانە کەم دەرامەتەکانی بفرۆشێتەوە یان پێشکەشیانی بکات. ئەم ڕێکخراوە، داهاتێکی کەمترین و گەرەنتی کراو بۆ ژیان، بە پێی ئەلگۆریتمی گونجاو، بۆ هەر خێزانێک کە پێویستی ئەبێت لە قۆناغێکدا، وەک و مافی هاوڵاتی دیاری بکات و بیکات بە یاسایەکی گشتگیر نەک خێر و سەدەقە. کۆمکار بەرپرسیار بێت لە ستۆکی خواردەمەنی و پارە بۆ ماوەی دیریکراو بەپێی پێشبینی قەیرانەکان.
دەکرێت بۆ دونیای کوڵتوریش هەمان شێوەی کۆمکاری سەربەخۆ پێک بهێنرێت و کوڵتور و ئیدارەدانی کوڵتور و ڕێزلێنانی ئەکتەرە دیارەکانی بدرێتەوە دەستی هاووڵاتیان. دێتایەڵ و ناواخنەکانی پەیڕەو پرۆگرامی وەها کۆمکارێک ئەتوانرێ شەن و کەوی زیاتر بکرێن.
وەکو کورتەی ئەم بەشە، من نامەوێت بڵێم وەها کۆمکارێکی هەرەوەزی گۆچانێکی سیحرییەو و چارەسەری ئەو قەیرانانە ئەکات کە بە درێژای ٢٩ ساڵی ڕابوردو بەرهەم هاتوون. کۆمکارێکی لەو بابەتە بۆ ئارەستەکردنەوەی فڕۆکەکەیە و لە تەقینەوەی خەتەرناک دووری بخاتەوە. قەیرانەکانی تر، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆر و بە تایبەتی باوەڕو پشتیوانی خەڵک بە و کارانەی کە لە داهاتودا ئەکرێت هەیە. ئەم کۆمکارە هەرەوەزییە، ئەکرێت سەرەتایەک بێ تا خەڵکی کوردستان، گیانی هاوڵاتی بوون و شکۆیان بۆ بگێڕدرێتەوە . بە بێ دەزگایەکی لەو بابەتەو سەربەخۆ، خەڵک ناتوانێت نە پشوو درێژ بێت وە نە پشتیوانی گرنگی ئەوانە بن کە پیلانەکانی تر بۆ دەرچون لە قەیرانەکانی تر دادەڕێژن و سەریان ئەخەن لە بەرامبەرهەر بەرگرییەکی ناوەکی و دەرەکی!